جیهان
قسەکردنی مایک واڵتز، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەیامنێری رووداو. وێنەکە ئەرشیڤە و بۆ روونکردنەوەی زیاتری هەواڵەکە دانراوە
رووداو دیجیتاڵ
مایک واڵتز، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە وەڵامی پرسیارێکی (تۆڕی میدیایی رووداو)دا وردەکاریی "پڕۆژەی ئازادی" دۆناڵد ترەمپی بۆ پاراستنی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز ئاشکرا کرد و رایگەیاند، پڕۆژەکە هاوکاریی هەواڵگری، بەرگری و هەماهەنگیی تەواو پێشکەشی کەشتییەکان دەکات.
لە کۆنفرانسێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ رۆژنامەنووسانی نەتەوە یەکگرتووەکان، نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری رووداو لە نیویۆرک، پرسیاری لەبارەی سروشتی "رێنوێنیکردنی" کەشتییەکان و ماوەی بەردەوامیی پڕۆژەکە لە باڵیۆزی ئەمریکا کرد.
هاوکارییەکان چی دەبن؟
مایک واڵتز لە وەڵامی رووداودا ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە وردەکارییە ئۆپەراسیۆنەکان لای سێنتکۆم (CENTCOM) دەبن، بەڵام "کۆمەڵێکی بەرفراوان لە هاوکاری پێشکەش بە دەریاوانەکان دەکرێت، لەوانە: زانیاریی هەواڵگری لەسەر شوێنی مەترسییەکان، توانای بەرگری، بەکارهێنانی درۆن و وێنەگرتن بۆ هاوکاری لە رێدۆزینەوە، لەگەڵ ناوەندێکی هەماهەنگی بۆ دابینکردنی نوێترین زانیاری."
باڵیۆزی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە ئەمە "میکانیزمێکی بەرگری و مرۆییە" و ئاشکرای کرد کە دوو کەشتیی تێکشکێنەری ئەمریکی (Destroyers) هەر ئەم بەیانییە بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕیون بۆ دەستپێکردنی ئەو هاوکارییانە.
کێشەی مینەکانی ئێران و چارەسەری درێژخایەن
سەبارەت بەوەی ئایا ئەمە چارەسەرێکی کورتخایەنە یان درێژخایەن، مایک واڵتز رایگەیاند، ئەوان خەریکی داڕشتنی چوارچێوەیەکی درێژخایەنن و کار لەسەر بڕیارنامەیەکی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکەن.
باڵیۆزی ئەمریکا هێرشی کردە سەر ئێران و گوتی: "کێشەیەکی گەورەمان هەیە کە لایەنێکی ململانێکە (ئێران) رێڕەوێکی ئاوی نێودەوڵەتی بە مین چاندووە، ئەمە قبووڵنەکراوە. داوا لە ئێران دەکەین جیهان ئاگادار بکاتەوە کە ئەو مینانە لە کوێن، چونکە بڕوامان وایە لە هەندێک حاڵەتدا خۆشیان نازانن لە کوێن، ئەمەش بێباکییەکی گەورەیە."
داوا لە وڵاتانی کەنداو دەکرێت
واڵتز ئاماژەی بەوە کرد کە دەیانەوێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی کەنداو، کە راستەوخۆ زیانمەند دەبن، لەگەڵیان بن لە راگەیاندنی ئەوەی کە کردەوەکانی ئێران نایاسایین. گوتیشی: "پێویستە مۆڵەت بدرێت بۆ هاوکاریکردنمان لە پاککردنەوەی ئەو رێڕەو ئاوییانە و سەلامەتکردنیان بۆ گرووپە مەدەنی و نێودەوڵەتییە بێتاوانەکان."
لە کۆتایی وەڵامەکەیدا بۆ رووداو، مایک واڵتز جەختی کردەوە کە ئامانجیانە ئەم پاراستنە بکەنە "نەریتێک" بۆ داهاتوو، تاوەکو هیچ وڵاتێک نەتوانێت رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان بخاتە مەترسییەوە.
پڕۆژەی ئازادی بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز رۆژی یەکشەممە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ راگەیێندرا، رۆژی دووشەممە سێنتکۆم رایگەیاند دەستیان بە جێبەجێکردنی پرۆژەکە کردووە و بە تەنگەی هورمزدا هاتووچۆیان کردووە.
ئێران رایگەیاند کەشتییەکی ئەمریکییان پێکاوە، بەڵام واشنتن رەتیکردەوە.
ئیمارات و کۆریای باشووریش پێکانی کەشتیەکانیان راگەیاندووە، کە ویستویانە بە تەنگەی هورمزدا بڕۆن، هێشتا زیانەکان رانەگەیێندراون. ئیمارات ئێرانی بە هێرشەکە تۆمەتبارکرد، بەڵام کۆریای باشوور دەڵێت، گومان دەکرێت دەستێکی دەرەکی بێت.
دەقی پرسیاری رووداو و وەڵامی باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان:
رووداو: زۆر سوپاس جەنابی باڵیۆز بۆ ئەم پرێس کۆنفرانسە گرنگە. من نامۆ عەبدوڵڵام لە تۆڕی میدیایی رووداو لە کوردستانەوە. دوو پرسیارم هەیە. پڕۆژەی ئازادی (Project Freedom) باس لە "رێنوێنیکردنی" کەشتییەکان دەکات. رێنوێنیکردن بە وردی واتە چی؟ ئایا ویلایەتە یەکگرتووەکان پاسەوانی دەریایی راستەوخۆ دابین دەکات، تەنیا هەماهەنگی لە کاتی راستەقینەدا دەکات، یان تێکەڵەیەک لە هەردوولایەن؟ هەروەها چ جۆرە کەشتییەک یان چ رەگەزنامەیەکی کەشتییەکان مافی وەرگرتنی ئەم هاوکارییەیان هەیە؟ پرسیاری دووەمم ئەوەیە کە ئایا ئەمە تەنیا شتێکی کورتخایەنە؟ دەزانم گوتت کە کار لەسەر بڕیارنامەیەکی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکەن، بەڵام ئایا ئەمە دەبێتە بەشێک لە چارەسەرێکی درێژخایەن؟ سوپاس.
باڵیۆز مایکڵ واڵتز: سوپاس. وردەکارییە ئۆپەراسیۆنەییەکان بۆ سێنتکۆم (CENTCOM) جێدەهێڵم. پێموایە ئەدمیراڵ کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆم، زۆر بەمزووانە کورتەزانیارییەکی دەبێت، ئەگەر تائێستا ئەنجامی نەدابێت.
بە گشتی، کۆمەڵێکی بەرفراوان لە جۆرەکانی هاوکاری هەن کە دەتوانین پێشکەشی ئەم دەریاوانانەی بکەین، لە زانیاری هەواڵگری لەسەر ئەوەی شتەکان لە کوێن و لە کوێ نین، توانای بەرگری، درۆن و وێنەگرتن بۆ هاوکاری لە رێدۆزینەوە، هەروەها ناوەندی هاوئاهەنگی بۆ دابینکردنی نوێترین زانیارییەکان. کەواتە ژمارەیەک شت هەن کە پێشکەشی دەکەین، پێموایە دوو لە کەشتییە تێکشکێنەرەکانمان (Destroyers) ئەم بەیانییە بە گەرووەکەدا تێپەڕین بۆ هاوکاری لەو بابەتانەدا. بەڵام دەمەوێت روون بم، ئەمە میکانیزمێکی بەرگری و مرۆییە. سوپاس.
رووداو: هیوادارم بووم جەنابی باڵیۆز کەمێکی دیکە قسە بکەیت لەسەر ئەوەی ئایا دەزانیت ئەمە چۆن دەکرێت بەردەوام بێت؟ ئایا دەکرێت ئەمە بەشێک بێت لە چارەسەرێکی درێژخایەن؟
باڵیۆز: باشە، ئەوە بەشێکە لەوەی کە لە چوارچێوەی ئازادی دەریایی ئێمەدا دەیبینیت. ئێمە خەریکی داڕشتنی چوارچێوەیەکی درێژخایەنین. دووبارە، ئەوەش بەشێکە لەو بڕیارنامەیە.
ئێمە گفتوگۆی بەردەواممان هەیە سەبارەت بە دۆخی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران. ئەوە ناوەندی کێشەکەیە ئێستا. بەڵام بێ گوێدانە کاتی ئەوە، ئێستا کێشەیەکی دیکەمان هەیە کە لایەنێکی ململانێکە رێڕەوێکی ئاوی نێودەوڵەتی بە مین چاندووە و ئەوەش قبوڵنەکراوە.
دەمانەوێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی کەنداو، کە راستەوخۆ زیانمەند دەبن، لەگەڵمان بن لە راگەیاندنی ئەوەی کە ئەمە نایاسایی و قبوڵنەکراوە. داوا لە ئێران بکەن جیهان ئاگادار بکاتەوە کە ئەو مینانە لە کوێن، تاوەکو ئەو رادەیەی خۆیان دەیزانن، چونکە بڕوامان وایە لە هەندێک حاڵەتدا خۆشیان نازانن، کە ئەمەش بێباکییەکی گەورەترە.
دوای ئەوەش پێدانی مۆڵەت بۆ هاوکاریکردنمان لە پاککردنەوەی ئەو رێڕەو ئاوییانە و سەلامەتکردنیان بۆ گرووپە مەدەنی و نێودەوڵەتییە بێتاوانەکان. هەموو ئەمانە بەشێکن لە بنیاتنانی چارەسەرێکی درێژخایەن، بێگومان بۆ داهاتوو پێویستە ئەمە بکەینە نەریتێک کە هیچ وڵاتێک نەتوانێت کارێکی لەو شێوەیە بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ