بەفەرمانی فیفا.. پێنج هۆکار رێگری لە دابەزاندنی بارسێلۆنا بۆ خولی پلەدوو دەکەن

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن دۆسێیەی نێگرێرا سزادانی بارسێلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یاسای وەرزشی دەبێتە قەڵایەک بۆ پاراستنی یانەی بارسێلۆنا لە دابەزاندنی بۆ خولی پلەدووەکانی ئیسپانیا، چونکە فیفا هیچ بەڵگەیەکی لەبەردەستدا نییە بیسەلمێنێت کە بارسا بەرتیلی داوە.
 
لە چەند رۆژی رابردوودا ناوەندە وەرزشییەکانی جیهان بە هەواڵێکی هەژێنەر داچڵەکین؛ دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە یەکێتیی تۆپی پێی جیهان دەیەوێت دەستوەردان بکات و سزای دابەزاندن بۆ خولی پلەدوو بەسەر یانەی بارسێلۆنادا بسەپێنێت، ئەمەش بەهۆی دۆسێیەی ناسراو بە 'نێگرێرا'.
 
بەڵام ئەگەر لە ژاوەژاوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دووربکەوینەوە و سەیری دەقە یاساییەکان بکەین، دەبینین دابەزاندنی بارسێلۆنا لەڕووی یاساییەوە کارێکی ئەستەمە. لێرەدا پێنج هۆکاری سەرەکی دەخەینەڕوو کە وەک بەربەست لەبەردەم ئەم سزایەدا وەستاون:
 
یەکەم: مۆتەکەی 'بەسەرچوونی کات'
 
لە یاسای وەرزشیی ئیسپانیادا، سەرپێچییە گەورەکان دوای تێپەڕبوونی تەنیا 3 ساڵ بەسەر روودانیاندا، مافی لێپێچینەوەیان بەسەردەچێت. بەو پێیەی تۆمەتەکانی دۆسێیەی نێگرێرا هی ساڵانێکی کۆنن، دەسەڵاتی سزادانی وەرزشی لەناوخۆی ئیسپانیا بەسەرچووە. تەنانەت ئەگەر فیفا بیەوێت پشت بە یاسای خۆی ببەستێت (کە 10 ساڵە)، دادگای وەرزشی نێودەوڵەتی هەمیشە مەیلی بۆ جێبەجێکردنی یاسای ناوخۆیی ئەو وڵاتە هەیە کە رووداوەکەی تێدا تۆمارکراوە.
 
دووەم: سەروەریی یاسای ناوخۆ و دەسەڵاتی فیدراسیۆنی ئیسپانیا
 
فیفا 'پۆلیسی جیهانی' نییە تاوەکو دەستوەردان لە هەموو وردەکارییەکانی فیدراسیۆنە نیشتمانییەکاندا بکات. تاوەکو ئەوکاتەی فیدراسیۆنی ئیسپانیا و دەستەی لالیگا بەفەرمی رایانگەیاندووە کە دۆسێیەکە لەڕووی وەرزشییەوە بەسەرچووە، فیفا ناتوانێت باز بدات بەسەر ئەم بڕیارانەدا و سزایەکی دیکە بسەپێنێت، چونکە ئەمە پشێوییەکی یاسایی لە جیهاندا دروست دەکات.
 
سێیەم: پڕەنسیپی 'یاسای پڕبایەختر بۆ تۆمەتبار'
 
ئەمە یەکێکە لە چەسپاوترین بنەما یاساییەکانی جیهان؛ ئەگەر دوو دەقی یاسایی دژبەیەک هەبن "وەک یاسای فیفا و یاسای ئیسپانیا"، هەمیشە ئەو دەقە جێبەجێ دەکرێت کە لە بەرژەوەندیی لایەنی زیانلێکەوتوو یان تۆمەتباردایە. بەو پێیەی یاسای ئیسپانیا نەرمترە و ماوەی بەسەرچوونی کورتترە، دادگای کاس لایەنەکان ناچاردەکات کار بەو دەقە بکەن کە پارێزگاری لە یانەکە دەکات.
 
چوارەم: رێگریکردن لە 'سزای دووبارە'
 
یاسای وەرزشی و تاوانکاری رێگری دەکەن لەوەی هیچ لایەنێک بۆ یەک کار دووجار سزا بدرێت. بەو پێیەی دۆسێیەکە لە ناوخۆی ئیسپانیا لێکۆڵینەوەی تێدا کراوە و رێڕەوی یاسایی خۆی بڕیوە، هەوڵی فیفا بۆ کردنەوەی دادگاییکردنێکی نوێ بۆ هەمان رووداو، پێشێلکردنی ئەم بنەمایەیە. بارسێلۆنا خاوەن پارێزبەندییەکی یاساییە کە رێگری لە بەدواداچوونی نێودەوڵەتی دەکات.
 
پێنجەم: نەبوونی بەڵگەی تاوانکاری و داڕمانی تۆمەتی 'بەرتیل'
 
تاوەکو ئەم چرکەساتە، هیچ بڕیارێکی کۆتایی دادگا دەرنەچووە کە بارسێلۆنا بە پێدانی 'بەرتیل' بۆ گۆڕینی ئەنجامی یارییەکان تۆمەتبار بکات. تەنانەت دادوەری دۆسێیەکە تۆمەتی بەرتیلدانی دوورخستەوە، چونکە نێگرێرا سیفەتی 'فەرمانبەری گشتی' نەبووە. تاوەکو تاوانەکە بە بەڵگەی بڕاوە (وەک دەنگ یان دانپێدانان) نەسەلمێنرێت، فیفا هیچ بەڵگەیەکی یاسایی نییە بۆ دەرکردنی بڕیارێکی کارەساتباری وەک دابەزاندن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە