رووداو دیجیتاڵ
پاشای رۆڵاند گارۆس، رافایێل نادال هەنگاوی یەکەمی بۆ بەرگریکردن لە نازناوەکە بەسەرکەوتوویی هاوێشت و خۆی گەیاندە قۆناخی دووەمی پاڵەوانێتییەکە.
ڕافا لە یەکەم دەرکەوتنیدا بەرامبەر ئیگۆ گیراسیمۆڤی بیلارووسی یارییکرد، وەک چاوەڕواندەکرا ماتادۆر، یارییەکەی بە سێ کۆمەڵەی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندی خۆی یەکلاییکردەوە.
لە کۆمەڵەی یەکەم و دووەمدا نادال، بە شەش چوار شەش چوار پێشکەوت، کۆمەڵەی سێیەم ئاستی رکابەرەکەی دابەزی و بە شەش دوو ئەو کۆمەڵەیەش کۆتاییهات، لە قۆناخی داهاتوودا نادال بەرامبەر مایکل ماکدۆناڵدی ئەمریکی یارییدەکات.
دۆمینیک تیمی نەمسایی بە ئاسانی جێگەی خۆی لە قۆناخی دووەمدا کردەوە، دوای ئەوەی بە ئاسانی لە مارین شیلیچی کرواتیی بردەوە.
یارییەکە بۆ هەمووان چاوەڕواننەکراو بوو، کاتێک شیلیچ بە ئاستێکی خراپەوە دەرکەوت و سێ کۆمەڵەی لەسەریەکی دۆڕاند، ئەنجامەکان شەش چوار، شەش سێ و شەش سێ بوون.
ئەمە دووەم بردنەوەی تیمە بەرامبەر شیلیچ لە ماوەی تەنیا یەک مانگدا، کاتێک لە پاڵەوانێتی کراوەی ئەمریکاش تێنسزانە کرواتییەکەی کردە دەرەوە.
لە ئەنجامێکی چاوەڕواننەکراودا، دانیێل مێدڤێدێڤی رووسی و چوارەمی ریزبەند، ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتییەکە کرد و لە قۆناخی یەکەمدا لەسەر دەستی مارتۆن ڤۆکسۆڤیچی هەنگاری کرایە دەرەوە.
ئەنجامی کۆمەڵەکان شەش چوار، حەوت شەش و دوو شەش و شەش یەکبوون، لە قۆناخی داهاتوودا ڤۆکسۆڤیچ بەرامبەر ئەلبێرت رامۆس ڤینۆلاسی ئیسپانی یارییدەکات.
لە رکابەرییەکانی ئاستی خانماندا، ئەستێرەی ئەمریکا، سێرینا ویلیامز خۆی گەیاندە قۆناخی داهاتوو، دوای بردنەوەی لە کریستی ئاهنی هاونیشتمانی.
ویلیامز بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت، حەوت شەش و شەش سفر یارییەکەی بردەوە و گەیشتە قۆناخی دووەم، لەو قۆناخەدا بەرامبەر سڤیتانا پیرونکۆڤای بولگاری یارییدەکات.
یێلینا سڤیتۆلینای ئۆکراینی یەکێکی دیکە بوو لە سەرکەوتووان بۆ قۆناخی دووەم، بەڵام بە زەحمەت.
سڤیتۆلینا یارییەکی قورسی بەرامبەر ڤارڤارا گراشیڤای رووسی یارییکرد، بە دوو کۆمەڵەی بێبەرامبەر حەوت شەش و شەش چوار سەرکەوتنی بەدەستهێنا و قۆناخی داهاتوو بەرامبەر ریناتا سارسورا مەکسیکی یارییدەکات
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ