رووداو دیجیتاڵ
لیسە کلاڤینێس، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نەرویج داوای هەڵوەشاندنەوەی خەڵاتی ئاشتیی فیفا دەکات، پاش ئەوەی خەڵاتەکە بەخشرا بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. کلاڤینێس پاڵپشتی خۆی بۆ لێکۆڵینەوە لە جیانی ئینفانتینۆی سەرۆکی فیفا دەربڕیوە.
سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نەرویج باسی لەوە کردووە پێویستە فیفا دوور بێت لە سەرکردە سیاسییەکانی جیهان، چونکە فیفا دامەزراوەیەکی وەرزشییە و ئەرکی ئەوە نییە خەڵاتی لەو شێوەیە ببەخشێت، کلاڤینێس دەڵێت "دەمانەوێت خەڵاتی ئاشتیی فیفا هەڵبوەشێتەوە، پێمان وانییە بەخشینی خەڵاتێکی ئاوا بەشێک بێت لە کارەکانی فیفا، چونکە پەیمانگەی نۆبڵ هەیە و ئەو ئەرکی ئەوەیە بەو کارە هەڵبستێت".
بەگوتەی کلاڤینێس، ئەم جۆرە خەڵاتانە لایەنی سیاسییان بەسەردا زاڵە و فیفا خاوەنی ئەو ئەزموون و ئامرازە سەربەخۆیانە نییە کارێکی لەو شێوەیە بکات، گوتیشی "هەبوونی لیژنەی دادوەری و دانانی پێوەر بۆ خەڵاتی ئاشتی کارێکی سەختە، لەبەرئەوە باشترە فیفا لە داهاتوودا خۆی لەم جۆرە کارانە بەدوور بگرێت".
پێشتر لایەنە پەیوەندیدارەکان داوای لێکۆڵینەوەیان لە ئینفانتینۆ کردبوو بەهۆی پێشێلکردنی رێساکانی بێلایەنیی سیاسی و پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ ترەمپ، بەشێک لە میدیاکان ئاماژە بەوە دەکەن ئەم خەڵاتە تەنیا وەک دڵدانەوەیەک بووە بۆ ترەمپ دوای ئەوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێنەبەخشرا، لیسە کلاڤینێس پاڵپشتی لەو سکاڵایانە دەکات کە لە دژی ئینفانتینۆ تۆمارکراون و داوا دەکات پرۆسەی لێکۆڵینەوەکە بە روونی بەڕێوەبچێت.
جیانی ئینفانتینۆ بەرگری لە بڕیارەکەی کردووە و رایگەیاندووە ترەمپ بەشێوەیەکی بابەتییانە شایستەی ئەو خەڵاتەیە، ئینفانتینۆ لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان گوتی "تەنیا من ئەو قسەیە ناکەم، بەڵکو یەکێک لە براوەکانی خەڵاتی نۆبڵیش هەمان شتی گوتووە، ترەمپ رۆڵی هەبووە لە چارەسەرکردنی ململانێکان و رزگارکردنی ژیانی هەزاران کەس".
لیسە کلاڤینێس یەکێکە لەو کەسانەی هەمیشە رەخنەی تووندی لە شێوازی بەڕێوەبردنی فیفا هەبووە، لە ساڵی 2022 و پێش دەستپێکردنی مۆندیالی قەتەر، لە وتارێکدا لە دەوحە ئاماژەی بەوە کردبوو فیفا رێگەیەکی درێژی لەپێشە بۆ چاککردنی دۆخی مافەکانی مرۆڤ و یەکسانی و دیموکراسی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ