ئیتاڵیا دەیەوێت گرێی سەرنەکەوتن بۆ مۆندیال بکاتەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئیتاڵیا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یارییەکانی پاشکۆی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 لە کیشوەری ئەورووپا بەڕێوەدەچن، هەڵبژاردەی ئیتاڵیا لە یاریگەی خۆیدا یاریی دەکات و دەیەوێت هەنگاوێکی گرنگ لە گەیشتن بە مۆندیال نزیکببێتەوە.
 
لە قۆناخی پێشکۆتایی پاشکۆی گەیشتن بە مۆندیال، ئەمشەو کاژێر 22:45 هەڵبژاردەی ئیتاڵیا لە بێرگامۆ میوانداریی هەڵبژاردەی ئێرلەندای باکوور دەکات، ئازووری لە دوو مۆندیالی رابردوودا نەیتوانیووە سەربکەوێت و جگە لە رکابەریکردن لەسەر کۆتاییهێنان بە چاوەڕوانیی هاندەرانی بۆ گەڕانەوە بۆ نێو هەڵبژاردە گەورەکانی جیهان، هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە.
 
ئیتاڵیا رۆژی چوارشەممە دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکە ئەنجامدا، تیپەکەی جینارۆ گاتوسۆ دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی بگاتە قۆناخی کۆتایی پاشکۆی پاڵاوتنەکان.
 
ئازووری پێشتر 11 یاریی بەرامبەر هەڵبژاردەی ئێرلەندای باکوور ئەنجامداوە، 7 جار سەرکەوتنی بەرامبەر هەڵبژاردەکە بەدەستهێناوە، تەنیا یەکجار بەرامبەر ئەو هەڵبژاردەیە دۆڕاوە و سێجاریش هەردوو تیپ یەکسانبوون.
 
بەهۆی پێکانەوە هەڵبژاردەی ئیتاڵیا لە تواناکانی هەریەکە لە فێدریکۆ کیێزا و جیانلوکا ساکاماکا بێبەش دەبێت.
 
پێشتر ئێرلەندای باکوور سێجار بەشداریی لە مۆندیالدا کردووە، ساڵی 1958 گەیشتە قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکە، بەڵام لە 1986ـەوە بەشداریی لە هیچ مۆندیالێکدا نەکردووە و 40 ساڵە لە پاڵەوانێتییەکەوە دوورە.
 
براوەی یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئیتاڵیا و ئێرلەندای باکووری بەرامبەر براوەی یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی وێڵز و بۆسنە یاریی دەکات و رۆژی 31ـی مانگ یارییەکە ئەنجامدەدرێت.
 
ئیتاڵیا 18 جار بەشداریی لە مۆندیالدا کردووە، خاوەنی چوار نازناوی پاڵەوانێتییەکەیە، بەڵام لە ماوەی دوو مۆندیالی رابردوودا لە رووسیا و قەتەر نەیتوانی سەرکەوتوو بێت و بەشداریی نەکرد، ئێستا هەمووان لە ئیتاڵیا چاوەڕێی کردنەوەی ئەو گرێیە دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە