رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست چووەتە دووەم مانگەوە و هۆشداری دا کە بارودۆخەکە خەریکە بە تەواوی لە کۆنتڕۆڵ دەردەچێت. ئەو داوای لە ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران کرد دەستبەجێ جەنگ رابگرن و رێگە بۆ دیپلۆماسی و چارەسەری ئاشتییانە خۆش بکەن.
رۆژی پێنجشەممە، 2ی نیسانی 2026، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە گوتارێکدا لە نیویۆرک رایگەیاند، هەر رۆژێک ئەم جەنگە بەردەوام بێت، مەینەتیی مرۆیی و وێرانییەکان قەبارەیان گەورەتر دەبێت. گوتیشی: "ئێمە لە لێواری جەنگێکی فراوانترداین کە تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەخوات، و کاریگەرییە دراماتیکییەکانی لە هەموو جیهاندا هەستی پێدەکرێت."
سکرتێری گشتیی جەختی لەسەر گرنگیی تەنگەی هورمز کردەوە و رایگەیاند، "کاتێک تەنگەی هورمز دەخنکێنرێت، هەژارترین و بێدەسەڵاتترین خەڵکی جیهان ناتوانن هەناسە بدەن." ئاماژەی بەوەش کرد کە بەرزبوونەوەی تێچووی خۆراک و وزە کاریگەریی قورسی لەسەر وڵاتانی وەک فلیپین، سریلانکا و مۆزەمبیق داناوە و داوای کرد زنجیرەی مردن و وێرانی رابگیرێت.
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامیدانەوە. وەکو بەشێک لە وەڵامەکەشی لە رۆژی دووەمی جەنگەوە، ئێران تەنگەی هورمزی داخستووە کە پێش جەنگ رۆژانە 20٪ی کۆی بەرهەمی رۆژانەی نەوتی پێدا هەناردەدەکرا.
بۆ دۆزینەوەی رێگەیەکی ئاشتییانە، گۆتێرێز بڕیاریدا "ژان ئارنۆ" وەک نێردەی تایبەتی خۆی رەوانەی ناوچەکە بکات بۆ پشتگیریکردنی هەوڵە دیپلۆماسییەکان. ئەو گوتی کە دەبێت کێشەکان بە شێوەیەکی ئاشتییانە و بە پشتبەستن بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و بڕیارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان چارەسەر بکرێن. هەروەها جەختی کردەوە کە دەبێت رێز لە سەروەریی هەموو دەوڵەتە ئەندامەکان و پاراستنی ژێرخانە سڤیل و ئەتۆمییەکان بگیرێت و ئازادیی دەریاوانی پارێزراو بێت.
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پەیامێکی ئاراستەی ئەمریکا و ئیسرائیل کرد و گوتی: "کاتی ئەوە هاتووە ئەم جەنگە رابگرن کە مەینەتییەکی مرۆیی گەورەی لێکەوتووەتەوە و هەر ئێستا بووەتە هۆی دەرەنجامی ئابووریی وێرانکەر." هاوکات داوای لە ئێرانیش کرد کە هێرشکردنە سەر دراوسێیەکانی رابگرێت کە لایەنی ئەم جەنگە نین.
گۆتێرێز لە کۆتاییدا رایگەیاند: "ململانێکان لەخۆوە کۆتاییان نایەت؛ ئەوان کاتێک کۆتاییان دێت کە سەرکردەکان دیالۆگ لەبری وێرانکاری هەڵدەبژێرن. ئەو هەڵبژاردەیە هێشتا ماوە و دەبێت هەر ئێستا بکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ