رووداو دیجیتاڵ
دێنیز ئونداڤ، یاریزانی کوردی یانەی شتوتگارتی ئەڵمانی وەڵامی هەموو ئەو هێرشانەی دایەوە کە لە تورکیا کرانە سەری و گۆڵی بردنەوەی بۆ یانەکەی تۆمارکرد.
لە رکابەرییەکانی گەڕی هەشتەمی خولی ئەڵمانیا، یانەی شتوتگارت لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر ماینز یارییکرد، لە سەرەتای یارییەکەدا خاوەن یاریگە هێرشەکانی بۆ سەر گۆڵی میوانەکەی دەستپێکرد، بەڵام بەر لە کۆتاییهاتنی نیوەی یەکەمی یارییەکە لێدانێکی سزا بۆ ماینز هەژمارکرا، نەدیم ئەمیری گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەکە تۆمارکرد و یانەی میوان پێشکەوت.
بەر لە کۆتاییهاتنی کاتی زیادکراوی نیوەی یەکەم کریس فوریخ بە گۆڵێکی جوان ئەنجامەکەی بۆ شتوتگارت یەکسانکردەوە و نیوەی یەکەم بە یەکسانبوون کۆتاییهات.
لە نیوەی دووەمدا هێرشەکانی شتوتگارت بۆ سەر گۆڵی ماینز بەردەوامبوون، لە خولەکی 79 دێنیز ئونداڤ، بەجوانترین شێوە گۆڵی دووەمی بۆ یانەکەی تۆمارکرد و وەڵامی هەموو ئەو هێرشانەی دایەوە کە لە یاریی یۆرۆپالیگدا بەرامبەر فێنارباخچە کرانە سەر یاریزانە کوردەکە.
شتوتگارت یارییەکەی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە و یانەکە بە 18 خاڵ چووە پلەی سێیەمی ریزبەندی بوندێسلیگا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ