ئیلۆن مەسک: ئاژانسی ئەمریكا بۆ هاریكاریی نێودەوڵەتی دادەخرێت

04-02-2025
لهۆن نەسرەدین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری وەزارەتی کارامەیی حکومەتی ئەمریکا رایگەیاند، ئاژانسی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ هاریكاریی نێودەوڵەتی دادەخرێت.
 
هەرچەندە رەخنەگەران هەنگاوەکە بە نادەستووری ناودەبەن، بەڵام ئیلۆن مەسک، وەزیری وەزارەتی کارامەیی حکومەتی ئەمریکا پلانی هەیە لە چوارچێوەی "کەمکردنەوەی خەرجییەکان و کارامەترکردنی کاری فیدراڵیی حکومەت"، ئاژانسەکە دابخات.
 
یەکێک لە بەڵێنەکانی ترەمپ لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیدا، سنووردارکردنی خەرجییەکانی حکومەتی ئەمریکایە و گونجاندنیان لەگەڵ سیاسەتەکانی ترەمپ کە بریتین لە "بەهێزکردنی ناوخۆیە لەسەر حیسابی دەرەوە".
 
ئیلۆن مەسک، دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان، دامەزرێنەری کۆمپانیای سپەیس ئێکسی تایبەت بە بۆشایی ئاسمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تێسلا و خاوەن تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەلایەن ترەمپەوە بە وەزیری وەزارەتی کارامەیی حکومەتی ئەمریکا دانراوە.
 
مەسک راشکاوانە رایگەیاند: "(USAID) رێکخراوێكی تاوانبارە و دەبێت بە تەواوەتی کۆتایی پێبهێندرێت". 
 
ئاژانسی ئەمریكا بۆ هاریكاریی نێودەوڵەتی، ئاژانسێكی فیدراڵی ئەمریکایە لە تشرینی دووەمی ساڵی 1961 لە سەردەمی ئیدارەی کێنێدی، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا دامەزرا، بەرپرسە لە ئیدارەدان و رێکخستنی هاوکاری دارایی و لۆجستی سیڤیل و بەرنامەی گەشەپێدان لە وڵاتانی جیهانە، بودجەی ساڵانەی 50 ملیار دۆلارە کە لە گەنجینەی فیدراڵیی ئەمریکا دابین دەکرێت.
 
ئاژانسەکە بە گەورەترین ئاژانسی فیدراڵیی هاوکارییەکان لە جیهان دادەنرێت و بودجەکەی زیاتر لە نیوەی بودجەی هەموو ئاژانسە فیدراڵییەکانی دیکەی ئەمریکایە.
 
بارەگای سەرەکی لە واشنتن دی سی پایتەختە و زیاتر لە 10 هەزار کارمەندی هەیە.
 
ئاژانسی ئەمریكا بۆ هاریكاریی نێودەوڵەتی یەکێك لە ئامرازە گرنگ و کاریگەرەکانی حکومەتی ئەمریکایە لە جیهان. هەرچی پارە و هاوکاری لۆجستی ئەمریکایە بۆ وڵاتانی دەرەوە لە رێگەی ئەو ئاژانسەوە دەدرێت.
 
بە سۆفت پاوەر، هێزی نەرمی ئەمریکا دادەنرێت لە سەپاندنی هەژموونی لە جیهان بە تایبەتی لە 45 ساڵی رابردوو لە بەرامبەر هێزی هەڵکشاوی چین.
 
بەرنامەی تەندروستی، خۆراک، پەرەپێدانی کۆمەڵایەتی لە 120 وڵاتی جیهان لەخۆدەگرێت و هاوکارییەکان دەگەیێنێتە هەستیارترین و هەژارترین ناوچەکانی جیهان.
 
مەسک دەڵێت، ترەمپ رازیی بووە بە داخستنی ئاژانسەکە.
 
لە ماوەی رابردوودا ترەمپ بە فەرمانێكی سەرۆکایەتی کاری ئاژانسەکەی بۆ 90 رۆژ هەڵپەسارد و مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی سەرپشککرد چاو بە کاروباری ئاژانسەکە و خەرجییەکانی لە سەرانسەری جیهان بخشێنێتەوە و بڕیار لەسەر سڕکردن یان دووبارە چالاککردنەوەی هاوکارییەکان بدات؛ هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ میسر و ئیسرائیل لەو بڕیارە بەدەر کراون.
 
 
دیموکراتەکان: دەسەڵاتی مەسک نادەستوورییە
 
دیموکراتەکان کە ئێستا لە هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیرانی کۆنگرێس کەمینەن، زەنگی مەترسی لێدەدەن و پۆستەکەی خودی مەسک بە نادەستووری ناودەبەن.
 
بە گوتەی ئەو سیناتۆرە دیموکراتانە ئەوە کۆنگرێسە کە دەسەڵاتی بەسەر بودجەی ئەمریکادا هەیە و ئەو دەسەڵاتەی کە مەسک هەیەتی دەستووری نییە و وەزارەتەکەش "ئاژانسێكی فەرمی حکومی نییە"، بۆیە لە رووی یاساییەوە تەنیا کۆنگرێس مافی بڕیاردان لەسەر شێوازی خەرجکردنی بودجەی وڵاتی هەیە لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات.
 
بە گوتەی ئەو سێناتۆرە دیموکراتانە، مەسک نە کارمەندی فیدراڵییە و نە بەرپرسێكی حکومییە و روونیش نییە ئەو "ئاژانسە نافەرمییە"ی لە بەردەم چ دامەزراوەیەکی حکومەت بەرپرسە جگە لە خودی ترەمپ.
 
ئادەم سمیسی دیموکرات، ئەندامی لیژنەی بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەڵێت، "بڕیارەکانی ترەمپ دەبنە هۆی کوشتنی ئاژانسی یوو ئێس ئەید، ئەو بڕیارانەی ترەمپ سیاسی و گەمژانەن و کاریگەری گەورەیان بۆ سەر جیهان دەبێت". گوتیشی: "ئەو کارانەی کە ترەمپ و مەسک دەیانکەن دەبنە هۆی ئەوەی وڵاتانی جیهان زیاتر بەرەو باوەشی چین و رووسیا بڕۆن".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەند کۆچبەرێک لە سنووری بێلاڕووس - پۆڵەندا. وێنە: ئەرشیڤ

پۆلیسی لاتیڤیا کۆچبەرێکی کورد دەکوژێت

ژمارەیەک کۆچبەری کورد دوای ئەوەی لە رووسیاوە خۆیان گەیاندووەتە بێلاڕووس و لەوێوە ویستوویانە بچنە لاتیڤیا، پۆلیسی ئەو وڵاتە تەقەی لێکردوون. نوێنەری هەرێمی کوردستان لە رووسیا دەڵێت، "یەکێکیان گیانی لەدەستداوە و زۆرینەشیان بریندار کراون."