رووداو هەولێر
باسم قاسم، راهێنەری نوێی یانەی هەولێر لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو سپۆرتس، باسی رەوشی تیپەکەی و پلانەکانی بۆ وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق کرد و گوتی "ئێمە هیچ کاتێک باسی ئەوەمان نەکردووە کە رکابەری لەسەر نازناوی خولی ئەستێرەکانی عێراق بکەین". هەروەها گوتی "بەڵێنمان لە یاریزانێکی ئەرجەنتینی وەرگرتبوو، بەڵام بەهۆی دەستتێوەردانەکان دانوستاندنەکان وەستان".
ئەمەی خوارەوە تەواوی لێدوانەکانی باسم قاسمە بۆ رووداو سپۆرتس:
ئێمە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی و لە گفتوگۆمان لەگەڵ برایانی دەستەی کارگێڕیش لەسەرئەوە رێکەوتووین کە یەکێک بین لە شەش تیپەکەی پێشەنگ، ئێمە هیچ کاتێک باسی ئەوەمان نەکردووە کە رکابەری بکەین، ئەگەرچی ویستی ئەوەمان هەیە و مافی هاندەرانیشە کە ویستی ئەوەیان هەبێت، بەڵام دەبێ بەلۆژیک و بەپێی راستییەکان کاربکەین و من نامەوێت یاریی بەهەست و ویستی هاندەرەکانمان بکەم، چونکە تیپێک کە بەو درەنگییە دەستی بەئامادەسازیی کردبێت و ئەگەر لەگەڵ درەنگ دەستپێکردنەکەدا لانیکەم لەسەدا 40 تاوەکو پەنجا یان حەفتای یاریزانە کۆنەکانی هێشتبێتەوە دەکرێ لە دۆخێکی باشتردا بێت، بەڵام ئێمە وێڕای دواکەوتنەکە و درەنگ دەستپێکردنەکەش، تەنیا بیست لەسەدی یاریزانەکانی پێشوومان هێشتووەتەوە، ئێمە تەنیا پێنج تاوەکو شەش یاریزانی پێشترمان هێشتووەتەوە و نزیکەی 17 یاریزانی نوێمان هەیە، هەربۆیە لەسایەی ئەم دۆخەدا دەبێ بەروونی و بەراشکاوانە قسە لەگەڵ هاندەرەکانمان بکەین و من پێشتریش گوتوومە هەولێر ئێستا لە دۆخێکدایە هاوشێوەی ئەو دۆخەی دهۆک لە 2006 و 2007 هەیبوو، ئەوکات من کاتێک تیپەکەم وەرگرت لە پلەی 14 یان 17 بوو، ئێستا هەولێر هەمان دۆخی هەیە و ئێمە دەبێ سەرلەنۆێ تیپەکە دروست بکەینەوە و تیپێکی نوێ دروست بکەین و دوای ئەوە لە وەرزی داهاتوودا ئێمە لە شەش پێشەنگەکە بین و پاشان پشتبەخوا هاوشێوەی ئەوەی لەگەڵ دهۆک کردمان وەرزی دواتر لە چوارەم بین و پاشان دەرچین بەرەو بردنەوەی نازناوەکە. ئەمە تێڕوانینێکی لۆژیکییە و پێموانییە هیچ راهێنەرێک هەبێت بتوانێت بەپێچەوانەی ئەم لۆژیکەوە کاربکات، بەڵام وێڕای ئەوەش من دووپاتیدەکەمەوە کە ویست مافی خۆمانە و هیوادارم هەمووان لەوە تێبگەن کە دۆخی هەولێر چۆنە و چۆن دەناڵێنێت و پشتمان بگرن و لەگەڵمان بن و من بەڵێنیش بەهاندەرانی هەولێر دەدەم کە هەنگاوەکانمان بەپلان و پاش بیرلێکردنەوە دەبێت، تاوەکو هەولێر بگەڕێتەوە بۆ دەستکەوتەکانی و ئێمەش گرەو لەسەر ئەوە دەکەین.
لە راستیدا کارەکە لە دەستنیشانکردنی یاریزانی نێوخۆیی ئەوەیە کە ئێمە لەکاتی وەرگرتنی ئەرکەکەدا بینیمان کە راستییەکە ئەوەیە، یانەکان تەنانەت بەر لە کۆتایی هاتنی وەرز گرێبەست لەگەڵ یاریزانی نوێ دەکەن، کەچی ئێمە تەنانەت پاش ئەو هەموو دواکەوتن و دوای درەنگ دەستپێکردن و نزیکبوونەوە لە دەستپێکردنی وەرزی نوێ، ئینجا بێی یاریزانی نێوخۆیی بهێنیت، ئەوکات بەدڵنیاییەوە دەبینی گۆڕەپانەکە چۆڵبووە و یاریزان نەماوە، هەربۆیە ئێستا هەڵبژاردنەکەنمان لەسەر بنەمای ئەوانەیە کە بەردەستن، تەنانەت ناتوانم ناوی بنێم هەڵبژاردن، چونکە هەڵبژاردن ئەوکاتەیە کە تۆ باشترین هەڵدەبژێریت، بەڵام ئێمە ئەوەمان نەبوو و دەستمان بۆ ئەوانەبرد کە لە گۆڕەپانەکەدا هەبوون و من راشکاوانە بڵێم یاریزانم بەناچاری نەهێناوە، بەڵکو یاریزانم بەکوالیتی دیاریکراو هێناوە کە دەتوانن ئەم قۆناخەمان لەگەڵدا تێپەڕێنن و بەدڵنیاییەوە ئەگەر کاتمان هەبووایە یاریزانی کوالیتی باشترمان دەهێنا.
هەمان شت بۆ یاریزانە پیشەگەرەکانیش راستە، من راشکاوانە بڵێم ئیستا یاریزانە پیشەگەرەکان زۆرینەیان بوونەتە بار و قورسایی بەسەر راهێنەرانەوە، چونکە زۆرینەی پیشەگەرەکان ئەگەر بەهۆی پارەوە نەبێت نایەن، بەڵگەش بۆ قسەکانم ئەوەیە کە هەر یانەیەک شەش یاریزان لە بیست تیپی بدە دەکاتە 120 یاریزان، لە پێنجی بدە دەکاتە 700 یاریزانی پیشەگەر، ئایا دەتوانی لە نێو ئەو ژمارەیەدا دە یاریزانی پیشەگەری نایابم بدەیتێ؟ کەواتە پڕۆسەی پیشەگەرییەکە پرۆسەیەکە بەو شێوەیە بەڵام ئێمە ناچارین مامەڵەی لەگەڵدابکەین چونکە خولەکە خولی ئەستێرەکانە و پەیوەندی بەمۆلەت پێدان و ئەو شتانەوە هەیە. لەبەرئەوە من پێموایە پەلەنەکردن و دواکەوتن باشترە لەوەی هەڵە بکەیت، چونکە دواکەوتن دەکرێ چاک بکرێ، بەڵام هەڵەکردن بەوەی یاریزانەکە ساڵێک لەگەڵتدا بێت بەهەڵە، ئەوە چاک ناکرێت و من راشکاوانە دەڵێم، لەوانەیە چوار یاریزانی پیشەگەرمان من پرۆسەکەم خاوکردنەوە، چونکە هەستمکرد کە دەستتێوەردان هەیە، ناڵێم لەلایەن کارگێڕیی و کەسانی باڵادەستەوە، بەڵکو لەوانەیە بڵێم لەلایەن بەڕێوەبەری کار و بریکاری یاریزانانەوە کە دەیانویست سوود لە یانەکە وەربگرن، هەربۆیە کارەکەم خاوکردەوە و ستراتیجی گرێبەستەکانم گۆڕی و ئەمڕۆ دەستمکرد بەدەستنیشانکردنی یاریزانێکی پیشەگەری لیبرۆ کە پشتبەخوا گرێبەستەکەی تەواو دەبێت و سبەی هێرشبەرێکی ئاستبەرز دەهێنین، هەر بەهۆی ئەو ستراتیجیەتە نوێیەوە و بەداخەوە دەکرا چوار یاریزانی پیشەگەر یەکلابکەینەوە، بەڵام دەستتێوەردانی هەندێک بەداخەوە کارەکانی گرێبەستکردنی لەگەڵ ئەو یاریزانانە هەڵوەشاندەوە.
لەنێو ئەو یاریزانانەدا کە بەڵێنمان لێوەرگرتبوون یاریزانێکی ئەرجەنتینی هەبوو، بەڵام بەداخەوە ئەو دەستتێوەردانانە، بەشێوەیەک لە شێوەکان کاریگەریی لەسەر ئاراستەی دانوستاندنەکانمان لەگەڵی دروستکردووە و تاوەکو ئەم ساتەش هەوڵەکانمان بەردەوامن، بەڵام بەداخەوە ئەو چەقیوە و لە راستیدا ئێمە لە دوا هەنگاودابووین و ئەو دەستتێوەردانانە، باڵیان بەسەر دۆخەکەدا کێشا، کە بەداخەوە من پێشبینی ئەوەم نەدەکرد و کاتێک هەستم بەو مەترسییە کرد، هەندێک رێوشوێنی پێشوەختەم گرتە بەر، چونکە من لەبەردەم هەموواندا بەرپرسیار دەبم، لەبەرئەوەی من دەبێ یاریزانێکی ئاستبەرز بهێنم و ئەوکاتیش ئەو کاتێک بەبەهایەک دێت، شایەنی ئەو بەهایە داراییە بێت و نرخەکەی لۆژیکی بێت چونکە لایەنی دارایی و لایەنی هونەرییەکەی من لێی بەرپرسیار دەبم.
هەموو برایان لە دەستەی کارگێڕی هەوڵی زۆردەدەن، دکتۆر سەفینیش هەوڵی زۆر دەدات و بەئەمانەتەوە بڵێم پارەی پێشەکیی گرێبەستی هەندێک لە یاریزانەکانی داوە و ئەوانیدیکەش سبەی وەریدەگرن و تەنانەت سەفین کانەبی و کاپتن جێماو و حاجی مەحمود و هەمووان کاردەکەین لەپێناو ئەرکەکەدا و من ناڵێم دۆخێکی نموونەییمان هەیە، بەڵام ئەوەی من دەیبینم و ئەو پاڵنەرەی لای هەمووان هەیە، وادەکات تەگەرەکان کەم ببنەوە یان نەمێنن.
پشتبەخوا باش دەبین، من لە هەر شوینێک کاربکەم ئەگەرچی قورس بێت، بەڵام گرەوەکە لەسەر ئەزموونی خۆم و هاوکاریی ئەوانیدیکە دەکەم و من لە هەر شوێنێک بم، هەوڵدەدەم بەشێک بم لە چارەسەرییەکە نەک بەشێک لە کێشەکە و کێشەکە هەرچۆن بێت، پشتبەخوا ئێمە هەر بەشێک دەبین لە چارەسەر، چونکە دەزانی کێشەکان کارگێڕیی یان دارایی یان هونەری بن ئێمە بەهۆی ئەزموونی زۆرمان لەبەرئەوەی دەزانی من تەنیا راهێنەر نەبوو، بەڵکو ئەمینداری دارایی و یاریزانیش بووم و هیوادارم ئەوە هاوکارمان بێت بۆ ئەوەی دۆخی هەولێر بەرەو باشی ببەین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ