راپۆرتی تایبەت.. گۆڕانکارییەکی گەورە بۆ نوێکردنەوەی لۆس گالاکتیکۆس

27-05-2019
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ریال مەدرید
A+ A-

رووداو - هەولێر


گۆڕانکارییەکانی داهاتوو و رێکخستنەوەی ریال مەدرید، لە چەند مانگی پشوودا دەستپێدەکەن، دوای ئەوەی وەرزێکی خراپ لە 2019-2018 بەسەر یانەکەدا تێپەڕی و هیچ نازناوێکی نەبردەوە.

رۆژنامەی مارکای نزیک لە ریال مەدرید لە راپۆرتێکدا رایگەیاندووە، ریال دوای گواستنەوەی ئیدێر میلیتاو و رۆدریگۆ، بەدڵنیاییەوە دەیەوێت چەند یاریزانێکی دیکە بباتە ریزەکانی، لەپێش هەموویانەوە ئیدین هازارد، ئەستێرەی چێڵسی، لوکا یۆڤیچ، ئەستێرەی ئینتراخت فرانکفۆرت و فێرلاند مێندی، بەرگریکەری یانەی لیۆنی فەرەنسی.

لەگەڵ ئەوەی ریال مەدرید چەند یاریزانێک دەگوازێتەوە، پێویستە دەستبەرداری چەند یاریزانێکیش ببێت، بەتایبەت ئەوانەی کە زینەدین زیدان، راهێنەری یانەکە بۆ وەرزی داهاتووی پێویستی پێیان نییە و لەبەرامبەر فرۆشتنیشیان یانەکە دەیەوێت پارەیەکی زۆر بۆ ئەنجامدانی گرێبەستی نوێ لە گواستنەوەی هاوینەدا.

هەموو یاریزانەکانی ریال مەدرید لەماوەی رابردوودا بە زیدانیان گوتووە، دەیانەوێت لە ریال مەدرید بەردەوامبن، بەڵام زیزۆ پێویستی بەبەشێکیان نییە و بەناچاریش بێت دەبێت دەستبەرداری هەندێکیان ببێت.

تاوەکو ئێستا ریال مەدرید دوو گرێبەستی کردووە و 95 ملیۆن یۆرۆی خەرجکردووە، بۆ گرێبەستی ئیدین هازارد، یانەکە پێویستی بە 100 بۆ 110 ملیۆن یۆرۆ هەیە، هەروەها لوکا یۆڤیچ نرخەکەی 70 ملیۆن یۆرۆیە و فێرلان مێندیش نرخەکەی دەگاتە 40 ملیۆن یۆرۆ، بۆیە ریال مەدرید پێویستی بەوەیە ئەم پارەیە لە فرۆشتنی یاریزانان پەیدابکات، لەکاتێکدا جگە لەو یاریزانانە، یانەی شاهانە پێویستی بە ئەنجامدانی گرێبەستی دیکەش هەیە و لە هێلی ناوەڕاست دەیەوێت گرێبەست لەگەڵ پۆڵ پۆگبا و ئەستێرەیەکی دیکەش واژۆبکات.

گۆڕانکارییەکانی ریال مەدرید و رێکخستنەوەی بۆ وەرزی داهاتوو پێویستی بە 400 ملیۆن یۆرۆ هەیە، یانەکەش ناتوانێت بەئاسانی ئەم پارەیە زۆرە بدات، لەبەرئەوەش یانەکە دەیەوێت لە فرۆشتنی یاریزانان 300 ملیۆن یۆرۆی دەستبکەوێت.

ریال مەدرید دەیەوێت بگەڕێتەوە نێو رکابەرییەکان و نازناوەکان بباتەوە، دوای ئەوەی لەم وەرزەدا دەستبەتاڵ دەرچوو و سێ راهێنەریشی گۆڕی، چەند یاریزانێکیش لە دەرەوەی پلانەکانی زینەدین زیدانن و بە ئەگەری زۆر لە یانەکە دەڕۆن، گارێس بەیڵ، ئەستێرەی وێلزی، ئیسکۆ، خامێس رۆدریگێز، کەیلۆر ناڤاس، لوکاس ڤاسکێز، ماریانۆ دیاز، ماتیۆ کۆڤاچیچ، دانی سێبایۆس، مارکۆس یۆرێنتی، خیسوس ڤایێخۆ، دی تۆماس و مایۆرال ئەو یاریزانانەن کە لۆس بلانکۆس دەیەوێت لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا دەستبەرداریان ببێت، لەپێناو بەدەستهێنانی 300 ملیۆن یۆرۆ و ئەنجامدانی گرێبەستی نوێ.

ریال مەدرید لەم وەرزەدا لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا 19 یاریی دۆڕاند، کە لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا یانەکە بەمشێوەیە خراپە دەرنەکەوتووە، ئەنجامە خراپەکانی یانەکەش بوونە هۆکاری ئەوەی کە جارێکی دیکە زینەدین زیدان، بگەڕێندرێتەوە بۆ سەرپەرشتیکردنی مەشق و راهێنانی یانەکە و بنیادنانەوەی تیپەکە بۆ گەڕانەوە بۆ سەر سەکۆی نازناوەکان و پاراستنی شکۆی شاهانەکان.

لیستی ئەو یاریزانانەی ریال مەدرید بەنیازە دەستبەرداریان ببێت و بیانگوازێتەوە



کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە