ئەمڕۆی چامپیۆنزلیگ.. لە کۆمەڵەی ئاگریندا ئاگر دەبارێت

28-11-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن کۆمەڵەی ئاگرین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ئەمڕۆ لە کۆمەڵەی ئاگرینی چامپیۆنزلیگدا دوو یاریی ئاگرین ئەنجام دەدرێن و هەرچوار یانەی پاریس سانجێرمان، نیوکاسڵ، میلان و بۆرووسیا دۆرتموند هەوڵدەدەن بلیتێکی سەرکەوتن بۆ قۆناخی شانزدە مسۆگەر بکەن و خۆیان لە دەرچوونی زوو لە پاڵەوانێتییەکە بپارێزن.
 
 

پاریس سانجێرمان - نیوکاسڵ

لە نێو ئاڵۆزییەکان و ترسی پەڕینەوە یان نەپەڕینەوە و وەک یارییەک کە چارەنووسی وەرزێک دیارییدەکات، پاریس سانجێرمانی فەرەنسی لە یاریگەی خۆیدا میوانداریی نیوکاسڵی ئینگلیزی دەکات و ئاساییە ئەگەر فەرەنسییەکان تاکە خەمیان، تاکە بیرکردنەوە و هەوڵدانیان، تۆڵەکردنەوە بێت لە نیوکاسڵ، پاشئەوەی لە یاریگەی خۆیدا، شکستێکی گەورەی تووشی سانجێرمان کرد.

پاریس سانجێرمان هیواخوازە، هاندەرەکانی لە نێو یاریگەی باخچەی شازادەکان، هەمان سیناریۆی هاندەرانی نێو سانت جەیمس پارک دووبارە بکەنەوە و پاڵپشتیکار و هاندەری گەورەی یاریزانەکانی بن بۆ ئەوەی لە یارییەکەی ئەمشەودا، ئەو ئەنجامە بەدەست بهێنن کە هەموو پاریسییەکان خەونی پێوە دەبینن.
 
سانجێرمان لە یارییەکەدا، لە تواناکانی مارکینیۆس و چوار یاریزانی دیکەی بێبەش دەبێت، کە لە پاش ئەو بەرگریکەرە بەرازیلییەوە، کاریگەرترینیان زائیر ئێمری ناوەڕاستکار دەبێت، بەڵام لویس ئینریکێی راهێنەر هیواخوازە، ئەو یاریزانانەی لەبەردەستدەبن بۆ یارییەکە، ئەرکەکە بەدروستی جێبەجێ بکەن.
 
ئینریکێ لەبایەخی یارییەکەی ئەمشەو تێدەگات، ئەوەش باش دەزانێت کە ئەم یارییە زۆر شت دەگۆڕێت، سەرکەوتنی پاریس کۆی وەرزەکە بەئاراستەیەکی جیاوازدا دەبات و شکست، ئاراستەکەی بەتەواوی دەگۆڕێت، چونکە لە سانجێرمان یەکەم دەستکەوت، پەڕینەوەیە بۆ قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگ.
 
نیوکاسڵ، کە دەبوو کاریگەریی گەورەی پێکانی زۆری یاریزانانی لەسەربێت، لەسەرەتای هەفتەدا چێڵسی و هاندەرانی و هەمووانی شۆککرد کاتێک بەشێکی بەرچاوی یاریزانانی نێو لیستی پێکانەکەی بەشدارییان لە یارییەکەی چێڵسیدا کرد و تەنانەت درەوشانەوەش.
 
نیوکاسڵ لەو یارییەدا کە چێڵسی شۆککرد، لە دوو گەڕی پێشوودا خۆی خستە نێو دۆخێکی نەخوازراوەوە کاتێک دوو یاریی لەسەریەکی بە بۆرووسیا دۆرتمۆند دۆڕاند و بەوەش پێشەنگی کۆمەڵەکەی پێشکێشی ئەو یانەیە کرد، ئەمشەوە لە پارک دو فرانسدا وەرزەکەی خۆی لە چامپیۆنزلیگدا دەخاتە سەر مەحەک، یان بردنەوە و سەرکەوتن، یان شکست و ئیدی گەڕانەوە بۆ خاڵی سەرەتا، کە دیار نییە ئاخۆ وەرزی داهاتوو یانەکە دەگەیێنێتەوە ئەم شوێنەی ئێستا هەیەتی لە چامپیۆنزلیگ، یان نا؟
 
میلان - بۆرووسیا دۆرتموند
 
لە یاریگەی سانسیرۆدا و لە کاتێکدا تیپەکە بەنێو تونێلێک لە نادڵنیایی و دوودڵی و بێئۆقرەییدا گوزەر دەکات، میلان دەیەوێت وەک دوا هەل تەماشای یارییەکەی ئەمشەوی بەرامبەر بۆرووسیا دۆرتموندی ئەڵمانی بکات، بۆ ئەوەی کەمێک لە دۆخە خراپەکە راستبکاتەوە.
 
میلان کە پلەی سێیەمی ریزبەندی کۆمەڵەکەی گرتووە، ئەمشەو دەتوانێ هەموو هاوکێشەیەک لە بەرژەوەندی خۆی یەکلایی بکاتەوە و دەشتوانێ فەرموو لە دۆرتمۆند بکات، بۆ ئەوەی بەسەر داروپەردووی رووخانی ئەودا، خۆی بگەیەنێتە قۆناخی شانزەی پاڵەوانێتییەکە.
 
بۆ میلان یارییەکە دەتوانێ هەموو شت بگۆڕێت، ئاراستەیەک بۆ ئەو تیپە و ستیفانۆ پیۆلی راهێنەری دیاریی بکات کە ناوە ناوە دەکەونە نێو گێژاوی ئەنجامی خرای و لەدەستدانی ریتم و لە گرێژنە دەرچوونی هەموو شت، بەرلەوەی جارێکی دیکە و بۆ ماوەیەکی کاتی، هەموو شت راستبکەنەوە.
 
میلان کە وەرزی رابردوو لە قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکە بوو، پێشبینیدەکرا ئەمساڵ لانیکەم هەمان هەنگاو هەڵبنێتەوە، بەڵام کەوتنە نێو کۆمەڵەیەکەوە کە سێ زەبەلاحی لە سێ وڵاتی جیاوازەوە خستووەتە بەرامبەر میلان، ئەرکەکەی لەو یانە ئیتاڵییە زۆر قورسکرد.
 
ستیفانۆ پیۆلی راهێنەر، دەیەوێت وەبەرهێنان لەو سەرکەوتنە گرنگەدا بکات کە تیپەکەی لەسەرەتای هەفتەدا لە سێری ئا بەرامبەر فیۆرێنتینا بەدەستیان هێنا، ئەو دەیەوێت ئەو ویستی بردنەوەیە لە خولی نێوخۆوە بگوازێتەوە چامپیۆنزلیگ و بەوەش بگەڕێتەوە نێو هاوکێشەکانی سەرکەوتن بۆ قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە.
 
بۆرووسیا دۆرتموند، بەرلەم یارییە پێشەنگی کۆمەڵەکەی گرتووە و پێش رکابەرە بەهێز و سەرسەختەکانی کەوتووە. زەبەلاحە ئەڵمانییەکە لە دوایین دوو گەڕی پاڵەوانێتییەکەدا، هەموو هاوکێشەیەکی هەڵگێڕایەوە و لە نزیکترین تیپەوە بۆ چوونە دەرەوە، دۆخەکەی گۆڕی بۆ نزیکترین لەسەرکەوتن بۆ قۆناخی داهاتوو.
 
دۆرتموند بە دوو بردنەوەی لەسەریەک لە نیوکاسڵ، ئێستا پێشەنگی کۆمەڵەکەی گرتووە و نایەوێت دەستبەرداری خەونی پەڕینەوە بۆ قۆناخی شانزە ببێت، چونکە ئەو لە باشترین دۆخدا روو لە یاریگەی میلان دەکات و نایەوێت بەلەدەستدانی ئەو باشییەوە، بگەڕێتەوە ئەڵمانیا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە