فلیک ناوی 4 یاریزانی نوێی رادەستی دیکۆ کرد

31-05-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن دیکۆ هانزی فلیک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسیلۆنا لیستێکی بەناوی چوار یاریزان داوەتە دەست دیکۆی بەرێوەبەری وەرزشیی بارسێلۆنا بۆ ئەوەی لەماوەی گواستنەوەکانی داهاتوودا گرێبەستیان لەگەڵ بکات.
 
دیکۆ و هانزی فلیکی راهێنەر بەتەواوی سەرنجیان لەسەر ئامادەکارییە بۆ وەرزی داهاتوو، کە ئەنجامەکان لە هەموو چاوەڕوانییە سەرەتاییەکان زیاترن. 
 
یانە کەتەلۆنییەکە سێ نازناوی ناوخۆیی، کە بریتین لە جامی سوپەری ئیسپانیا، جامی شا و لالیگای بەدەستهێنا، ئەمە جگە لەوەی لە ماوەی 10 ساڵدا بۆ یەکەمجار گەیشتە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ.
 
بارسیلۆنا هەوڵدەدات بەردەوام بێت لە پڕۆژەی ئێستای، کە جۆش و خرۆشی لای هاندەرانی هەڵگیرساندەوە، بۆیە کارگێڕیی یانەکە پلانی هەیە ئەو یاریزانانە دووربخاتەوە کە کاریگەری خوازراویان پێشکێش نەکردووە وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەنجامدانی چەند گرێبەستێکی نوێ. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی ئیل ناسیۆناڵی ئیسپانی، هانزی فلیکی راهێنەر لەماوەی گواستنەوەی هاوینەدا چوار یاریزانی دەستنیشانکردووە بۆ بەهێزکردنی پێکهاتەکەی.
 
داخوازییەکانی فلیک لە پۆستی گۆڵپارێزەوە دەستپێدەکات، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە هەردوو گۆڵپارێزی یانەکە، ڤۆیچیچ چێزنی و مارک ئاندرێ تێرشتیگن لە ئاستی داخوازییەکاندا نین و تەمەنیشیان گەورەیە، ئەمەش وایکردووە کارگێڕیی یانەکە بیر لە گواستنەوەی گۆڵپارێزێکی نوێ بکەنەوە. 
 
خوان گارسیای گۆڵپارێزی ئیسپانیۆل بەئەگەرێکی زۆرەوە بژاردەی یەکەمە، هەرچەندە تاکە بژاردە نییە. هەروەها یانەکە چاودێری دۆخی گریگۆر کۆبێلی گۆڵپارێزی بۆرووسیا دۆرتموند و مایک ماینانی گۆڵپارێزی ئەیسی میلان دەکات.
 
لە هێڵی بەرگریدا فلیک پێیوایە یاریزانێکی نوێی دڵی بەرگری زۆر پێویستە، چونکە پێیوایە رۆناڵد ئاراوخۆ پێویستە بەڕێبکات و یانەکەش هیوادارە لە فرۆشتنەکەیدا داهاتێکی دارایی بەرچاو بەدەستبهێنێت. هەروەها بڕیارە دوای ساڵێک ماوەی گرێبەستەکەی ئاندریاس کریستینسن کۆتایی پێبێت و ئەگەری رۆیشتنیشی هەیە.
 
دوای ئەوەی جۆناسان تا چووە بایرن میونشن، یۆرێل هاتۆی بەرگریکاری ئەیاکس وەک بژاردەیەکی گونجاو دیارە بەهۆی تەمەنی گەنجی و هەمەلایەنەیی و تێچووی گونجاوەوە، کە تەمەنی 19 ساڵە و بە باشترین بەهرەی لاوی خولی هۆڵەندی دەستنیشانکراوە.
 
لەباڵی بەرگری راست، سەرەڕای دەرکەوتنێکی باشی ئێریک گارسیا، پێویستییان بە یەکێکی دیکەشە و ڤاندەرسۆن و ئاندرێ راتیۆ دیارترین بەربژێرن کە فلیک یەکێکیانی دەوێت.
 
لەهێڵی هێرشبەریدا، دەستەی کارگێڕیی بەسەرۆکایەتی خوان لاپۆرتا و دیکۆ، گواستنەوەی هێرشبەرێکی نوێ بەپێویست دەزانێت، بەتایبەتی بەهۆی دابەزینێکی بەرچاو لە ئاستی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی. 
 
فلیک، جولیان ئەلڤارێز بەگرنگترین ئامانج دەزانێت لە هیڵی هێرشبەری، بە لەبەرچاوگرتنی ئاستە سەرنجڕاکێشەکانی لەگەڵ ئاتلێتیکۆ مەدرید.
 
سەرەڕای گرنگیدان بە ئەلڤارێز، بەڵام بژاردەی دیکەش هەن وەک ئێرلینگ هالاند، ئەلێکساندەر ئیزاک و ڤیکتۆر یوکێرێش .

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە