ڤان پێرسی: ئارسیناڵ وەک هاوژینەکەم بوو

27-06-2020
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن رۆبێرت ڤان پێرسی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رۆبێرت ڤان پێرسی، ئەستێرەی پێشووی یانەکانی ئارسیناڵ و هۆڵەندا، هۆکاری بەجێهێشتنی یانەی ئارسیناڵ لە 2012 ئاشکرا دەکات.

پێرسی لەلێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا دەڵێت، ئارسیناڵ وەک هاوژینەکەم بوو، من و یانەکە وەک دوو هاوژین بۆ ماوەی 8 ساڵ پێکەوەبووین.

ئەستێرەی پێشووی هۆڵەندا گوتی، دوای 8 ساڵ هاوژینەکەم هەندێک لێم بێزاربوو، ئەمە راستییە، گەنەرز هیچ دەستەوارەیەکی نوێی پێشکێشنەکردم، ئەمەش وایکرد بەدوای دەستەوارەی نوێدا بگەڕێم.

رۆبێرت زیاتر گوتی، لە راستیدا ئارسیناڵ گرێبەستی نوێی پێشکێشنەکردم، دوای ئەوە ئازادبووم و هێشتا ئامانجم بردنەوەی پرێمەرلیگ بوو، ئەمە ژیانە.



ئەو یاریزانەی پێشووی یانە لەندەنییەکە ئاشکرای دەکات، 3 یانە دەستەوارەیان پێشکێشکردووە، یەکێکیان لە دەرەوەی پرێمەرلیگ بوو و هەر زوو رەتیکردووەتەوە، پاشان لەنێوان مانچێستەر سیتی و یونایتد ماوەتەوە.

ڤان پێرسی دەڵێت، خەڵک هەموو شتێک لەبارەی ئەو زانیارییە شاراوانەی لە گرێبەستەکاندا هەیە نازانن، پێویستە لەسەرت خوێندنەوە بۆ بارودۆخەکە بکەیت و بەپێی ئامانج و راستییەکان بڕیاری خۆت بدەیت.

لە کۆتایی قسەکانیدا ئەستێرەکەی هۆڵەندا گوتی، هۆکاری سەرەکی ئەوەبوو ئارسیناڵ لە من بێزاربوو، ئەمە سەرەتای رۆیشتنی من بوو کە دەستەوارەی نوێیان پێشکێشنەکردم، سەرەرای ئەوەی کە زۆر قسەم لەگەڵ ئارسین ڤینگەر و گازیدیس کرد، بەڵام ئەوان هیچ روئیایەکیان بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکە نەبوو.

رۆبێرت ڤان پێرسی، ساڵی 2004 تاوەکو 2012 لە یانەی ئارسیناڵ یارییکرد، دوای ئەوە بۆ ماوەی سێ وەرز پەیوەندیی بە ریزەکانی مانچێستەر یونایتد کرد.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە