سکرتێری گشتیی ناتۆ: ئەورووپییەکان لە پەیامەکەی ترەمپ "تێگەیشتوون"

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

مارک رووتە، سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی ناتۆ رایگەیاند، ئەورووپییەکان پەیامی تووڕەیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایان سەبارەت بە شەڕی ئێران بیستووە و هەنگاوی زیاتر دەنێن. ئەم لێدوانەش دوای ئەوە دێت کە واشنتن بڕیاری کشاندنەوەی پێنج هەزار سەربازی لە ئەڵمانیا راگەیاند.
 
رۆژی دووشەممە، 4ـی ئایاری 2026، لە یەریڤانی پایتەختی ئەرمینیا و بەر لە دەستپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ سەرکردەکانی ئەورووپا، مارک رووتە دانی بە "بێئومێدیی ئەمریکا"دا نا بەرامبەر بەو هاوپەیمانە ئەورووپییانەی کە ئامادە نین بەشداری لە شەڕی دژی ئێراندا بکەن و گوتی: "سەرکردەکانی ئەورووپا لە پەیامەکە تێگەیشتوون. بەڕوونی و بە زوڵاڵی پەیامەکەیان بیستووە."
 
لە کۆبوونەوەی کۆمەڵگەی سیاسیی ئەورووپی کە تێیدا تیشک خرایە سەر هەڕەشە ئەمنییەکانی پەیوەست بە جەنگەکانی ئۆکراینا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، رووتە جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتانی ئەورووپی لە رێگەی رێککەوتنە دووقۆڵییەکانی نێوانیان و بە دروستکردنی بنکەی سەربازی و دابینکردنی پاڵپشتیی لۆجستی، "هەنگاوی زیاتر دەنێن، رۆڵی ئەورووپا گەورەتر دەکەن و ناتۆش بەهێزتر دەکەن."
 
هەنگاوەکەی پێنتاگۆن بۆ کشاندنەوەی هێزەکانی لە ئەڵمانیا لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئەورووپا بەهۆی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە گرژیی زۆری تێکەوتووە؛ هەرچەندە رۆژی یەکشەممە فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا جەختی لەوە کردەوە کە کشانەوەی ئەمریکییەکان لە ئەڵمانیا "هیچ پەیوەندییەکی نییە" بە ناکۆکییەکانی ئەم دواییەی لەگەڵ ترەمپ لەسەر ئەو ململانێیە.
 
کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند کە "کاتی" راگەیاندنی ئەم بڕیارە "چاوەڕواننەکراو" بووە.
 
کالاس لە یەریڤان بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ماوەیەکی زۆرە باسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەورووپا دەکرێت. بەڵام بێگومان کاتی راگەیاندنی ئەم بڕیارە جێگەی سەرسوڕمان بوو."
 
هەروەها گوتی: "پێموایە ئەمە دەریدەخات کە دەبێت بەڕاستی کۆڵەکەی ئەورووپی لەنێو ناتۆدا بەهێزتر بکەین و کاری زیاتر بکەین." جەختیشی کردەوە کە "هێزەکانی ئەمریکا تەنیا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەورووپا لێرە نین، بەڵکو بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاشن."
 
لە بەرامبەر ترس و نیگەرانییەکان لە پابەندبوونی ترەمپ بە ناتۆ و هەروەها هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، ئەورووپا خەرجییە سەربازییەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو زیادکردووە. ئەمەش هەنگاوێکە کە چەندین سەرکردە لە پایتەختی ئەرمینیا جەختیان لێ کردەوە.
 
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا گوتی: "ئەورووپییەکان چارەنووسی خۆیان دەگرنە دەست، خەرجییەکانی بەرگری و ئاسایشیان زیاد دەکەن، هەروەها چارەسەری هاوبەش بۆ خۆیان بونیاد دەنێن."
 
ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپاش بە رۆژنامەڤانانی گوت: "پێویستە توانا سەربازییەکانمان بەهێزتر بکەین بۆ ئەوەی بتوانین بەرگری لە خۆمان بکەین و خۆمان بپارێزین."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: AFP

ترەمپ 'پڕۆژەی ئازادی'ی بۆ ئازادکردنی کەشتییەکانی تەنگەی هورمز راگەیاند

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بەیانیی رۆژی دووشەممە دەستپێشخەریی "پڕۆژەی ئازادی" بۆ رزگارکردن و رێنوێنیکردنی ئەو کەشتییە بازرگانییانە دەستپێدەکات کە لە تەنگەی هورمزدا گیریان خواردووە؛ هۆشداریی ئەوەشی دا کە هەر دەستوەردانێک لەم پرۆسەیەدا بە تووندی وەڵام دەدرێتەوە.