جێگرى راوێژکاری ئەڵمانیا: ناکرێ خۆمان بە میزاجی ترەمپەوە گرێ بدەین

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ئوسامە محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لارس کلینگبایل، جێگری راوێژکار و وەزیری دارایی ئەڵمانیا وەڵامی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەداتەوە و دەڵێ، ئەڵمانیا و ئەورووپا پێویستییان بە ئامۆژگارییەکانی نییە و نابێت چارەنووسی وڵاتەکەی بە میزاجی سەرۆکی ئەمریکاوە ببەسترێتەوە.
 
جێگرى راوێژکارى ئەڵمانیا رۆژی هەینی، 1ی ئایاری 2026 لە کاتی بەشداریکردنی لە چالاکییەکی تایبەت بە رۆژی کرێکاران لە شارۆچکەی بێرگکامێن لە هەرێمی نۆرت راین فێستیڤاڵن، سەربەخۆیی ئابووریی ئەورووپای بە کارێکی لەپێشینە دانا و گوتی: "نامەوێ گرێدراوی ئەو میزاجەی دۆناڵد ترەمپ بین کە هەیەتی. ئەورووپا دەبێت لە رووی ئابوورییەوە هێندە بەهێز بێت کە کەس نەتوانێت وەک هەڕەشە و باجخوازی بەکاریبهێنێت." 
 
ئەم لێدوانانەی کلینگبایل دوای ئەوە دێن کە رۆژی سێشەممە، دۆناڵد ترەمپ لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی (ترووس سۆشیاڵ) هێرشی کردە سەر فریدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا و بەوە تۆمەتباری کرد کە لە پرسی ئێراندا "نازانێت باس لە چی دەکات" و رێگە دەدات تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
 
کلینگبایل لە وەڵامی ئەمەدا گوتی: "ئێمە بە راستی پێویستمان بە ئامۆژگاریی دۆناڵد ترەمپ نییە. با ترەمپ سەیری ئەو کاولکارییە بکات کە هێناویەتییە ئاراوە؛ دەبێت دڵنیایی بدات لەوەى دانوستاندنی جیدی لەگەڵ ئێران هەیە." 
 
جێگری راوێژکاری ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەش کرد، ترەمپ پێی وابوو جەنگی ئێران تەنیا "دوو بۆ سێ رۆژ" دەخایەنێت، بەڵام ئێستا ئەو بەرپرسە لەوەی بە زووترین کات کۆتایی بەم جەنگە بهێنێت.
 
لێدوانى ترەمپ دواى لێدوانێکى راوێژکارى ئەڵمانیا هات لە گوتارێکدا لە شارۆچکەی (مارسبێرگ)ی ئەڵمانیا کە رۆژى دووشەممە 27ى نیسان رایگەیاند، دۆخی ئێستا کێشەیەکی ستراتیژیی قووڵی بۆ ئەمریکا ئاشکرا کردووە. 
 
مێرتس جەنگى ئێرانی بە جەنگەکانی رابردووی ئەمریکا کرد و گوتی: "کێشەی ئەم جۆرە ململانێیانە هەمیشە ئەوەیە، تۆ تەنیا ناچیتە نێو جەنگەکەوە، بەڵکو دەبێت بزانیت چۆنیش لێی دەچیتە دەرەوە. ئێمە ئەوەمان بە ئازارەوە لە ئەفغانستان بۆ 20 ساڵ بینی؛ لە عێراقیش هەمان شتمان بینی."
 
راوێژکاری ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە کرد، بەرپرسانی ئێران "بە ئاشکرا زۆر بە لێهاتووییەوە دانوستاندن دەکەن" و دەردەکەوێ "زۆر لەوە بەهێزتر بن کە بیری لێدەکرایەوە".
 
مێرتس ئاماژەی بەوەش کرد، ئەڵمانیا پابەندە بە هاوپەیمانیی ناتۆ بەڵام رێگە نادات پەلکێشی نێو جەنگێکی درێژخایەن بکرێ کە ئاسایشی وزە و سەقامگیریی ئابووریی ئەورووپا پەکدەخات.
 
ئەم کێشە دیپلۆماسییەی نێوان واشنتن و بەرلین لە کاتێکدایە کە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و داخرانی تەنگەى هورمز بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی سووتەمەنی لە جیهاندا. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فڕۆکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە ئیسپانیا. وێنە: Reuters

بەهۆی شەڕی ئێرانەوە ترەمپ بیر لە کەمکردنەوەی هێزەکانی لە ئیتاڵیا و ئیسپانیا دەکاتەوە

رۆژی پێنجشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لەبەر ئەوەی ئیتاڵیا و ئیسپانیا دژی شەڕی ئێرانن، رەنگە هێزەکانی ئەمریکا لەو دوو وڵاتە ئەورووپییە بکێشێنێتەوە، ئەمەش رۆژێک دوای ئەوە دێت کە پێشنیازێکی هاوشێوەی بۆ کەمکردنەوەی هێزە ئەمریکییەکانی لە ئەڵمانیا خستەڕوو.