بارسێلۆنا گورزێکی دیکە لە تێرشتیگن دەدات

29-06-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن تیرشتیگن بارسێلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایان کردووە کە کارگێڕیی یانەی بارسێلۆنا بڕیاریداوە گورزێکی دیکە لە مارک ئاندرێ تێرشتیگنی ئەڵمانی، گۆڵپارێزی یانەکە بدات و نیشانەی کاپتنی لێوەربگرێتەوە. 
 
تووڕەیی بەرامبەر بەم گۆڵپارێزە لەنێو یانەکەدا زیادیکردووە بەهۆی رەتکردنەوەی رۆیشتنی لە بازاڕی گواستنەوەی ئەم هاوینەدا، بەتایبەتیش دوای گرێبەستکردن لەگەڵ گۆڵپارێزی گەنج، خوان گارسیا.
 
گۆڵپارێزە ئەڵمانییەکە سوورە لەسەر مانەوەی لە بارسێلۆنا، سەرەڕای ئەوەی یانەکە بەدوای رێگەیەکدا دەگەڕێت بۆ دەستبەرداربوون لێی لەماوەی مێرکاتۆی ئەم هاوینەدا.
 
بارسێلۆنا دەیەوێت تێرشتیگن بفرۆشێت یان تەنانەت گرێبەستەکەیشی هەڵبوەشێنێتەوە، ئەمەش دوای گواستنەوەی گارسیا لە ئیسپانیۆلەوە، جگە لە نوێکردنەوەی گرێبەستی گۆڵپارێزە پۆڵەندییەکە، ڤۆیچێک چێزنی.
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی پێشووتری رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی، بارسێلۆنا کێشەی نییە لەگەڵ رۆیشتنی گۆڵپارێزە ئەڵمانییەکە بەبێ بەرامبەر، بەڵام بەو مەرجەی داوای پاشماوەی مووچەکەی نەکات کە لە گرێبەستەکەیدا ماوە و لەساڵی 2028 کۆتایی دێت.
 
راپۆرتەکە روونیکردووەتەوە کە شتیگن کارگێڕیی یانەکەی ئاگادارکردووەتەوە لە رەتکردنەوەی بیرۆکەکە و هەوڵدەدات لە وەرزی داهاتوودا لەگەڵ تیپەکە بمێنێتەوە و شەڕ لەسەر شوێنی سەرەکی بکات لەبەردەم گارسیا و چێزنیدا، یان تەواوی مووچەکەی اتوەکو کۆتایی ماوەی گرێبەستەکەی پێبدەن.
 
لەوەڵامی پەرەسەندنی رووداوەکان لەنێوان هەردوولادا، رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ باسی لەوە کردووە کە یانەکە نیازی هەیە لە وەرزی داهاتوودا نیشانەی کاپتنی لە شتیگن وەربگرێتەوە ئەگەر نەڕوات.
 
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە "دەنگانێک لەناو یانەکەدا دەرکەوتوون کە پێیانوایە هێشتنەوەی نیشانەی کاپتنی لەلای تێرشتیگن چیدی لۆژیکی نییە، تەنانەت ئەگەر گۆڵپارێزە ئەڵمانییەکە بڕیاری مانەوەش بدات، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی راهێنەر هانزی فلیک پێیڕاگەیاندووە کە پشت بە گارسیا دەبەستێت وەک گۆڵپارێزی سەرەکی".
 
راپۆرتەکە دووپاتی دەکاتەوە "چاوەڕوان دەکرێت ئەم دۆسێیە یەکلایی بکرێتەوە، دوای گەڕانەوەی تیپەکە لە پشووی هاوینە، کە پێویستە فلیک بڕیارێکی کۆتایی بدات سەبارەت بەوەی کێ دەبێتە کاپتنی یەکەم".
 
فلیک لە گرنگیی ئەم رۆڵە تێدەگات، لە پەیوەندی راستەوخۆ لەگەڵ دەستەی هونەری و کارگێڕیدا، بەتایبەتی لە قۆناخی پێش دەستپێکردنی وەرزی نوێدا، کە گفتوگۆی یەکلاکەرەوەی تێدا دەکرێت سەبارەت بە داهاتووی پڕۆژە وەرزشییەکە.
 
تێرشتیگن لە ساڵی 2014 لە یانەی بۆرووسیا مونشنگلادباخی ئەڵمانییەوە پەیوەندیی بە بارسێلۆناوە کرد و لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکەدا 422 یاریی ئەنجامداوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە