ڤیدیۆ؛ بلووشی بە قورگی پڕەوە ماڵئاوایی لە زاخۆ کرد

29-04-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن تەڵاڵ بلووشی یانەی زاخۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کاروانی تەڵاڵ بلووشی، راهێنەری قەتەری لەگەڵ یانەی زاخۆ کۆتاییهات، راهێنەرەکە شەوی دووشەممە لە فرۆکەخانەی هەولێرەوە گەڕایەوە قەتەر، بەڵام رۆیشتنەکەی کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا و بەشێکی زۆری هاندەرانی یانەی زاخۆ لە سۆشیاڵ میدیادا هاوخەمی خۆیان بۆ رۆیشتنی ئەو راهێنەرە لە یانەکە پێشاندەدەن.
 
بلووشی چەند رۆژێک لەمەوبەر دوای دۆڕانی یانەی زاخۆ لە یاریی بەرامبەر دیالە، بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەیدا و کارگێڕیی یانەکە دەستلەکارکێشانەوەکەی قبوڵکرد، دوای ئەوە ژمارەیەکی زۆری هاندەرانی زاخۆ چوونە بەردەم شوێنی مانەوەی راهێنەرەکە و ناڕەزایەتیان لە بەرامبەر رۆیشتنی ئەو راهێنەرە پێشاندا.
 
دوای نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە، راهێنەرەکە ویستی لە زاخۆ بچێتە دەرەوە، بەڵام هەزاران هاندەر چوونە سەر رێگەیان، بەشێکی زۆریان بە چاوی پڕ فرمێسکەوە ماڵئاواییان لە راهێنەرە قەتەرییەکە کرد، دوای مانەوەی لەنێو هاندەرانی زاخۆ بۆ زیاتر لە کاژێرێک، دواجار تەڵاڵ ماڵئاوایی لە زاخۆ کرد و لە دوای خۆیدا یادگاریی زۆری لەنێو هاندەرانی یانەکەدا بەجێهێشت.
 
بەر لە گەڕانەوەی بۆ وڵاتەکەی تەڵاڵ بلووشی، قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و وردەکاریی نوێی لەبارەی کاروانی کارکردنی لەگەڵ یانەی زاخۆ باسکرد.
 
راهێنەرە قەتەرییەکە دەڵێت "ئەوەی لە زاخۆ و لەنێو هاندەرانی یانەکەدا بینیم، پێشتر نەمبینووە و جارێکی دیکە ئەوە رووناداتەوە."
 
تەڵاڵ بلووشی بە رووداوی گوت "بەر لە هەر شت بەناوی خوا، بێگومان سوپاسی تۆ دەکەم کە لەسەرەتای هاتنەوە لەگەڵماندایت هەتاوەکو ئیستا، رووداوە خۆشەکان و رووداوە باشەکان و ئەو رووداوانەی کە وام لێدەکەن ئێستا کە دەڕۆم دڵخۆش بم، هەروەها دڵنیابم لەوەی کە من کارمکرد و ماندووبووم و کەمتەرخەمیم نەکرد و هاندەرانیش کارەکەیان بینی و ئەوان حەزیاندەکرد من بەردەوام بم و لێرەبم، بەڵام هەمووان دەزانن ئەو رووداوانەی لەماوەی رابردوودا روویاندا و ئەو شتانەی کە رێگەیان گرت لەوەی کە بەردەوام بم، بەڵام ئەمانە نابنە ئەوەی من زاخۆ لەبیر بکەم، یان هاندەرانی زاخۆ لەبیر بکەم یان ئەو خێزانەم لەبیر بکەم کە لێرە هەمە کە هاندەرانی یانەکەن، هەروەها ئەو دایکانەی لە ماڵەوەن و من ئەم دوو رۆژە خۆشەویستییەکم بینی نە پێشتر بینیومە و نە پێشبینیدەکەم لە داهاتوودا بیبینم، خۆشەویستییەک لە هەمووانەوە، لە گەورەکان و بچووکەکان، خەڵک لە کاژێر حەوتی بەیانییەوە لەبەردەمی ماڵەکەم بوون تاوەکو کاژێر و دووی شەو، من بەڕاستی سوپاسیاندەکەم، سوپاسی هەمووتان دەکەم، هەمووتان دەخەمە سەرسەرم و ئەگەر من کەمتەرخەمیم هەبووبێت، داوای لێبوردنتان لێدەکەم."
 

تەڵاڵ لە قسەکردن بەردەوامبوو و دەڵێت "ئەزموونێکی زۆر ناوازەبوو، ئەزموونێک کە زۆر شتی فێرکردم و کارمکرد، تێکوشام و جەنگام لەگەڵ برایانم لە ستافەکەم و یاریزانەکان و سوپاسی هەموو کەسێک دەکەم کە تەڵاڵی لەدڵدایە، سوپاسی هەر کەسێک دەکەم کە یانەکە و تیپەکەی خۆشویست، سوپاسی هەر کەسێک دەکەم کە دڵسۆزانە کاریان بۆ سەرخستنی ئەم دامەزراوەیە کرد و سوپاسی پارێزگاردەکەم کە گوهدار شێخۆ کە لە یەکەم ساتی هاتنمەوە تاوەکو رۆیشتن، لە هیچ شتێک خەمساردیی لەگەڵ نەکرد، لەگەڵ من و یاریزانان و شارەکە و ئەو کەسێکی ناوازە بوو، هەروەها سوپاسی سەرۆکی یانە دەکەم، کاک عەمار کە هاوڕێ و برا و پاڵپشتم بوو، هیچ کات هەستم بەغەریبی نەکرد، چونکە ئەو لەگەڵمبوو، هەروەها زۆر کەسی دیکە کە هیچ کەمتەرخەمییان لەگەڵ تەڵاڵ بلووشی نەبوو و تەڵاڵ سەرکەوتوو دەبێت، چونکە یانەی زاخۆ سەرکەوتوو دەبێت و ئێمە هەوڵماندا و تێکۆشاین، بەڵام ئیدی ئەمە حاڵی تۆپی پێیە و ئەمڕۆ لێرەین و بۆی هەیە سبەی لە شوێنێکی دیکەبین، یان دووسبەی لێرەین و دەکرێ دواتر لە شوێنێکی دیکە بین، ئەمە تۆپی پێیە، بەڵام من هەموو کات هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم و داواکارم خوا کارئاسانییان بۆ بکات و پشتبەخوا هاندەرانی زاخۆ دڵخۆش دەبن و سەرکەوتوو دەبن."


راهێنەری پێشووی یانەی زاخۆ لەبارەی گریانەکەیەوە لەنێو هاندەرانی یانەی زاخۆدا گوتی "راشکاوانە بڵێم من زۆر بەزەحمەت دەگریم، قورسە زۆر زۆر قورسە من بگریم، فرمێسک بەچاومدا نایەتە خوارەوە، چونکە بەسرووشتم من لەو بابەتانەدا وشکم، بەڵام دوو رۆژی رابردوو و ئەو هەڵوێستانەی بینیم وایکرد کە بگریم، چونکە گریان شەرم نییە، بەڵکو گوزارشتە لەوەی لە ناختدایە و ئەوە نیشانەی باشی و خۆشەویستیتە بۆ ئەو شوێنەی لێی بوویت. دوو رۆژی رابردوو هەندێک شتم بینی کە هەرگیز نەمبینیووە و هەرگیزیش نایبینمەوە، ئەگەر ئیستا بێم روونی بکەمەوە چۆن بوو، بەڕاستی کەس باوەڕ ناکات، منداڵان و پیرەکان، بەڕاستی سەیربوو، یەکێک هاتبوو دەیگوت بەخوا لە ماڵەکەی من ناچیتە دەرەوە، بەس دەمەوێ سڵاوت لیبکەم، بەڕاستی ئەو شتە نەبینراوە، خەڵکم بینی لەبەردەرگاکەمدا، دایکان، باوکان، پیرەکان، منداڵان و گەنجان هەموو هاتبوون و دەیانگوت تۆ نابێ بڕۆیت، تۆ دەبێ بمێنیتەوە و ئێمە هەموو شت دەکەین."

 
لەگەڵ ئەوەی وازی لە کارەکەی هێناوە، بەڵام راهێنەرە قەتەرییەکە هێشتا دڵی لای هاندەرانی یانەکەیە و دەڵێت "من نامەوێ هاندەران بخەمە نێو ناکۆکییەوە لەگەڵ یانەکە، چونکە یانەکە رووداوی گرنگ و یاریی گرنگ چاوەڕێیدەکات، هەوڵدەدەن دۆخەکە ئارام بکەنەوە و ئەم قۆناخە تێپەڕێنن، دەزانم کە هاندەران خۆشەویستییەکی گەورەیان بۆ تەڵاڵ هەیە. باوەڕبکەن ئەوەی ئەمڕۆ روویدا لە هیچ شوێنیکی دونیا رووناداتەوە، هاندەران بێن و ئۆتۆمبێل رابگرن و نەهێڵن بڕوات و نابێ راهێنەر بڕوات، ئەمە شتێکی زۆر گەورەیە و من زۆر سوپاسیاندەکەم لەسەرئەمە و پێزانینم هەیە بۆیان و لەسەر سەرمیان دادەنێم، لە کاتێکدا ئەوان لە دوێنێوە راوەستاوون و هیچ ناچارنین وابکەن، تەنیا لەبەرئەوە نەبێت کە باوەڕیان بەکارەکە و بەکەسەکە هەبوو و راهێنەرەکەیان وەک کەسێک خۆشویستووە و زۆر سوپاسیاندەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم و هیوادارم ئەو خۆشەویستییەی ئەوان بەمنیان بەخشی، هەمان شت لە منداڵەکانیان وەربگرنەوە."

 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بلووشی دەڵێت "تۆپی پێ هەموو کات پشت بەکۆمەڵە دەبەستێت و بریتییە لە کارکردن لەگەڵ کۆمەڵدا و کۆمەڵیش پێویستی بەچەند هۆکارێک هەیە، یەکەمیان ستافی راهێنەران، کارگێڕی و ستافی پزیشکی و ئەگەر هەریەک لەوانە کێشەیان بۆ دروست بێت، کێشە لە تیپەکەدا دروست دەبێت. یاریزانان هەروەها چونکە تیپ ژمارەیەک یاریزانە کە لە چینی جیاوازەوە هاتوون و ئەگەر کەموکورتی تێبکەوێت، کێشەت بۆ دروستدەکات، ئێمە ئەوەی لەسەرشانمان بوو کردمان و تیپەکە هەوڵیدا ئەوەی دەیەوێت بەدەستی بهێێێت، بەڵام لە ماوەی رابردوودا لە ئاستی خۆیدا نەبوو و ئەوەش سرووشتی تۆپی پێیە، بەڵام جارێکی دیکەش دەیڵێمەوە ئەو خەڵکەی لە کارەکە دەزانن و لە یانەکەوە نزیکن ئەگەر بەهای کارەکەی منیان نەناسیبوایە نەدەهاتن ئەمڕۆ داوای نەڕۆیشتنی من بکەن، لەوانەشە رۆیشتنی من لە بەرژەوەندیی تیپەکە کۆتایی بێت، ئەوەیان خوا دەیزانێت و من هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم و سەرکەوتن بۆ هاندەران و بۆ یاریزانەکان و کارگێڕی و هیوادارم ئاستیان باش بێت."
 
تەڵاڵ بلووشی لە رێگەی رووداوەوە باسی یەکەم ساتی هاتنی بۆ زاخۆ و رۆیشتنی لەو شارە دەکات و گوتی "من کە هاتم بۆ زاخۆ دەترسام، چونکە نەمدەزانی چی روویدەدا، بەڵام کە دەچمە دەرەوە دڵخۆشم، زۆر دڵخۆشم تەنیا بەخۆشەویستیی هاندەران، من نەهاتبووم ئەرکێک جێبەجێ بکەم و ئامانجێک بەدی بهێنم، پلەی چوارەم یان پێنجەم بەدەست بهێنم، من هە رکە هاتم هەوڵمدا و کارمکرد لەگەڵ یاریزانەکان تاوەکو دەستکەوتێک بۆ ئەم دامەزراوەیە بەدی بهێنین، چونکە ئەم جەماوەرە شایستەی ئەوەبوون دەستکەوتێکیان هەبێت، بەڵام هەمووکات دەستکەوت، بەکارکردن، ئارامگرتن و قوربانیدان بەدی دێت و لەگەڵ ئامانج و کاری زۆر. من دەڕۆم، بەڵام دڵخۆشم رووم سپییە و سەربەرزم و پێدەکەنم، چونکە ئەوەی ئەم دوو رۆژە روویدا، دووپاتیکردەوە کە هەمووان دەیانزانی من کاردەکەم."
 

 

لە کۆتایی قسەکانیدا تەڵاڵ بلووشی هیوای سەرکەوتن بۆ یانەی زاخۆ دەخوازێت و دەڵێت "من هاندەرانی زاخۆ لەبیرناکەم، پڕۆژەکەم لەوانەوە دەستیپێکرد و ئێمە لەگەڵ ئەوان و یانەکەدا تەواوکەری یەکتربووین و هەردووکمان سەەرکەوتووبووین و کاری باشمانکرد، بەڵام سەرکەوتن هەموو کات ئەوەیە کە تۆ نازناو بەدەست بهێنیت و پشتبەخوا یانەکە بەردەوام دەبێت لەکارکردن ویەکگرتوویی هەموو گرووپ و ئامانجەکان و دەکرێ یانەکە نازناوێک بباتەوە.بەڵام ئێمە ئەم دوو وەرزە تیپێکی بەهێزمان پێشاندا کە هەمووان باسیدەکەن نەک تەنیا لە عێراق، هەمووان لێی دەترسان و یارییەکەیانی یانەکەیان لە خولەکەدا دەبینی و هیوادارم بەباشترین شیوە کۆتایی بەوەرزەکەی ئەمساڵی بهێنیت."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە