رووداو دیجیتاڵ
دوای یەکسانبوونی ئامەدسپۆر لە یاریگەی خۆیدا و بەتایبەتیش کە لە خولەکی 94ی یارییەکەیدا گۆڵی یەکسانبوونی لێکرا و لە لێواری گەیشتن بە خەونەکەی گەڕێندرایەوە، راهێنەرەکەی لە بەردەم دەزگا میدیاییەکاندا بە زۆر هەوڵی کۆنترۆڵکردنی تووڕەیی خۆی دەکرد و سەرسوڕمانی خۆی نیشاندا.
یانەی ئامەدسپۆر ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 26-4-2026 لە یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی بۆدڕوم سپۆری کرد و یارییەکی پڕ رکابەرییان کرد.
ئەگەرچی لە خولەکی پێنجی یارییەکەوە ئایتەمور، یاریزانی بۆدڕوم سپۆر بە کارتی سوور دەرکرا و لە خولەکی 64ی یارییەکەدا دانیێل مۆرێنۆ ئامەدسپۆری بە گۆڵێک پێشخست، بەڵام لە خولەکی 94ی یارییەکەدا فورقان ئاپایدین گۆڵی یەکسانبوونی بۆ بۆدڕوم سپۆر تۆمارکرد و یارییەکە بە 1-1 کۆتاییهات.
دوای یارییەکە مەسعود بەقاڵ، راهێنەری یانەی ئامەدسپۆر بە تووڕەییەوە هاتە بەردەم کامێراکان و گوتی: "ئێستا ئەگەر شتێک لە دەمم دەربچێ داوای لێبووردن دەکەم. بەڕاستی ئێستا هەوڵدەدەم ئارام بم. ئەوان لە خولەکی پێنجەوە بە 10 یاریزان یارییان کرد. ئەوە قبووڵ دەکەم کە سترێس هەبوو. گۆڵیشمان کرد، بەڵام دوایین خولەک گۆڵمان لێکرا."
گوتیشی: "بەڕاستی حەپەساوم! لە ماڵی خۆمان و بەرامبەر 10 یاریزان! من ئەوە دەڵێم کە باش یاریمان نەکرد. من دەڵێم لە پێشەوە یاری بکەن، کەچی یاریزانانمان تۆپ دەگەرێننەوە دواوە. کاتێک ئەوەندە گوشار دەکرێت، ئەمەیە دادپەروەریی تۆپی پێ".
ئەگەر یاریی داهاتوو بباتەوە، دەچێتە سوپەرلیگ
بەهۆی ئەوەی یانەی ئەسەنلەر ئەڕۆک سپۆر کە رکابەری ئامەدسپۆرە، بەرامبەر یانەی ساڕیەرسپۆر دۆڕا، ئامەدسپۆر هیوای بۆ گەڕایەوە. ئێستا هەریەک لە ئامەدسپۆر و ئەسەنلەر ئەڕۆک سپۆر 73 خاڵیان هەیە.
هەفتەی داهاتوو کە دوایین هەفتەی خولی یانە پلەیەکەکانی تورکیایە، ئامەدسپۆر دەبێتە میوانی ئیدرسپۆری 12مینی خولەکە و یانەی ئەڕۆک سپۆر میوانداریی یانەی پەندیک سپۆر دەکات. پەندیک سپۆر لە پلەی شەشەمی ریزبەندییەکەدایە بە هەموو توانایەوە هەوڵی گەیشتن بە یارییەکانی پاشکۆی گەیشتن بە سوپەرلیگ دەدات. هەر بۆیە چاوەڕێ دەکرێ رکابەرییەکی تووند لە یارییەکەدا ببینرێ.
ئەگەر ئامەدسپۆر لە ئیدر سپۆر بباتەوە، بە بێ چاوەڕێ کردنی یارییەکەی ئەڕۆک سپۆر، راستەوخۆ سەردەکەوی بۆ خولی سوپەرلیگ. بەڵام یەکسان بوون یان دۆڕانی ئامەدسپۆر و بردنەوەی ئەڕۆک سپۆر، وادەکات ئەڕۆک سپۆر راستەوخۆ بچێتە سوپەرلیگ و ئامەدسپۆر لەگەڵ پێنج یانەی دیکە بکەوێتە رکابەری کە لە ئەنجامدا یەکێکیان دەڕۆنە سوپەرلیگ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ