رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی ئەورووپا لە راپۆرتی ئەم ساڵدا سەبارەت بە تورکیا، ستایشی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە و دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپەی کرد بۆ ئەو پێشکەوتنانەی لە پرۆسەی چارەسەرکردنی کێشەی کورد بەدەستهاتوون.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، رۆڵی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و رێبازی بنیاتنەری سەرۆکی مەهەپە "دەرفەتێکی گرنگ"ـی رەخساندووە و بە پێشەنگایەتیی پەرلەمانی تورکیا داوای دەستپێکردنی پرۆسەیەکی بەرفراوان بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد کرا.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە: "بانگەوازی ئەم دواییەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ دانانی چەک و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و پەیوەستبوون بە پڕۆسەی ئاشتییەوە، هەنگاوێکی مێژوویی و چاوەڕوانکراوە. ئەم پێشهاتانە توانای کۆتاییهێنان بە قۆناخێکی تووندوتیژیی 40 ساڵەی هەیە کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 40 هەزار کەس."
پەرلەمانی ئەورووپا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو رێبازە بنیاتنەرەی کە دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە دەستیپێکردووە و لەلایەن سەرکردە سیاسییەکانی دیکەوە پاڵپشتی دەکرێت بۆ ئاسانکاری ئەم پێشهاتانە، پێدانی مۆڵەت بۆ سەردانی شاندی دەم پارتی بۆ زیندانی ئیمراڵی و راوێژکاری بەرفراوانی ئەم پارتە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکە جێگەی دەستخۆشییە.
"ئەمە دەرفەتێكی گرنگە و پێویستە دوای ئەوە بە رۆڵی پێشەنگی پەرلەمانی تورکیا بە رەچاوکردنی لایەنی سیاسی، کۆمەڵایەتی، دیموکراسی و ئەمنیەتی، بۆ چارەسەری ئاشتیانە و بەردەوامی پرسی کورد، پرۆسەیەکی فراوان دەستپێبکرێت". بەگوێرەی راپۆرتەکە
راپۆرتەکە دەستپێشخەریی نوێ بۆ چارەسەری پرسی کورد بە ئەرێنی پەسن دەدات، بەڵام سەرکۆنەی "بەردەوامی بەئامانجکردنی لایەنە سیاسییەکان و ئەندامانی ئۆپۆزسیۆن و بەرکەوتنیان بە گوشاری زیادەڕۆیی دەکات".
دەشڵێت: "دەستگیرکردن و دوورخستنەوەی سەرۆکی شارەوانیی ناوچەکانی شیشلی و بەیلیکدوزوی ئیستەنبووڵ، لەگەڵ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ بە 'مەسەلەی خەم و پەژارەیەکی نائاسایی' وەسف دەکرێت."
راپۆرتەکە هەروەها پابەندبوونی تورکیا بە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا وەک وڵاتێکی ئەندامی ئەنجوومەنی ئەورووپا وەبیر دەهێنێتەوە. بەو پێیەی بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا سەبارەت بە عوسمان کاڤاڵا، کارسازی تورک، سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکانی پێشووتری هەدەپە جێبەجێ ناکرێن.
لە راپۆرتەکەدا باس لەوە دەکرێت، تورکیا لەبەردەم ئەنجوومەنی ئەورووپادا رووبەڕووی پێشێلکاری دەبێتەوە.
داوا لە کۆمیسیۆنی ئەورووپا و وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا دەکرێت، هەموو کەناڵە دیپلۆماسییەکان بەکاربهێنن بۆ دڵنیابوون لەوەی تورکیا بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا جێبەجێ دەکات و پابەندبوون بەم بڕیارانە وەک مەرجێکی سەرەکی بۆ ئەوەی هاوکاری دارایی پێشکێش بە تورکیا بکرێت لەبەرچاو بگرن.
لە راپۆرتەکەدا هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، دانوستاندنەکانی تورکیا بۆ چوونە نێو یەکێتیی ئەورووپا لە ساڵی 2018 ـەوە بە شێوەیەکی کاریگەر وەستاون.
سەرەڕای ئەوەی ئەنقەرە پابەندبوونی بۆ بە ئەندامبوون لە یەکێتیی ئەورووپا نیشانداوە، بەڵام یەکێتیی ئەورووپا دەڵێ: لەبارەی ئەو بەها و چوارچێوە نەگۆڕانەی کە بنەمای پرۆسەی ئەندامێتی پێکدەهێنن، کەلێنی نێوان هەردوولا قووڵتر دەبێتەوە و بەهۆی هەلومەرجی سیاسی و یاسایی لە تورکیا، پرۆسەکە ناتوانێت بەرەو پێشەوە بچێت.
ئەو راپۆرتەی ئامادە کراوە، رۆژی حەوتی ئایار، لە دانیشتنی گشتیی پەرلەمانی ئەورووپا لە ستراسبۆرگ گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ