لە شاری بۆنی ئەڵمانیا هەزاران کەس بەشداریی خۆپێشاندانی پاڵپشتیی رۆژئاوای کوردستان بوون

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
شەوقی کانەبی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە نێوجەرگەی شاری بۆنی ئەڵمانیا و لە پارکی "هۆفگارتن"ی بەردەم زانکۆی بۆن، زیاتر لە 15 هەزار کوردی دیاسپۆرانشین کۆبوونەوە و گەورەترین خۆپێشاندانی پشتیوانییان بۆ رۆژئاوای کوردستان ئەنجامدا. لەژێر درووشمی "یەکێتیی کورد"، ئامادەبووان بە جیاوازیی بیروڕایانەوە و لەژێر سێبەری ئاڵای کوردستان دا، پەیامێکی روونیان ئاراستەی جیهان کرد، کە رۆژئاوا تەنیا نییە.
 
لە خۆپێشاندانەکەدا، گوتاری سەرۆک مەسعود بارزانی لەلایەن شیفا بارزانی-یەوە خوێندرایەوە و تێیدا جەخت لەسەر هاوبەشیی مێژوویی، هاوچارەنووسی و برایەتیی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان کرایەوە؛ هەروەها ستایشی رۆڵی کاریگەری کوردانی دیاسپۆرا کرا کە لە ساتە هەستیارەکاندا هەمیشە پشتیوانی گەلەکەیان بوون.
 
میدیای ئەڵمانی کە پێشتر کەمتر رووماڵی هاوشێوەی دەکرد، ئەمجارە بێدەنگیی شکاند. میدیا گەورەکانی وەکو زی دی ئێف و ڤێ دێ ئاڕ و ڤێڵت، تیمەکانیان ناردبوو رووماڵی خۆپێشاندانەکەیان دەکرد. پۆلیسی بۆن بە رۆژنامەی ڤێڵتی راگەیاندووە، ژمارەی بەشداربووان گەیشتووەتە 15 هەزار کەس و چالاکییەکە بە شێوەیەکی زۆر شارستانی و بێ گرژی کۆتایی هاتووە.
 
ئیسماعیل دەروێش، بەرپرسی راگەیاندنی خۆپێشاندانەکە، ئاماژەی بەوە کرد، ئەمە یەکەمجارە میدیای ئەڵمانی و ئەورووپی بەم ئاستە فراوانە دەنگی دیاسپۆرای کورد بگەیێنن.
 
لە لایەکی دیکەوە، سەیران پاپۆ، پەرلەمانتاری کوردی ویلایەتی شلیسڤیگ هۆڵشتاین، لەنێو خۆپێشاندەراندا گوتارێکی بە زمانی ئەڵمانی پێشکەش کرد و رایگەیاند، "وەک پارتی کریستیان دیموکرات (CDU) کار دەکەین بۆئەوەی داواکارییەکانی ئەم خەڵکە ببەینە ناو پەرلەمان و گوشار بخەینە سەر حکومەت بۆ پاراستنی پێکهاتەکانی وەکو کورد و دروز و عەلەوییەکان لە سووریا."
 
هاوکات دکتۆر رالف ئێلستەر، پارێزگاری کۆڵن، گوتارێکی پێشکێش کرد و پشتگیریی خۆی بۆ ئازادیی رۆژئاوا دەربڕی، داوای لە ئەڵمانیا کرد رێگری لە هێرشی گرووپە تووندڕۆکان بکات.
 
خۆپێشاندانەکە رەهەندێکی هونەریی گەورەی هەبوو؛ بە بەشداریی هونەرمەند شڤان پەروەر و 30 هونەرمەندی دیکە، پارکەکە بە دەنگی سروود و گۆرانیی نەتەوەیی دەلەرزییەوە.
 
دەربارەی رێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا، فەلەک، کچە چالاکوانێکی خەڵکی کۆبانێ جەختی لەوە کردەوە، سەرەڕای تەمومژاوییبوونی دۆخەکە، متمانەی تەواویان بە سەرکردایەتی و شەڕڤانانی خۆیان هەیە، پشتیوانیی هەر رێککەوتنێک دەکەن کە مافە نەتەوەییەکانی کورد لە دەستووری داهاتووی سووریادا بچەسپێنێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە