یانەی بارسێلۆنا هەڵمەتێکی گەورەی قەرز دانەوەی ئەنجامدا

28-06-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی بارسێلۆنا کێشەی دارایی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا دوایین بڕەپارەی پێویستی سەرشانی، کە وەک قەرزی مووچەی ژمارەیەک یاریزان و راهێنەر لای مابوو، هەمووی دانەوە.
 
هەریەکە لە لیۆنێل مێسی، ئۆمتیتی، کۆتینیۆ و رۆناڵد کومان و ژمارەیەک یاریزانی دیکە، دوایین بەشی قەرزەکانیان لە یانەی بارسێلۆنا وەرگرتەوە.
 
دۆسێی قەرزە کەڵەکەبووەکانی یاریزانان لەسەر یانەکە، ساڵی 2020 دروستبوو، ئەوکات بارسێلۆنا بەهۆی تەنگژەی داراییەوە لەگەڵ ژمارەیەک یاریزان رێکەوت، مووچەکانیان بۆ بکاتە قیست و ساڵانە بیداتەوە، کۆی ئەو پارەیەی دەبوو بارسێلۆنا ئەمساڵ بیداتەوە بەو یاریزانانە 121 ملیۆن یۆرۆ بوو، بارسێلۆنا دوایین قیستی هەمووانی دایەوە.
 
ئەو پارەیەی بارسا لەم مانگەدا دوایەتییەوە، بریتی بووە لە مووچەی تەواونەکراوی 20 یاریزانی تیپی یەکەم. 9 یاریزانی تیپی دووەم. چوار ئەندامی تیمی راهێنەران لە نێویاندا رۆناڵد کومان کە 6 ملیۆن یۆرۆی لای یانەکە مابوو.
 
لیۆنێل مێسی بەتەنیا ئەم مانگە نزیکەی 6 ملیۆن یۆرۆی وەرگرتەوە و لە کۆی گشتیدا 47.6 ملیۆن یۆرۆی لای یانەکە مابوو، هەمووی وەرگرتووەتەوە.
 
یاریزانانی دیکە کۆی پارەکانیان بەمشێوەیە بووە:
 
ساموێل ئۆمتیتی، 23 ملیۆن یۆرۆ
سێرجیۆ بۆسکێس 22 ملیۆن یۆرۆ
ئانتوان گریزمان، 18 ملیۆن یۆرۆ
جۆردی ئالبا، 17،6 ملیۆن یۆرۆ
کۆتینیۆ 15،9 ملیۆن یۆرۆ
عوسمان دێمبێلێ 5 ملیۆن یۆرۆ
پیانیچ 5 ملیۆن یۆرۆ
سێرجی رۆبێرتۆ 4،8 ملیۆن یۆرۆ
هەریەک لە نیتۆ، دێست، برایتوایت و جۆنیۆر فێربۆ لە نێوان یەک تاوەکو 2،5 ملیۆن یۆرۆیان وەرگرتووەتەوە.
 
ئەو یاریزانانەی کەمتر لە یەک ملیۆن یۆرۆیان وەرگرتووەتەوە بریتین لە پێدری، ئانسۆ فاتی، ئاراوخۆ، ریکی پۆیگ، ئالینیا، ماتیۆس و ترینکاو.
 
دانەوەی ئەم قەرزە کەڵەکەبووانە لەسەر یانە کەتەلۆنییەکە، بەشێکی بەرچاو لە کێشە داراییەکانی یانەکە چارەسەر دەکات، چونکە لە پێنج ساڵی رابردوودا، بارسا بەردەوام ناچاربووە هەمان بڕە پارەی قەرز بداتەوە و ئیدی لەمەودوا ئەو پابەندییەی لەسەر نامێنێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە