گواردیۆلا زەنگی مەترسی لێدەدات: ئەگەر بە ئاسانی سەیری هیلال بکەین ئازارمان دەدات

30-06-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن پێپ گواردیۆلا مۆندیالی یانەکان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتیی ئینگلیزی، هۆشداری دەدات لە تواناکانی یانەی هیلالی سعودی، پێش رووبەڕووبوونەوەیان لە قۆناخی شازدەی مۆندیالی یانەکاندا.
 
راهێنەرە ئیسپانییەکە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی تایبەت بە یارییەکە رایگەیاند، نابێت بە هیچ شێوەیەک بە کەمی سەیری تواناکانی یانە سعودیەکە بکەن و پێویستە بەوپەڕی رێزەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەن.
 
پێپ گواردیۆلا گوتی "یارییەکەی نێوان ریال مەدرید و هیلال ئەوەی سەلماند کە 'زەعیم' (نازناوی یانەی هیلال) توانای پێشکەشکردنی تۆپی پێی رکابەریی هەیە."
 
راهێنەرەکەی سیتیزن زیاتر گوتی "تەنیا هیلال نییە کە دەتوانێت تۆپی پێی رکابەری پێشکەش بکات، بەڵکو هەموو یانەکانی خولی پیشەگەری سعودی زۆر گەشەیان کردووە و ئاستیان بەرزبووەتەوە."
 
دەربارەی بۆچوونی لەسەر یانەی هیلال، گواردیۆلا روونیکردەوە  "توانایەکی رێکخستنی زۆر بەرزیان هەیە، ئەگەر بە خۆمان بڵێین کە دەتوانین بە ئاسانی سەرکەوین بۆ قۆناخی چارەکی کۆتایی، ئەوا تووشی ئازارێکی زۆر دەبین. هیلال توانای ئەوەی هەیە ئازاری رکابەرەکانی بدات."
 
گواردیۆلا زیاتر لەسەر لایەنی تاکتیکی و هونەری یانەی هیلال قسەیکرد و گوتی: "سەرەڕای ئەوەی کاپتنەکەیان یاری ناکات کە خێرایی و هێزیان پێدەبەخشێت، بەڵام یاریزانێکی وەک ساڤیچیان هەیە کە بەهۆی باڵا بەرزییەکەیەوە دەتوانێت سوود لە تۆپە بەرزەکان وەربگرێت و بیانکاتە هەلی مەترسیدار."
 
راهێنەرە ئیسپانییەکە دەڵێت "جا بە سێ بەرگریکاری ناوەند یاری بکەن، هەروەک چۆن سیمۆنی ئینزاگی لەگەڵ ئینتەر میلان دەیکرد، یان بە چوار بەرگریکار یاری بکەن، ئەوا یانەیەکی زۆر رێکخراو دەبن، چونکە شێوازێکی یاریکردنی روونیان هەیە."
 
پێپ گواردیۆلا بە باشی سیمۆنی ئینزاگی، راهێنەری یانەی ئینتەر میلان دەناسێت، بەناوبانگترین رووبەڕووبوونەوەی نێوانیان لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی 2023 بوو، کاتێک مانچێستەر سیتی بە گۆڵێکی رۆدری، نازناوەکەی لە یانە ئیتاڵییەکە بردەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە