رووداو دیجیتاڵ
هاندەرانی یانەی زاخۆ بە کۆکردنەوەی زیاتر لە 13 ملیۆن خاڵ نازناوی باشترین هاندەری جیهانیان لەلایەن یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا)ـەوە پێ بەخشرا، بەڵام ئەم ژمارەیە بەو واتایە نایێت 13 ملیۆن کەس دەنگیان دابێت، بەڵکو بەپێی هاوکێشەیەکی بیرکارییانە ژمارەی دەنگدەرە راستەقینەکان دەردەکەوێت.
بەپێی ماددەی 6 لە یاسای دابەشکردنی خەڵاتەکانی فیفا بۆ ساڵی 2025، سیستەمی دەنگدان بۆ خەڵاتی هاندەران پشت بە "خاڵ" دەبەستێت نەک تەنیا ژمارەی دەنگ، هەر کەسێک لە ماڵپەڕی فەرمیی فیفا هەژماری هەبێت و دەنگ بدات، دەبێت سێ پاڵێوراو بەپێی ریزبەندی دیاری بکات.
هاندەر لە کاتی دەنگداندا پلەی یەکەم و دووەم و سێیەم دیاری دەکات، پاڵێوراوی یەکەم 5 خاڵ، دووەم 3 خاڵ و سێیەم 1 خاڵ وەردەگرێت، واتە هەر کەسێک کە دەنگ دەدات کۆی گشتی 9 خاڵ دەبەخشێتە سێ پاڵێوراوەکە.
بەپێی ئەو ئەنجامانەی بڵاوکراونەتەوە، هاندەرانی زاخۆ 13,380,932 خاڵیان بەدەستهێناوە، ئلیخاندرۆ سیگانۆتۆ 7,387,581 خاڵ و مانۆلۆی ئیسپانی 3,908,323 خاڵیان کۆکردووەتەوە، کۆی گشتی خاڵەکانی هەرسێ رکابەرەکە دەکاتە 24,676,836 خاڵ.
لێرەدا بۆ ئەوەی ژمارەی ئەو کەسانە دەربچێت کە بەشدارییان لە پرۆسەکەدا کردووە، کۆی خاڵەکان دابەشی 9 دەکرێت (کە کۆی خاڵەکانی یەک دەنگدەرە)، ئەنجامەکە دەریدەخات کۆی گشتی 2,741,870 کەس لە سەرانسەری جیهان بەشدارییان لەم دەنگدانەدا کردووە.
سەبارەت بە هاندەرانی زاخۆ کە خاوەنی 54%ـی خاڵەکانن، ژمارەکان ئەوە دەسەلمێنن زۆرینەی رەهای بەشداربووان ئەوانیان وەک "پلەی یەکەم" هەڵبژاردووە، چونکە ئەگەر خاڵەکانی زاخۆ دابەشی 5 بکرێت (کە نیشانەی دەنگی پلە یەکەمە)، دەردەکەوێت نزیکەی 2,676,186 کەس زاخۆیان وەک باشترین هاندەر دیاری کردووە و 5 خاڵی تەواویان پێ بەخشیوون.
ئەم سەرکەوتنە بە جیاوازییەکی زۆر بوو لەگەڵ پلەی دووەم، بەو پێیەی رکابەرەکەیان تەنیا 30%ـی خاڵەکانی بەدەستهێناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ