ئامەدسپۆر بە راهێنەرێکی کورد دەیەوێت خەونی گەیشتن بە سوپەرلیگ بکاتە راستی

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن سەرتاچ کوچوکبایراک ئامەدسپۆر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئامەدسپۆری باکووری کوردستان، تەنیا یەک یاریی پێش تەواو بوونی ئەم وەرزەی خولی پلە یەکی تورکیا، بڕیاری جیابوونەوەی لە راهێنەرەکەی دا و بە راهێنەرێکی کوردەوە دەیەوێت بگاتە سوپەرلیگ.
 
دوای یەکسانبوونیان لەگەڵ یانەی بۆدرووم لە گەڕی پێشکۆتایی خولەکەدا، بە گۆڵێک بۆ هەرلایەک، یانەی ئامەدسپۆر کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ مەسعود بەقاڵ، راهێنەری یانەکە ئەنجامدا و دوای ئەو کۆبوونەوەیە هەردوولا بڕیارییاندا بە رێککەوتن کۆتایی بە گرێبەستەکەیان بهێنن و ئەو راهێنەرە ماڵئاوایی لە یانەی ئامەدسپۆر کرد.
 
دوای چەند کاژێرێکی کەم لە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی مەسعود بەقاڵ، بە فەرمی ناوی سەرتاچ کوچوکبایراک وەکو راهێنەری نوێی ئامەدسپۆر راگەیێنرا، ئێستا پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە سەرتاچ کێیە؟
 
سەرتاچ کوچوکبایراک، لە ساڵی 1974 لە دایکبووە، خەڵکی روهای باکووری کوردستان و کوردە، ئێستا تەمەنی 52 ساڵە.
 
پێشتر لە تیپی خوار 21 ساڵانی یانەی دیاربەکرسپۆر دەستی بە یارییکردن کردووە، لە تیپی یەکەمی ئەو یانەیە یارییکردووە، یاریزانی یانەی سێرت بووە، لە یانەکانی ئەنتالیاسپۆر، کۆنیا ئەندوستری، مۆبەلاسپۆر، باتمان پەترۆلسپۆر یارییکردووە و لە ساڵی 2006 بەیەکجاری وازی لە یارییکردن هێناوە.
 
ساڵی 2008 سەرتاچ دەست بە کاری راهێنەرایەتی دەکات و لە یانەی دیسکیسپۆر دەبێتە یاریدەدەری راهێنەر. دوای دوو ساڵ پەیوەندی بە یانەی دیاربەکرەوە دەکات و دەبێتە راهێنەری تیپی دووەمی یانەکە.
 
راهێنەری یانەی کایاپنار بووە لە 2011، پێشتر لە یانەی ئامەدسپۆر کاری راهێنەرایەتیی کردووە، لە 2015 تاوەکو 2016 لە 64 یارییدا سەرپەرشتی تیپەکەی کردووە.
 
ساڵی 2018 جارێکی دیکە بووەتەوە راهێنەری ئامەدسپۆر و سەرپەرشتیی 13 یاریی تیپەکەی کردووە.
 
لە 2019 ماوەی 35 رۆژ راهێنەری دیاربەکرسپۆر بووە.
 
لە ساڵی 2025 بووە راهێنەری تیپی لاوانی یانەی ئامەدسپۆر و 221 رۆژ لەگەڵ ئەو تیپە کاریکردووە، هەر ئەوەش بووە هۆکار کە بە راهێنەری نوێی یانەکە دەستنیشان بکرێت بۆ دوایین یاریی خولی پلە یەکی تورکیا بەرامبەر یانەی ئیدر.
 
دەستنیشانکرانی سەرتاچ کوچوکبایراک، وەکو راهێنەری نوێی یانەکە تەنیا بۆ یاریی گەڕی کۆتایی خولی پلە یەکی تورکیا، بۆچوونی جیاوازی لێکەوتووە، بەشێکی هاندەران پێیانوایە کاتەکەی گونجاو نییە و بەشێکی دیکەش دەڵێن، شارەزایی سەرتاچ لە یانەی ئامەدسپۆر دەکرێت ببێتە هۆکاری ئەوەی یانەکە بگاتە سوپەرلیگ.
 
جگە لە سەرتاچ کوچوکبایراک، هەریەکە لە مەنسور چالار، عەبدوڵڵا چەتین و سەرکان ئیپەک وەکو یاریدەدەری راهێنەری ئامەدسپۆر دەستنیشانکراون.
 
رۆژی شەممە 2-5-2026 یانەی ئامەدسپۆر لە دوایین یارییدا لە خولی پلە یەکی تورکیا، لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی ئیدر یاریی دەکات، یانەکە بەبردنەوەی ئەو یارییە راستەوخۆ دەگاتە سوپەرلیگ و وەرزی داهاتوو لە ریزی یانە گەورەکانی وەکو گاڵاتەسەرای، فێنارباخچە و بێشکتاش یاریی دەکات.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە