ڤیدیۆ؛ کریستیانۆ رۆناڵدۆ مێژوویەکی گەورەی تۆمارکرد

27-12-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
کریستیانۆ رۆناڵدۆ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

شەوێکی مێژووییە و یاریی لووتکەیە، هاوڕێکانی پێشوو رکابەری ئەمڕۆن، کەریم بنزیما و کریستیانۆ رۆناڵدۆ رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
دوای 14 خولەک یارییکردن عەبدولرەزاق حەمداللە گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەی ئیتیحاد تۆمارکرد و یانەکەی پێشخست.
 
سێ خولەک تێپەڕی لێدانێکی سزا بۆ نەسڕی میوان هەژمارکرا، بنزیما لە بڕیارەکە ناڕازیبوو، بەڵام هیچ نەگۆڕا.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لێدانەکەی بەسەرکەوتوویی جێبەجێکرد، ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە و یارییەکەی گەڕاندەوە خاڵی سەرەتا.
 
لە بەرازیلییەوە بۆ بەرازیلی، ئاندێرسۆن تالیسکا گۆڵی دووەمی نەسڕی بە ئاسیستێکی جوانی ئالێکس تێیێس تۆمارکرد، نیوەی یەکەم بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە بەرژەوەندیی نەسڕی میوان کۆتاییهات.
 
لە سەرەتای نیوەی دووەمدا، هەمووان چاوەڕێی دەرکەوتنی بنزیما بوون، بەڵام ئەمجارەش عەبدولرەزاق حەمداللە، گۆڵی دووەمی خۆی و ئیتیحادی تۆمارکرد و ئەنجامەکەی بۆ خاوەن یاریگە یەکسانکردەوە.

 
لە خولەکی 64 لێدانێکی دیکەی سزا بۆ نەسڕ هەژمارکرا، ناوبژیوان گەڕایەوە ڤار و فابینیۆ لە یانەی ئیتیحاد بەکارتی سوور کرایە دەرەوە.
 
رۆناڵدۆ گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی نەسڕی تۆمارکرد، بووە خاوەنی 19 گۆڵ لە خولی سعودیدا و 53 گۆڵی لەم ساڵەدا تۆمارکردووە و پێشەنگی گۆڵکارانی جیهانە.
 
نەسڕ بەوە نەوەستا نۆرەی سادیۆ مانێ هات، ئەستێرە سەنیگالییەکە گۆڵی چوارەمی تۆمارکرد.
 
دوای چەند خولەکێک هەر خۆی گۆڵی پێنجەمی تۆمارکرد و کەرنەڤاڵە گەورەکەی تەواوکرد، نەسڕ یارییەکەی بە پێنج گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ بردەوە.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئێستا گۆڵکاری ساڵ و خولی سعودییە، ئەمە جاری 220ـەمە لە کاروانی یارییکردنی خۆیدا لە یارییەکدا دوو گۆڵ تۆمار دەکات، کە 10 جار بەدرێسی نەسڕەوە ئەم کارەی کردووە.

 
رۆناڵدۆ لە یارییەکەدا مێژوویەکی دیکەی تۆمارکرد، لە کۆی 262 یانە و هەڵبژاردە کە بەرامبەریان یارییکردووە، 192 یاریی بەرامبەر یانەکان بووە و بەرامبەر 146 یانە گۆڵی تۆمارکردووە.
 
لەسەر ئاستی هەڵبژاردەکانیش بەرامبەر 70 هەڵبژاردە یارییکردووە، بەرامبەر 47ـیان گۆڵی تۆمارکردووە.
 
دوای تۆمارکردنی ئەم دوو گۆڵە و بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی گەورە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە پەیامێکدا نووسیوویەتی "بردنەوەیەکی گرنگ، ئێمە ناوەستین."

 
بەبردنەوەی ئەم یارییە یانەی نەسڕ، لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولی سعودیە ژمارەی خاڵەکانی بۆ 43 خاڵ بەرزکردەوە، 7 خاڵ لە یانەی هیلالی یەکەمەوە دوورە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە