یاریی ئەلازغ سپۆر و وان سپۆر هەڵوەشایەوە

27-05-2025
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی روودانی ئاڵۆزی لە یاریی ئەلازغ سپۆر و وان سپۆر لە خولەکی 56 ـدا هەڵوەشایەوە.

تیمەکانی یانەی تۆپی پێی ئەلازغ سپۆر و وان سپۆر کە دوو یانەی پارێزگاکانی باکووری کوردستانن و لە خولی پلە دووی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا یاری دەکەن، کاژێر 20:00 رۆژی دووشەممە 26ـی ئایاری 2025  لە یارییەکانی پلەی ئۆف لە یاریگەی ئەتاتورک لە خارپێت (ئەلازغ) رووبەڕووی یەک بوونەوە.
 
بەر لە رۆژی یارییەکە، هاندەرانی ئەلازغ سپۆر هەڕەشەی زۆریان لە یانەی وان سپۆر کردبوو، تەنانەت هەندێک کەس داوایان کردبوو کە یانەی تۆپی پێی وان سپۆر بۆ یارییەکە نەچێتە شاری خارپێت.
 
بە دەستپێکردنی یارییەکە، ئاڵۆزی و رووداوەکان دەستیانپێکرد و هاندەرانی ئەلازغ سپۆر کەلوپەلی جۆراوجۆریان دەهاویشتە ناو یاریگە و یاریزانانی وان سپۆر. بەهۆی هاویشتنی کەلوپەل و مەشخەڵەوە، یارییەکە چەند جارێک راگیرا و ئاڵۆزی لە نێوان یاریزانان دروست بوو.
 
بەر لە یارییەکە و لە کاتی یارییەکەدا، پەرلەمانتارانی ئاکپارتی و جەهەپە و سەرۆکی شارەوانیی خارپێت لەگەڵ لایەنگران و یاریزانانی ئەلازغ سپۆر کۆبوونەوە و داوایان لێکردن هێمن بن. لە 45 خولەکی یەکەمدا ئەلازغ سپۆر گۆڵێکی تۆمار کرد و 1-0 پێشکەوت.
 
لە خولەکی 56 ـدا هاندەرانی ئەلازغ سپۆر کەلوپەلی جۆراوجۆریان هاویشتە ناو یاریگە و یەکێکیان بەر سەری قادر بەییاز یاریدەدەری ناوبژیوان کەوت و برینداری کرد. ناوبژیوانی یارییەکە ئومێد ئۆزتورک لەگەڵ یاریدەدەرەکانی یاریگەی بەجێهێشت و یارییەکەی هەڵوەشاندەوە. 
 
لە یاریی یەکەمی گەڕی سێیەمی پلەی ئۆفی خولی دوو دا، وانسپۆر بە ئەنجامی 4-1 بەسەر ئەلازغ سپۆردا سەرکەوتبوو. وان سپۆر کە لە یاریی ئەلازغ سپۆردا رووبەڕووی هێرش ببووەوە، لەژێر چاودێریی هێزە ئەمنییەکان گەیشتە ئامەد و لەلایەن خەڵکی ئامەد و بەڕێوەبەرایەتیی ئامەد سپۆرەوە پێشوازیان لێکرا.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە