چاوپۆشی لە گواردیۆلا و بێویژدانی بەرامبەر سۆڵشایەر

31-10-2021
سه‌فین ته‌ها @safintaha
A+ A-
نووسینی سەفین تەها 
 
کێ حەزی دەکرد هەفتەی پێشوو لە شوێنی سۆڵشایەری راهێنەری یانەی مانچێستەر یونایتد بووایە؟ کەس ئیرەیی بە شوێن و مەکانی ئەو دەبرد؟ بۆچی؟ چونکە لەلایەن لیڤەرپوولەوە زەلیلانە پێنج گۆڵی لێکرا و درێژەی بە ئاست ئینجا ئەنجامە خراپەکانیدا، بەڵام ئایا تۆ دەزانی جیاوازی خاڵەکانی نێوان مان یونایتدی سۆڵشایەر و مان سیتیی گواردیۆلا تەنیا سێ خاڵە لە ریزبەندییەکەی پرێمەرلیگ؟ هەفتەی داهاتوو دێربیی مانچێستەرە، ئەگەر مان یونایتد بیباتەوە ئەوا خاڵەکانیان لە خولەکە یەکسان دەبێتەوە، ئەی بۆچی هەمووان داوای دوورخستنەوەی سۆڵشایەر دەکەن و کەسیش زاتی ئەوە ناکات بە گواردیۆلا بڵێ بڕۆ؟ 
 
تۆ ئەگەر هاندەرێک یانیش بینەرێكی تۆپی پێ بیت، چێژ لە یاریکردنی مان سیتی و گۆڵەکانی وەردەگریت، بەڵام ئەگەر بە دیاریکراوی هاندەرێکی سەرسەختی مان سیتی بیت، بەڕاستی هەڵوێست وەردەگری، تووڕە دەبیت، تووشی نیگەرانی و بێهیوایی دەبیت لە گواردیۆلا، ئاخر رێگەکانی سەرکەوتن لەلای هەموو هاندەران ئاشکرایە، لەلای منێکی بینەر و تۆیەکی تەماشاڤان شتەکە روونە کە پێكهاتەی مان سیتی تۆکمەیە، ئەگەر گواردیۆلا خۆی بییەوێ دەتوانێ بآشترین پێکهاتە و یاریزان بخاتە نێو یاریگە و مەگەر قەدەر ئەگەر نا سێ خاڵەکان بە ئاسانی دەچنێتەوە، باشە نهێنی پشتگوێخستنی مەحرەز و گۆندۆگان کە ساڵی رابردوو وە بەشێک لە یارییەکانی ئەمساڵیش لەلایەن ئەم دووانە یەکلاکراونەتەوە چییە؟ ئەم فەلسەفە زیادانە چین کە وابزانیت گابریێل جیسوس دەبێتە رۆناڵدۆی گەورە؟ یەعنی بە کوردی و کورتی، شەش ساڵە سەیری گواردیۆلا دەکەم، کەس سەری لێتێکنادات، کەس بە توانای بەرنگاربوونەوەی نییە جگە لەخۆی، ئەم قسەیە رێک بۆ گواردیۆلایە (مریشک ئەگەر خۆی خۆڵ نەکات بەسەری خۆیدا، کەس ناتوانێت بیکات). 
 
ئێستا بابێینە سەر جیاوازیی سۆڵشایەر و گواردیۆلا.. 
 
هێڵی بەرگرییەکەی مان سیتی لەدوای دەستکارییەکی زۆر و خەرجکردنی پارەی چآک، بووەتە هێڵێکی تۆکمە و بەهێز و کاریگەر لەسەر ئەنجامەکانی یانەکە، بەڵام لە مان یونایتد یاریزان بە قاچێکی شەلەوە هێرشبکاتە سەر هێڵی بەرگرییەکەی دەبێتە هێرشێکی مەترسیدار و ئەگەری گۆڵی هەیە، ئاخر مانای نییە لە 22 یاریدا تەنیا دوو کلین شیتیان هەیە، راستە لەوانەیە بەشێکی سووچ و خەتاکە بۆ سۆڵشایەر بێت، بەڵام راستییەک هەیە، ئەو ماگوایەرەی بە 80 ملیۆن کڕدرابوو، لەدوای ئەو رووداوەی کە لە یۆنان بەسەریهات، نەبووەتە بە یاریزانێکی باش، وێرانە، خەریکبوو لەگەڵ ڤاران هاوئاهەنگ دەبوون، کەچی ڤاران پێککرا، مان یونایتد دوو باڵەکەی بۆ راکردن زۆر باشن، بەس کە تۆپیان لەلایەن یان کە رووبەڕووی دوو یاریزان دەبنەوە، زۆر ئاسایین. 
 
پاڵەپەستۆی رۆناڵدۆ.. 
 
لەبەرچاومە، رۆناڵدۆ ئەگەر بچووایەتە مان سیتی هەمان دۆخ کە رووبەڕووی سۆڵشایەر بووەتەوە رووبەڕووی گواردیۆلاش دەبووەوە، بۆچی؟ ئاخر یاریزانێکی وەک رۆناڵدۆ کە بەیەدەگی رازی نییە و نابێت، لە بەشێكی مێژووی یانەکەش گەورەترە و چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەکەیت؟ لە کاتێکدا تۆ پێکهاتەکەش وەها راهێناوە هەمووان پەستان دەکەن، هەمووان بەرگری دەکەن و هەمووانیش بەشداری لە بنیاتنانی هێرشدا بکەن، ئێستا بێی یاریزانێکی تەمەن 36 ساڵان لەگەڵ ئەوەدا رابهێنیت، ئاسان نییە.
 
هۆکاری دیکە زۆرن، بەڵام ئەو پەستانە میدیاییەی لەسەر سۆڵشایەرە زۆر زیاترە وەک ئەوەی لەسەر گواردیۆلایە، هۆکارەکی ئاسنتر باس بکەم ئەویش مێژووی گواردیۆلایە، ئاخر سۆڵشایەر هیچی نەبووە پێشتر کە هاندەران بەرگری لێبکەن و بڵێن بەڵێ ئەم راهێنەرە شتێکی لەمێشکدایە بۆ دروستکردنی جیاوازی و خەتای یاریزانەکانە، لە کاتێکدا گواردیۆلا سێ پرێمەرلیگی بۆ مان سیتی بردووە، دوو چامپیۆنز و چەندین نازناوی دیکە بۆ بارسا و لەگەڵ بایرنیشدا بەهەمان شێوە نازناوی باشی برد، هاندەران و میدیاکان متمانەیان بە گواردیۆلا هەیە لە کۆتاییدا وەرزدا رکابەری لەسەر نازناوەکان بکات، بەڵام ئەگەر ئەمساڵ نەیکات چی دەبێت؟ 
 
راستە هێشتا سەرەتای وەرزە، وەرزی رابردووش مان سیتی خاڵی زۆری لەدەستدا و یاری باشیشیان دۆڕاند، بەڵام لە کۆتاییدا سیتی بووە پاڵەوان، کێشەکە ئەوەبوو ساڵی پار هەمووان خراپ بوون، بەهۆی کۆرۆناوە هەمووان خاڵی زۆریان لەدەستدا، گەورە و بچووكی نەمابوو، بەڵام ئەمساڵ جیاوازە، چۆن چێڵسی رادەگیرێت، پار تەنیا مان یونایتد رکابەری مان سیتی بوو، کەچی ئێستا چێڵسی، لیڤەر و تەنانەت یونایتدیش هەڕەشەن
 
خۆ ئەگەر ئەمساڵ کە ساڵی شەشەمی ئەو راهێنەرەیە ئامانجە گەورەکە نەپێکرا، مەبەستم چامپیۆنزلیگە، ئیدی شێخ مەنسوور و خەلدوون موبارەک چاوەڕێی چی لە گواردیۆلا دەکەن؟ بەنیازن هەتا کەی هەر رکابەری لەسەر پرێمەرلیگ بکەن و لەولاشەوە پاریس گواستنەوە بە گواستنەوە خۆی بەهێز بکات و پێش ئەوان نازناوە گەورەکە بەرز بکەنەوە، ئاخر شێخ ئەمەی قبووڵە؟ 
 
ئەمەم بۆ ئەوە نەنووسیوە کە مان سیتی یارییەکی بە کریستاڵ پاڵاس دۆڕاندووە، بۆیە ئەمە دەنووسم چونکە هەفتەیەک کەمتری ماوە بۆ دێربیی مانچێستەر و میدیاکان بەگشتی بێویژدانییەکی زۆرمان بە سۆڵشایەر کردووە لەکاتێکدا ساڵانە گواردیۆلا هەمان هەڵە دووبارە دەکاتەوە، کەسیش پێی ناڵێت پشتی چاوت دوو برۆیە.
 
ئەگەر ئەمساڵ چامپیۆنزلیگ نەباتەوە، یان خۆی، یان ئیماراتییەکان کۆتایی بە راژەکەی پێپ دەهێنن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە