رووداوى وه‌رزشی ـ سلێمانى
راهێنه‌رى یانه‌ى سلێمانى به (رووداوى وه‌رزشى) راگه‌یاند كه یانه‌ى سلێمانى له‌سه‌ر بنه‌ماكانى ئاماده‌كردن بۆ خولى بژارده ئاماده نه‌كراوه‌و گوتى "ئه‌م شكسته یه‌ك له‌دواى یه‌كانه‌ی یانه‌كه‌شمان كارێكى سروشتییه".
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ى یانه‌ى سلێمانى كه‌مپێكى مه‌شقى له وڵاتى توركیا ئه‌نجامداوه‌و چه‌ند یاریزانێكیشی هێناوه‌ته ریزه‌كانى خۆی، له 3 یارى له‌سه‌ریه‌ك له خولى بژارده‌ى عێراقدا به‌رامبه‌ر هه‌ریه‌ك له یانه‌كانى جه‌وییه، مه‌سافى و دهۆك دووچارى شكست بووه. به‌ڵام باسم قاسمی راهێنه‌ر ئه‌وه به‌كارێكی سروشتی ده‌زانێت و پاساو بۆ ئه‌و دۆڕانانه‌ى ده‌هێنێته‌وه.
ئه‌و له لێدوانێكی تایبه‌ت به (رووداوى وه‌رزشی)دا راگه‌یاند كه هۆكاره‌كانى ئه‌و ئاست و ئه‌نجامه خراپانه‌ى یانه‌ى سلێمانى ئاماده‌نه‌كردنى ئه‌و یانه‌یه بووه له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كى راست و گوتى "هه‌ندێك بنه‌ماى ئاماده‌كارى تیپه‌كه‌مان وه‌ك پێویست نه‌بوونه، ئه‌وه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ى هه‌بووه له‌سه‌ر ئاستى یاریزانه‌كانمان و یانه‌ى سلێمانى، ئاماده‌كردنى هه‌ر تیپێكیش بۆ خوله‌كان بڕینى نیوه‌ى یارییه‌كانى خوله‌كه‌یه". هه‌روه‌ها گوتیشی "ئێمه وه‌ك یانه‌ى سلێمانى سه‌ره‌تا ژماره‌ى یاریزانه‌كانمان زۆر كه‌م بوو، ته‌نیا 16یاریزان بوو، ئه‌وه‌ش رێژه‌یه‌كى زۆر كه‌مه له‌چاو یانه‌كانى دیكه‌ی وه‌ك شورته، جه‌وییه، زه‌ورا، هه‌ولێر و دهۆك كه هه‌ریه‌كه‌یان خاوه‌نى زیاتر له 35 یاریزانه، بۆیه ئه‌وه واى له ئێمه كردووه ئێستا باجه‌كه‌ى بده‌ین".
ئه‌و بارودۆخه ناڵه‌باره‌ى یانه‌ى سلێمانى وا له باسم قاسم ناكات خۆبه‌ده‌سته‌وه بدات، چونكه ئه‌و پێشتر زانیویه‌تى رووبه‌ڕووى ئه‌و بارودۆخه ده‌بێته‌وه‌و پێویسته كار بۆ چاككردنى بكات "من پێشتر ده‌مزانى كاتێك ئه‌ركی راهێنه‌رایه‌تى یانه‌ى سلێمانى وه‌رده‌گرم تووشى ئه‌م گرفتانه ده‌بم، ئه‌وه بۆ من شتێكى نوێ نییه، شتێكى زۆر سروشتییه‌و هه‌وڵده‌ده‌ین به‌سه‌ر ئه‌م بارودۆخه‌ى ئێستاى یانه‌كه‌ماندا زاڵ بین". هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "ئێمه پلانمان ده‌بێت بۆ یارییه‌كانى داهاتوو، كه له‌وانه‌یه له‌م پلانه‌شدا تووشى شكستى دیكه‌ش ببین، به‌ڵام تاكه ئامانجمان ئه‌وه‌یه چۆن بتوانین ئه‌مساڵ بمێنینه‌وه، تاكه ئامانجمان مانه‌وه‌یه له خولی بژارده‌ى عێراقدا، چونكه ئێمه به به‌شێوه‌یه‌كى عاتیفى بیر ناكه‌ینه‌وه، به‌ڵكو به‌شێوه‌ى هونه‌رى بیر ده‌كه‌ینه‌وه‌و تیپه‌كه‌مان له‌م بارودۆخه خراپه رزگار ده‌كه‌ین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ