رووداو دیجیتاڵ
بەپێی کۆشکی ئیلێزێ، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی سێقۆڵیدا لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە پێشوازیی لە رێککەوتنی "ئاگربەستی هەمیشەیی" نێوان هەردوولا کرد و جەختی لە پابەندیی وڵاتەکەی بۆ پاراستنی مافەکانی گەلی کورد کردەوە.
رۆژی یەکشەممە 01-02-2026 سەرۆکایەتیی فەرەنسا رایگەیاند، "رۆژی شەممە 31-01-2026 ئیمانوێل ماکرۆن بە تەلەفۆن لەگەڵ ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی قسەی کرد، ئەوەش لە چوارچێوەی بەردەوامیی هەوڵە نێوەندگیرییەکانی پاریس لە هەفتەکانی رابردوودا بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی لە سووریا."
پشتیوانیی هەسەدە و مافی کورد
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی فەرەنسا، ماکرۆن پێشوازیی لە رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان دەسەڵاتدارانی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کردووە و داوای جێبەجێکردنی تەواوەتیی خاڵەکانی کردووە.
کۆشکی ئیلێزێ دەڵێ، ماکرۆن جەختی لە "پابەندیی تەواوەتیی" فەرەنسا کردەوە بۆ پشتگیریکردن لە هەسەدە و گەلی کورد و رایگەیاندووە: "سووریایەکی ئاشتیخواز دەبێت رێز لە هەموو پێکهاتەکانی بگرێت، بەتایبەتی پێکهاتەی کورد."
لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، سەرۆککۆماری فەرەنسا ئاماژەی بەوە کردووە، وڵاتەکەی و هاوبەشەکانی لە شەڕی دژی داعش بەردەوام دەبن، بە جۆرێک کە ئاسایشی سووریا، ناوچەکە، ئەورووپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بپارێزرێت. ماکرۆن گوتوویەتی: "بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ئێمە و ناوچەکە لێکدانەبڕاون و تێکشکاندنی تیرۆر خاڵی لەپێشینەیە."
بەرەو بنیاتنانەوە و دادپەروەری
سەرۆکایەتیی فەرەنسا دەڵێ، ماکرۆن دووپاتی کردووەتەوە، فەرەنسا هاوشانی هاوبەشەکانی، بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی گەلی سووریا لە پێناو گەیشتن بە سەقامگیری، دادپەروەری و پڕۆسەی دووبارە بنیادنانەوە. ئاماژەی بەوەش کردووە، فەرەنسا دەیەوێت سووریا ببێتە وڵاتێکی ئارام کە تێیدا هەموو پێکهاتەکان بەشدار بن لە فەرمانڕەوایی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا.
ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە لە کاتێکدایە کە هەسەدە و حکومەتی کاتیی سووریا لەسەر نەخشەڕێگەیەک بۆ تێکەڵکردنی دامەزراوەکان و ئاگربەستێکی گشتگیر رێککەوتوون، فەرەنساش وەک یەکێک لە نێوەندگیرە سەرەکییەکان رۆڵ دەگێڕێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ