رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان هەڵوێستی تیبۆ کۆرتوای بەلجیکی، گۆڵپارێزی یانەی ریال مەدریدیان سەبارەت بە بەشداریکردن لە یاریی کلاسیکۆ بەرامبەر بارسێلۆنا ئاشکراکرد.
بڕیارە ریال مەدرید لە 10ـی ئایاری داهاتوودا لە چوارچێوەی گەڕی 35ـی خولی ئیسپانیا، لە یاریگای کامپ نو ببێتە میوانی بارسێلۆنا، کە رووبەڕووبوونەوەیەکی یەکلاییکەرەوە دەبێت لە نێوان هەردوو رکابەرە مێژووییەکەدا.
تیبۆ کۆرتوای تەمەن 33 ساڵ، لە ناوەڕاستی مانگی ئادارەوە بەهۆی پێکانەوە لە پێکهاتەی ریال مەدرید دوورکەوتووەتەوە و تاوەکو ئێستا کاتی گەڕانەوەی بەتەواوی دیاری نەکراوە.
گۆڵپارێزە بەلجیکییەکە بەردەوامە لە هەنگاونان لە پڕۆگرامی چاکبوونەوە لە پێکانەکەی، لەگەڵ هەبوونی ئاماژەی ئەرێنی سەبارەت بە ئەگەری بەشداریکردنی لە یاریی کلاسیکۆی چاوەڕوانکراو بەرامبەر بارسێلۆنا.
بەپێی زانیارییەکانی رادیۆی کۆپێی ئیسپانی، گۆڵپارێزە بەلجیکییەکە بەشێوەیەکی باش وەڵامدانەوەی بۆ پڕۆگرامی چاکبوونەوە هەبووە، و گەشبینییەکی زۆر لە ناو یانەکەدا هەیە سەبارەت بەئامادەیی ئەو بۆ بەشداریکردن لە کلاسیکۆ.
تاوەکو ئێستا بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە گەڕانەوەی نەدراوە، چونکە کۆرتوا سەرنجی تەواوی خستووەتە سەر بەدەستهێنانەوەی توانای جەستەیی و بەردەوامە لە کارکردن لەگەڵ ستافی پزیشکی بۆ گەیشتن بە ئامادەیی پێویست.
چاوەڕوان دەکرێت ریال مەدرید لە رۆژانی داهاتوودا بەردەوام بێت لە هەڵسەنگاندنی دۆخی یاریزانەکە و بڕیاری کۆتایی بۆ بەشداریکردنی بەندە بەوەی تاوەکو چەند لە قۆناخەکانی کۆتایی چاکبوونەوەکەیدا سەرکەوتوو دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ