رووداو دیجیتاڵ
یەکەم و دووەمی جیهانن، لەو یاریگەیەدا کە مێژووی ئەفسانەیەک تێیدا نەخشێنراوە، رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکی سەرنجڕاکێش و گەورەی جیهان دەکەن.
یانیک سینێری ئیتاڵی، پێشەنگی جیهان و کارلۆس ئەلکارازی ئیسپانی، دووەمی تێنسزانان، لە یاریی کۆتایی رۆڵاند گارۆسدا رووبەڕووی یەکبوونەوە.
سەرەتای رکابەرییەکە بەپێشکەوتنی سینێر دەستیپێکرد و کۆمەڵەی یەکەم بە شەش چوار تەواو بوو.
لە کۆمەڵەی دووەمدا، باڵابەرزە ئیتاڵییەکە باڵادەستیی خۆی دووپاتکردەوە و لە تای برێکدا بە حەوت شەش ئەو کۆمەڵەیەشی بردەوە.
ئەلکاراز بە توانایەکی جەستەیی بەهێزەوە گەڕایەوە، شەش چوار ئەنجامی کۆمەڵەی سێیەم بوو و لاوە ئیسپانییەکە بە متمانەوە گەڕایەوە نێو رکابەرییەکە و لەنێو پەیژەکانیش پاڵپشتییەکی بەهێزی هەیە.
تەنیا خاڵێک بەسبوو بۆ ئەوەی سینێر ببێتە پاڵەوان، خاڵەکە لەدەستدرا و نزیکەکانی دڵتەنگن، ئەوە ساتی گەڕانەوە گەرموگوڕەکەی ئەلکاراز بوو و حەوت شەش تێنسزانە ئیسپانییەکە ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە.
لە کۆمەڵەی یەکلاکەرەوەدا، کارلۆس هەمووان بردەوە لای بیرەوەرییەکانی نادال و بەشێوەیەکی هونەری جوان تۆپەکەی ناردە شوێنی مەبەست و لەنێو پەیژەکاندا هەمووانی سەرسامکرد.
یارییەکە درێژ و ماندووکەر بوو، دوای 5 کاژێر 29 خولەک ئەلکاراز بە سێ کۆمەڵە بەرامبەر دوو کۆمەڵە یارییەکەی بردەوە و بووە پاڵەوان، سینێر هاتە پێشەوە و بە باوەشێک پیرۆزبایی لە رکابەرەکەی کرد، ئەلکاراز بە دڵخۆشییەکی زۆرەوە چووە نێو نزیکەکانی و ئاهەنگی بردنەوەی گێڕا.
دوای ئەوەش بۆ سەر ستەیج و بۆ جاری دووەم نازناوی رۆڵاند گارۆسی بردەوە، ئەمە دووەم نازناوی ئەم وەرزەیەتی لە گراندسلامدا و پێنجەم نازناوە تێنسزانە ئیسپانییەکە لە پاڵەوانێتییە گەورەکاندا دەیباتەوە.
ئەلکاراز پێنج یاریی کۆتایی گراندسلامی کردووە و هەر پێنج یارییەکەی بردووەتەوە، ئەمە ریکۆردێکە پێشتر کەس لە گراندسلامدا تۆماری نەکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ