ئەو یاریزانە ئێرانییەی فرمێسک نەیهێشت قسەکانی تەواو بکات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن سارا دیدار هەڵبژاردەی خانمانی ئێران
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یاریزانێکی هەڵبژاردەی ئێران بە چاوی پڕ فرمێسکەوە باس لە دۆخی وڵاتەکەی دەکات و دەڵێت زۆر خەمبارین بۆ ئەوەی لە وڵاتەکەمان روودەدات و چاوەڕێی مژدەیەکی خۆش دەکەین.
 
سارا دیدار، یاریزانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی خانمانی ئێرانە، لەگەڵ تیپەکە لە ئوسترالیایە بۆ یارییکردن لە جامی ئاسیای خانماندا، ئەو تەمەنی 21 ساڵە و ئەزموونێکی زۆری لەگەڵ شەڕ و ئاژاوەدا نییە. هێرشبەرە ئێرانییەکە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا قسەیکرد و سەرەتا لەبارەی یارییەکەوە گوتی  " هەموو یاریزانەکان دەزانن کە یارییەکی قورس دەبێت بۆ هەموومان، بەڵام یاریزانەکان زیاتر بەجۆش و پەرۆشن بۆ یاریکردن بەرامبەر ئوستراڵیا، کە یەکێکە لە باشترین تیپەکانی ئاسیا. ئێمە زۆر ئارەزووی یاریکردن بەرامبەر سام کێر دەکەین. ئێمە هەم یاریزانەکان و هەم سام کێرمان زۆر خۆش دەوێت."
 
یاریزانە ئێرانییەکە لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤاناندا لەبارەی ئەوەی لە ئێران روودەدات گوتی "بێگومان هەموومان نیگەرانین. ئێمە خەمبارین بۆ ئەوەی بەسەر ئێران و خێزانەکانماندا هاتووە لەوێ و خۆشمان دەوێن، بەڵام بە راستی هیوادارم هەواڵی زۆر باشمان پێبگات. هیوادارم وڵاتەکەم بە بەهێزی و زیندوویی بمێنێتەوە."
 
یاریزانەکە بە فرمێسکەوە قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد، لەنێو قسەکانیدا چاوی پڕبوون لە فرمێسک و نەیتوانی درێژە بە قسەکانی بدات، بۆیەش بە خێرایی لەنێو دڵتەنگییەکی زۆردا لە ژووری کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا چووە دەرەوە.
 
ئەمە لەکاتێکدا روویدا، بەر لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکە بە رۆژنامەڤانەکان گوترابوو خۆیان بە دوور بگرن لە هەموو پرسیارێک سەبارەت بەو رووداوانەی لە ئێران روودەدەن.

 
هەڵبژاردەی خانمانی ئێران یارییەکی لە پاڵەوانێتی ئاسیا ئەنجامداوە و 3-0 بەرامبەر هەڵبژاردەی کۆریای باشوور دۆڕان، رۆژی پێنجشەممە کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆ بەرامبەر ئوسترالیا دووەم یاریی خۆیان ئەنجامدەدەن.
 
بەر لە یارییەکەیان بەرامبەر کۆریای باشوور، یاریزانانی هەڵبژاردەی ئێران ئامادەنەبوون سروودی نیشتمانی وڵاتەکەیان بڵێنەوە، ئەوەش کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە