رووداو هەولێر
یانەی شەترەنجی مەلیک توانی سەرکەوتنێکی گەورە لە پاڵەوانێتیی ئاستی تەمەنەکانی عێراق لە شاری بەغدا بەدەستبهێنێت، دوای ئەوەی سێزدە یاریزانیان لە پێکهاتەی هەڵبژاردەی ئاستەکانی تەمەنی عێراق وەرگیران.
پاڵەوانێتییەکە بەسەرپەرشتی یەکێتیی شەترەنجی عێراق بوو، زیاتر لە 40 یاریزان بوو، کێبرکێکان لەسەر 10 ئاستی جیاواز بوو، یانەی مەلیک ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد و بە حەوت ئاستی تەمەن بەشداریکرد، پێنج یاریزانانیان پلەی یەکەمیان وەرگرت، یاریزانانەکانی دیکەش بە پلەکانی دووەم و سێیەم توانیان بگەنە ریزی هەڵبژاردەی عێراق.
دانا جەمال، جێگری سەرۆکی یانەی شەترەنجی مەلیک، لە لێدوانێکیدا بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "جێگای شانازییە بە سێزدە یاریزان بەشداری پاڵەوانێتیی ئاستی تەمەنەکانی عێراقمان لە بەغدا کرد، هەموو یاریزانەکانمان توانیان ئاستێکی بەرز پێشکێش بکەن و بگەنە هەڵبژاردەی عێراق بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییەکانی دەرەوە".
ئەو یانەیە کەمتر لە دوو ساڵە دامەزراوە و بارەگای لە هەولێرە، سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی و راهێنەرانی بەشێوەیەکی خۆبەخش بەبێ هیچ پاڵپشتییەکی دارایی کاردەکەن، ئێستا زیاتر لە 60 یاریزان رۆژانە لە تەمەنی جیاواز سەردانی ئەو یانەیە دەکەن و راهێنانیان پێدەکرێت.
جێگری سەرۆکی یانەی مەلیک روونیشیکردەوە "هەنگاوی داهاتوومان پاڵپشتی زیاتری یاریزانەکانمانە و ئێمە لە یەکەم رۆژی دامەزراندنی یانەکەمانەوە خەونی گەورەمان هەیە، کاتی ئەوە هاتووە یاریزانەکانمان دەسکەوت و میدالیا لە پاڵەوانێتیی عەرەب و ئاسیا بەدەستبهێنن".
یاری شەترەنج لە هەولێر بایەخێکی زۆری پێدەدرێت، چەندین پاڵەوانێتیی نێودەوڵەتی شەترەنج لە هەولێر بەڕێوەدەچێت و بڕیارە پاڵەوانێتیی ئاسیا سەرەتای مانگی داهاتوو لە پایتەختی کوردستان ساز بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ