مەتین مەنسوور: باسم قاسم پێیگوتم دەرفەت بۆ گەنجان نییە

09-09-2025
سیڤەر بێستوون
نیشانەکردن مەتین مەنسوور باسم قاسم
A+ A-
رووداو دێجیتاڵ 

مەتین مەنسوور، یاریزانی وەرزی رابردووی یانەی هەولێر، رۆیشتنی لە یانەکەی راگەیاند و هۆکاری رۆیشتنەکەیشی بۆ رووداو سپۆرتس ئاشکراکرد و گوتی "بەحەزی من بووایە هەرگیز هەولێرم بەجێنەهێشتایە، بەڵام دەرفەت بە گەنجان نەدەدرا و نەماندەتوانی شوێنی خۆمان لە پێکاتەکەدا بکەینەوە". 
 
مەتین مەنسووری تەمەن 21 ساڵان، وەرزی رابردوو لە تیپی هەولێری خولی نایابی کوردستان یاری دەکرد، ماوەی سێ ساڵ بەرگری لە درێسی یانەی هەولێر کرد و دواتر رۆیشتنی لەو یانەیە راگەیاند.
 
مەتین مەنسوور، یاریزانی پێشووی یانەی هەولێر، سەبارەت بە رۆیشتنی لە یانەکە بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند "یانەی هەولێر بۆ من هەمیشە وەک شانازییەکی گەورە دەمینێتەوە، بەڵام هەموو کەس بۆخۆی بەدوای باشترین دەرفەتدا دەگەڕێت، من دوای سێ ساڵ لە یانەی هەولێر حەزم دەکرد ئەزموونم لە خولی کوردستان بگوازمەوە بۆ خولی ئەستێرەکانی عێراق، بەڵام راهێنەر بە روون و ئاشکرایی پێیڕاگەیاندین کە پشت بە توانای گەنجەکان نابەستێت و گوتی "دەرفەت بۆ ئێوە نییە".
 
مەتین گوتی "ئەو قسەیەی باسم قاسم بەڕاستی زۆر کاری لێکردم و وایلێکردم بڕیاری بەجێهێشتنی یانەی هەولێر بدەم". 
 
ئەوو ناوەڕاستکارە گەنجە لەسەر هەڵبژاردنی تیپی داهاتووی بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "چەند گرێبەستێکم لەلایەن یانەکانی خولی نایابی کوردستانەوە بۆ هاتووە، بەڵام بەڕاستی حەزدەکەم ئەزموونی یارییکردنم لە خولەکانی کوردستانەوە بگوازمەوە بۆ عێراق، جارێ بڕیار نادەم چی دەکەم و بۆ کوێ دەڕۆم". 
 
بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان لە خولی کوردستان دەستیپێکردووە و یانەکانی شێروانە، رزگاری و هەندرێن دەستییان بە نوێکردەنەوەی گرێبەستەکان و ئەنجامدانی گریبەستی نوێ کردووە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە