رووداو دیجیتاڵ
نیمانیا تۆماچیڤیچ، یاریزانی سڕبیی یانەی گۆل گۆهەری ئێرانی ئاشکرایکردووە، ماوەی 13 کاژێر رێگەی وشکانی بڕیوە لەپێناو چوونە دەرەوە لە ئێران و روونیکردووەتەوە ماوەی دوو رۆژ، نەخەوتووە و هیچی نەخواردووە.
لەگەڵ درێژەکێشانی شەڕی نێوان ئەمریکا - ئیسرائیل و ئێران، چیرۆکی ئەو یاریزان و ئەستێرانەی وەرزش دێنە سەر رووپەلی رۆژنامەکان، کە لە ئێران بوون و بەچەرمەسەری و نەهامەت، خۆیان لەو وڵاتە دەربازکردووە.
ئەو یاریزانە سڕبییە تەمەن 26 ساڵانە کە لە خولی پلە یەکی ئێران یارییکردووە، دەڵێ، تاوەکو رۆژی پێنجشەممەی پێشوو، هەموو شت ئاسایی و سرووشتی بوو.
ئەو روونیکردووەتەوە، ئێوارەی پێنجشەممە بەرامبەر یانەی تراکتۆر یارییان کردووە و بەگۆڵێکی بێبەرامبەر دۆڕاون. ئەو دەڵێ دوای یارییەکە گەڕاینەوە تاران و دۆخەکە سرووشتی بوو، بەڵام بەرەبەیانی شەممە، ئیدی پشێوی و بێسەروبەرییەکی زۆر لە شارەکەدا سەریهەڵدا، چونکە هەمووان لە دەنگی هێرش و تەقینەوە بەهێزەکان بەئاگا هاتن.
ئەو دەڵێ، لەگەڵ هاوڕێیەکی یاریزانم کە یۆنانییە و لە هەمان یانەیە لە تاران بووین، ئەو راهێنەری توانای جەستەییە، ناچاربووین بەدرێژایی رۆژەکە لە شوقەکەی خۆمان بمێنینەوە، خۆشبەختانە گوێم لە یاریزانێکی مۆنتینیگرۆیی بوو بەناوی مارکۆ پاکیچ کە گوتی، یانەکەیان بڕیاریداوە سیانزە یاریزانی بیانی کەلەو یانەیە یارییدەکەن، بەرەو سنوورەکان بەڕێبکات، تاوەکو بتوانن لە ئێران بچنە دەرەوە و سەلامەت بن.
زیاتر گوتوویەتی، ئەو یاریزانە شوێنێکی بۆ منیش لەگەڵ یاریزانەکانی پێرسپۆلیس دۆزییەوە و رۆژی یەکشەممە لە تاران دەرچووین.
نیمانیا روونیدەکاتەوە، "نزیکەی 12 تاوەکو 13 کاژێر بە ئۆتۆمبێل بەرەو سنووری نێوان ئێران و تورکیا بەڕێوەبووین. بەدرێژایی رێگەکە کێشەی جیاواز دەهاتنە پێشەوە، تەنانەت تاوەکو گەیشتینە سەر سنووریش".
ئەو چەرمەسەرییەکانی رێگاکە بەو شێوەیە دەگێڕێتەوە، "رێگاکە پڕی ترس بوو، مووشەکەکان بەسەرسەرمانەوە بوون، دەهاتن و دەچوون، دەنگی تەقینەوە و هاتووچۆی فڕۆکە، دیمەنێک بوو هەرگیز ناتوانی باسی بکەیت".
ئەو دوای گەیشتنە تورکیا دەڵێ، "بەماندوویەتییەکی زۆرەوە خۆمان گەیاندە سنوور، دوو رۆژ و شەو بەڕێگاوەبووین، لە دڵەڕاوکەیەکی تووندەوە هاتین، هیچمان نەخوارد و نەخەوتین، دواجار کاتێک پەڕینەوە تورکیا، ئینجا هەستمان بەشەکەتیی کرد".
نیمانیا لە سنووری تورکیاوە خۆی گەیاندە ئیستەنبووڵ و لەوێشەوە دەیەوێت بگەڕێتەوە سڕبیا، ئەو دەڵێ، "دڵخۆشبووم بەوەی بەتەنیا لە ئێران بووم، چونکە هیچ خەمی خێزانەکەمم نەبوو، تەنیا دەبوو بیر لە سەلامەتیی خۆم بکەمەوە".
تۆماچیڤیچ دەڵێ لەدوای بەجێهێشتنی تارانەوە پەیوەندیم لەگەڵ یانەکەم پچڕاوە، نازانم بۆ داهاتوو چی روودەدات، بەڵام هیوادارم کاتێک دەگەمەوە سڕبیا، بزانم لە رووی یاساییەوە بەپێی گرێبەستەکەم دەتوانم چۆن بڕیار لە داهاتووم بدەم.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ