رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە پەرلەمانی ئەورووپا کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەسەر دۆخی ئێران رێکبخات و ژمارەیەک کەسایەتی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیش تێیدا بەشدار دەبن.
حیسام دەست پیش، نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ئەورووپا، لەمبارەیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارە بەمزووانە دانیشتنی تایبەتیی پەرلەمانی ئەورووپا بە میوانداری 7 حیزب و کەسایەتی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان و لەنێویشیاندا حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بەڕێوەبچێت".
شیرین عەبادی، براوەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵ، نوێنەری حیزبی تودەی ئێران، نوێنەری بەرەی حەوتی ئابان و رەزا پەهلەوی بەشێک لەو کەسایەتی و لایەنان، کە بڕیارە بۆ دانیشتنەکەی پەرلەمانی ئەورووپا بانگهێشت بکرێن.
حیسام دەستپیش بانگهێشتکردنی دوو لایەنی کوردستانی لە کۆی حەوت کەسایەتی و لایەنی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بۆ گرنگی رۆڵ و پێگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە پرۆسەی سیاسیی ئێران گەڕاندەوە.
لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی ئەورووپا سەرقاڵی ئامادەکارییە تا دانیشتنە تایبەتەکەی پەرلەمان بەزووترین کات بەڕێوەبچێت.
پەرلەمانی ئەورووپا ناوەندی یاسادانانی یەکێتی ئەورووپایە و 705 پەرلەمانتارەکەی بەپێی ژمارەی دانیشتووان، لەنێو 27 وڵاتی ئەندامی یەکێتییەکە بە دەنگدانی گشتی و بۆ 5 ساڵ هەڵدەبژێردرێن.
پەرلەمانی ئەورووپا لە 29-01-2026 بە زۆرینەی دەنگ، بڕیارنامەیەکی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران پەسەند کرد و سوپای پاسدارانی ئەو وڵاتەی خستە لیستی تیرۆرەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ