رووداو دیجیتاڵ
لەسەر سنووری پۆڵەندا و ئۆکراینا، پیاوێک بە تەمەنێكی زۆرەوە لە رۆژێكی سارددا بە گەرمیی پێشوازی لە پەنابەرانی ئۆکراینا دەكات.
ویلیام خەڵكی بەریتانیایە و تەمەنی 74 ساڵە. خۆبەخشە لە سنووری پۆڵەندا و ئۆكراینا. رۆژانە یارمەتی پەنابەرە ئۆكڕاینییەكان دەدات.
ویلیام لۆرێنس، لەسەر سنووری پۆڵەندا و ئۆكرایناوە دەڵێت، "سەتان خۆبەخش لە چەندین نەتەوەی جیاجیا پێكەوە كار دەكەن. لە ئەمریكا، ئەوروپا، بەریتانیا، چین و زۆر وڵاتی دیكە، خۆبەخشەكان لە سنووری پۆڵەندا و ئۆكراینا هەن. گرنگتر لە هەموو شت ئەوەیە كە هەموومان پێكەوە یارمەتی مەعنەویی ئۆكراینییەكان بدەین كە لەو ئازار و توندوتیژییە هەڵهاتوون و پەنایان هێناوەتە پۆڵەندا."
لە خاڵە سنوورییەكانی پۆڵەندا زیاتر لە 60 رێكخراوی مرۆیی هەن بۆ یارمەتی پەنابەران. ئەركی سەرەكیش لەسەر شانی خۆبەخشەكانە.
خۆبەخشەکان ئەو زمانانەی كە دەیزانن لە پشتی ئێلەگەكانیان دەینووسن. بەم کارە ئاسانكاریی زیاتر دەكەن بۆ پەیوەندیگرتن لەگەڵ پەنابەرەكان.
پانایۆنتیس زێنۆفۆنتیس، خۆبەخشێکی دیکەیە و دەڵێت، "ئێمە یارمەتییان دەدەین بۆ ئەوەی كە بچن بۆ هەر شوێنێک كە مەبەستیانە. دەچنە بەرلین، دەچنە ڤییەنا یان هەر شار و وڵاتێكی دیكە. ئەگەریش شوێنێكیان دیاری نەكردبێت لە رێگەی رێكخراوە پەیوەندیدارەكانەوە، رێنوێنییان دەكەین بچنە شوێنێک کە ئاسایشی تێدابێت و ئاسوودە بێت.
لە دەستپێكی شەڕی رووسیا و ئۆكرایناوە خۆبەخشەكان لە هەموو وڵاتانی ئەوروپا و لە 25 وڵاتی دیكەی جیهانەوە لە پۆڵەندان بۆ یارمەتی پەنابەرە ئۆكراینییەكان. پۆڵەندا رایگەیاندووە، بۆ یارمەتی پەنابەرە ئۆكراینییەكان پێویستی بە زیاتر لە دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلارە. یەكێتی ئەوروپا تاوەكو ئێستا نزیكەی یەک ملیار دۆلار یارمەتی پۆڵەندای داوە بۆ كاروباری پەنابەرە ئۆكراینییەكان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ