پلاتینی: ئێمباپێ نە مێسییە نە مۆدریچ، ئێمباپێ، ئێمباپێیە

29-05-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ میشێل پلاتینی یانەی ریال مەدرید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

میشێل پلاتینی، ئەفسانەی پێشووی تۆپی پێی فەرەنسا، بەرگری لە کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی دیاری ریال مەدریدی ئیسپانی کرد و دووپاتیکردەوە ئەو بەهرەمەندێکی ناوازەیە، بەڵام نابێ چاوەڕێی ئەوەی لێ بکەن ببێتە مێسی یان مۆدریچ.
 
ئێمباپێ لە یەکەم وەرزی یارییکردنی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید، لە لالیگا 31 گۆڵ و لە کۆی پاڵەوانێتییەکانی وەرزەکەش 43 گۆڵی تۆمارکرد و بەوەش نازناوی گۆڵکەری ئیسپانیا و ئەورووپای بەدەستهێنا.
 
ئاستی باشی ئێمباپێ، هاوکاتبوو لەگەڵ ئاستی خراپی ریال مەدرید لە وەرزی ئەمساڵدا کە هیچ نازناوێکی نەبردەوە.
 
پلاتینی لەبارەی وەرزی یەکەمی ئێمباپێ لەگەڵ ریال مەدرید دووپاتیدەکاتەوە، "ئێمباپێ بەهرەمەندێکی مەزن و ناوازەیە، 43 گۆڵی تۆمارکردووە و لاپچینی زێڕی بردووەتەوە، ئەوەش لە کاتێکدا کە تیپەکەی لە باشترین ئاستی خۆیدا نەبوو، بەڵکو وەک تیپێکی ماندوو و شەکەت دەهاتە بەرچاو".
 
ئێمباپێ لەگەڵ ریال مەدرید خۆی ئامادە دەکات بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالی یانەکان لە ئەمریکا.
 
پلاتینی کە پێشتر سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپاش بووە، زیاتر دەڵێ، "ئێمباپێ بەسرووشت گۆڵکەرە، ناکرێ چاوەڕێی ئەوەبین ببێتە مێسی، یان مۆدریچ، یان زیدان و تەنانەت پلاتینیش، ئەو ئێمباپێیە، ئەرکی سەرەکیی گۆڵکردنە و بەلێهاتوویی ئەرکەکەی خۆی جێبەجێدەکات".
 
پلاتینی هەروەها هۆشدارییەکی ناڕاستەوخۆی ئاراستەی چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری نوێی ریال مەدرید کرد، ئەو دەڵێ، "لەبیرکردنەوەی هەندێک راهێنەری نوێ تێناگەم، ئێمباپێ گۆڵکەرە، ئەوە بنەمای رۆڵی ئەوە لە تیپەکەدا. راهێنەر دەبێ هەڵبژێرێت، لەنێوان تیپێک کە چەقی تیپەکە ئێمباپێ بێت، یان تیپێکی هاوسەنگ کە ئەو بەشێک بێت لە تیپەکە، هەردوو بژاردەکە، ئاڵنگاریی گەورەن بۆ راهێنەر".
 
چابی ئەلۆنسۆ پاش واژۆکردنی گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید، بڕیارە رۆژی شەشی مانگی داهاتوو، سەرپەرشتی یەکەم یەکەی مەشقی یانەکەی بکات، بەرلەوەی بەرەو ئەمریکا بەڕێبکەوێت بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالی یانەکان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە