رووداو دیجیتاڵ
دوای پێنج دەیەی پڕ لە ململانێ، ستراتیژییەکانی ئێران بۆ بەرەنگاربوونەوەی گوشارەکانی ئەمریکا سنووردار بوون. گەمارۆ دەریاییەکەی واشنتن، تارانی ناچار کردووە بەدوای رێگەیەکدا بگەڕێ بۆ نەهێشتنی ئەو سنووردارکردنە، پێش ئەوەی ئابوورییەکەی بە تەواوی هەرەس بهێنێت.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی دەڵێ، لە نوێترین هەوڵدا بۆ دۆزینەوەی چارەسەر، تاران لە رێگەی نێوەندگیرە هەرێمییەکانەوە پێشنیازێکی داوەتە واشنتن.
لەو پێشنیازەدا ئێران ئامادەیی نیشانداوە هێرشەکانی لە تەنگەی هورمز رابگرێ، لە بەرامبەردا ئەمریکا کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت، گەمارۆ دەریاییەکەی سەر بەندەرەکانی ئێران هەڵبگرێ و دانوستاندنە ئەتۆمییەکانیش بۆ کاتێکی دیکە دوابخرێن.
ئەم جووڵە دیپلۆماسییە دوای ئەوە دێت کە بەرپرسانی ئێران هەستیان بەوە کردووە رێگە جێگرەوەکانی وەک گواستنەوەی نەوت بە شەمەندەفەر یان هاوردەکردنی خۆراک لە رێگەی وشکانییەوە، تەنیا 40%ی پێداویستییەکانی وڵاتەکە دابین دەکەن و ناتوانن رێگری لە داڕمانی ئابووری بگرن.
وۆڵ ستریت جۆرناڵ دەڵێت، لە نێوخۆی ئێراندا، ململانێیەکی تووند لەسەر چۆنییەتی دەربازبوون لە قەیرانەکە هەیە. میانڕۆکان کە پزیشکیان سەرکردایەتییان دەکات، هۆشداری دەدەن کە بەردەوامبوونی دۆخەکە کۆتایی بە دەسەڵاتەکەیان دەهێنێت و پێیان باشە رێککەوتنێکی 'سوودبەخش' لەگەڵ ترەمپ واژۆ بکەن.
بەڵام لە بەرەی بەرامبەر، نەریتخوازەکان جەخت لەسەر بژاردەی سەربازی دەکەنەوە و دەیانەوێ بە هێرشکردنە سەر کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا و بەرزکردنەوەی نرخی نەوت، ترەمپ ناچار بە پاشەکشە بکەن و گەمارۆکە بشکێنن.
ئەوەی تارانی ناچار کردووە بەدوای دەرچەیەکدا بگەڕێ، رەوشی نالەباری ژیانی خەڵکە. بەهای تمەن بۆ نزمترین ئاستی مێژوویی دابەزیوە، بێکاری گەیشتووەتە لووتکە و نرخی خۆراک بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.
سەعید گۆڵکار، پسپۆڕی کاروباری ئێران دەڵێت: "دەبێت دەسەڵاتگ شتێک بۆ شکاندنی ئەم چەقبەستووییە بکات. میانڕۆکان رێککەوتنیان دەوێ، چونکە دەزانن بەردەوامبوونی ئەم دۆخە مەترسیی لەسەر مانەوەی دەسەڵاتەکە دروست دەکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ