رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا پڕۆژەیاسای بودجەی بەرگریی وڵاتەکەی (NDAA) بە گوژمەی 901 ملیار دۆلار پەسند کرد و رەوانەی سەر مێزی دۆناڵد ترەمپی کرد؛ پڕۆژەیاساکە بڕگەیەکی تێدایە کە تێیدا رێگەپێدانی بەکارهێنانی هێزی سەربازی لە دژی عێراق هەڵدەوەشێنێتەوە.
رۆژی چوارشەممە 17-12-2025، ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بە زۆرینەی 77 دەنگی بەڵێ بەرامبەر بە 20 دەنگی نەخێر، بودجەی ساڵانەی بەرگریی وڵاتەکەی پەسند کرد. یەکێک لە گرنگترین بڕگەکانی نێو ئەم پڕۆژەیاسا هەستیارە، هەڵوەشاندنەوەی فەرمی "رێگەپێدانی بەکارهێنانی هێزی سەربازی (AUMF)"ـە کە لە ساڵانی 1991 و 2002 بۆ جەنگی کەنداو و جەنگی عێراق بە حکومەتی ئەمریکا درابوو.
ئەم بڕیارە، رێگەی بە ئیدارەی جۆرج دەبڵیو بوش دا، بۆ ئەوەی لە ساڵی 2003 هێرشبکاتە سەر عێراق، ئەمە لە کاتێکدایە لە ئەیلوول ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر هەمان پڕۆژەبڕیار دا.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، "پێشوازی لە دەنگدانە مێژووییەکەی کۆنگرێسی ئەمریکا دەکەین بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێگەپێدانی بەکارهێنانی هێزی سەربازی لە دژی عێراق. ئەو بڕیارە ئاماژەیە بۆ گۆڕانی بۆچوونی یاسادانەرانی ئەمریکا."
وەزارەتی دەرەوە هەروەها رایگەیاند: " ئەو هەنگاوە خاڵێکی سەرەکییە لە گۆڕانی سرووشتی یاسایی پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات. چاومان لەوەیە دۆناڵد ترەمپ واژۆ لەسەر یاساکە بکات."
بەپێی پڕۆژەیاساکە، رێگەپێدانی ساڵی 2001 بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی (AUMF) کە دوای هێرشەکانی 11ی سێپتێمبەر دەرکرا و بووە بناخەی "شەڕی جیهانی دژی تیرۆر"، وەکو خۆی دەمێنێتەوە و کاری پێدەکرێت.
لە بنەڕەتدا ئەم بڕیارە بۆ بەکارهێنانی هێز بوو "دژی ئەو وڵات، رێکخراو یان کەسانەی" کە پلانی هێرشەکانیان داڕشتبوو یان هاوکاریی ئەنجامدەرانیان کردبوو، ئەمەش بووە بنەمای یاسایی بۆ لەشکرکێشیی ئەمریکا بۆ سەر ئەفغانستان بە ئامانجی لێدانی رێکخراوی قاعیدە و حکومەتی تاڵیبان.
لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا، ئیدارە یەک لە دوای یەکەکانی ئەمریکا ئەم رێگەپێدانەیان بۆ پاساودانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دەیان وڵاتی جیهاندا بەکارهێناوە.
کۆنگرێس رێگەپێدانی ساڵی 2002ـی پێش داگیرکردنی عێراق لە ئاداری 2003 پەسند کرد، کە بووە هۆی رووخاندنی دەسەڵاتی سەدام حوسێن؛ رێگەپێدانی ساڵی 1991ـیش لە کاتی جەنگی کەنداودا پەسند کرابوو.
لە ساڵی 2020دا، ترەمپ رێگەپێدانی ساڵی 2002ـی وەکو بەشێک لە پاساوی یاسایی بۆ هێرشێکی ئاسمانی بەکارهێنا کە تێیدا قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، لە بەغدا کوژرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ