رووداو دیجیتاڵ
کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسیی یانەی ریال مەدرید، وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە کە لەم دواییانەدا باس لە خۆدزینەوەی لە یارییەکان داهاتووی میرینگێ دەکەن بەئامانجی خۆپاراستن لەپێناو بەشداریکردن لە مۆندیال.
رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی، ئاماژە بەوە دەکات کە لەگەڵ نزیکبوونەوەی مۆندیال، کەشێکی ئارام بەسەر کەمپی یانە شاهانەکە و هەموو شوێنێکدا زاڵ بووە؛ چونکە ئەو یاریزانانەی بەدەست ئازارەوە دەناڵێنن، زیاتر مەیلیان بەرەو ئەوەیە گرنگی بەخۆیان بدەن نەک گوشار بخەنە سەر خۆیان و پێکانەکانیان.
رۆژنامەکە نووسیویەتی "یاریزانانی ریال مەدرید دەیانەوێت خۆیان لە هەر ئاستەنگێک بپارێزن کە لەوانەیە بێبەشیان بکات لە ئامادەبوون لە مۆندیال و دەیانەوێت دوای وەرزێکی درێژ و تاقەتپڕوکێن بەتەواوی وزەیانەوە بگەنە مۆندیال، بەتایبەتی کە یانەی شاهانە چیدی هیچ شتێکی نەماوە ململانێی لەسەر بکات دوای ئەوەی لە ئالیانز ئەرینا ماڵئاوایی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا کرد و نازناوی لالیگاشی بۆ بارسێلۆنا جێهێشت، کە جیاوازییەکە گەیشتووەتە 11 خاڵ تەنیا پێنج گەڕ پێش کۆتایی؛ ئەمەش دۆخێکی 'کۆتاییهاتنی کێبڕکێ' نیشان دەدات کە مەترسیی ئامادەنەبوونی یاریزانەکان زیاد دەکات".
وەک وەڵامێک بۆ ئەم بابەتە، بەرنامەی ئێل چێرینگیتۆی ئیسپانی دووپاتیکردەوە کە کیلیان ئێمباپێ دوای دەستنیشانکردنی پێکانەکەی، بە یاریزانانی ریال مەدریدی راگەیاندووە کە دەیەوێت بەشداری لە یاریی داهاتووی کلاسیکۆدا بکات.
بڕیارە ریال مەدرید لە 10ـی ئایاری داهاتوودا لە خولی ئیسپانیا، لە یاریگای سپۆتیفای کامپ نۆ رووبەڕووی بارسێلۆنا ببێتەوە.
ریال مەدرید لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا رایگەیاند "دوای ئەو پشکنینانەی لەلایەن ستافی پزیشکی ریال مەدریدەوە بۆ ئێمباپێ ئەنجامدران، دەرکەوتووە کە تووشی پێکان بووە لە ماسوولکەی نیمچە ژێی semitendinosus لە رانی چەپیدا".
بڵاوکراوەکەی ریال مەدرید ئاماژەی بەوەش کردووە کە باری تەندروستی کیلیان ئێمباپێ لەژێر چاودێریدایە بەپێی گەشەکردنی پێکانەکە، و ماوەی دوورکەوتنەوەی لە یارییەکان دیاری نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ