رووداو دیجیتاڵ
دەستەی کاتیی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، بەشێوەیەکی فەرمی نوێکردنەوەی گرێبەستی سریچکۆ کاتانیچ، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراقی راگەیاند.
هشام محەممەد، گوتەبێژی دەستەی کاتیی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق نووسراوێکی نوێکردنەوەی گرێبەستی راهێنەرەکەی بۆ رووداو ناردووە و دەڵێت، دوای ئەوەی دەستەکە لەگەڵ بەهرۆز دزهبود، بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانەکە لە هەولێر کۆبووە، هەردوولا گەیشتنە رێککەوتنی کۆتایی و گرێبەستی کاتانیچ بەبێ ئامادەبوونی راهێنەرەکە، بۆ ساڵێکی دیکە نوێکرایەوە و لە سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردەی یەکەمی عێراق بەردەوامدەبێت.
پێشتر راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق، بەهۆی کاریگەرییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە رەزامەندیی پێشاندابوو مووچەکەی کەمبکرێتەوە، لەو گرێبەستەدا کە لە ساڵی 2021 کۆتاییدەهات.
هەڵبژاردەی عێراق بڕیاربوو مانگی داهاتوو کەمپێکی مەشق و راهێنان و چەند یارییەکی دۆستانە لە هەولێر ئەنجامبدات، بەڵام بەهۆی دواخستنی پاڵاوتنەکانی جامی ئاسیا و جامی جیهان، هەڵبژاردەکە کەمپەکەی دواخست، تاوەکو ئێستاش کاتانیچ لە سلۆڤینیا ماوە و نەگەڕاوەتەوە عێراق.
هەڵبژاردەی عێراق لە کۆمەڵەی سێیەمی پاڵاوتنەکان یارییدەکات و پلەی یەکەمی ریزبەندی کۆمەڵەکەی گرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ