رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ڤەنزوێلا وەڵامی دۆناڵد ترەمپی دایەوە و رەتیکردەوە گەمارۆکانی ئەمریکا کاریگەرییان لەسەر هەناردەکردنی نەوتەکەیان هەبووبێت، جەختیش دەکاتەوە کە جووڵەی نەوتهەڵگرەکان ئاساییە.
کۆمپانیای نەوتی (PDVSA)ـی ڤەنزوێلا، کە کۆمپانیایەکی حکومییە، رۆژی چوارشەممە رایگەیاند: "پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان بەشێوەیەکی ئاسایی بەردەوامە. کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی PDVSA لە گەشتەکانیان بەردەوامن."
"گەورەترین هێزی دەریایی لە مێژوودا"
رۆژی سێشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو: "گەمارۆی تەواوەتی و گشتگیر" دەخاتە سەر هەموو ئەو نەوتهەڵگرە سزادراوانەی دێنە نێو ڤەنزوێلا یان لێیەوە دەردەچن.
ترەمپ بە ئاماژەکردن بە بوونی هێزێکی سەربازیی زەبەلاحی ئەمریکا لە دەریای کاریبی، لەنێویاندا گەورەترین فڕۆکەهەڵگری جیهان، هۆشداریدا کە: "ڤەنزوێلا بە تەواوی گەمارۆدراوە بە گەورەترین کەشتیگەل (Armada) کە تاوەکو ئێستا لە مێژووی ئەمریکای باشووردا نێردرابێت."
ترەمپ، گوتیشی: "رژێمی ناشەرعیی مادورۆ نەوتی ئەو کێڵگە نەوتییە دزراوانە بۆ دابینکردنی دارایی خۆی، تیرۆری مادە هۆشبەرەکان، بازرگانیکردن بە مرۆڤ، کوشتن و رفاندن بەکاردەهێنێت."
پێش ئەم بڕیارە نوێیە و دوای چەندین هەفتە لە فڕینی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بەسەر کەناراوەکانی ڤەنزوێلا و کردنی چەندین هێرشی کوشندە بۆ سەر ئەو بەلەمانەی کە گوایە بازرگانییان بە ماددەی هۆشبەرەوە کردووە و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 90 کەس، ئیدارەی ترەمپ هێرشەکانی زیاتر کردووە و دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگردا گرت کە لەو وڵاتەی ئەمریکای باشوور دەردەچوو.
هەرچەندە ئەمریکا پێشتر سزای قورسی بەسەر کەرتی نەوتی ڤێنزوێلادا سەپاندووە، بەڵام سەپاندنی گەمارۆی دەریایی و دەستبەسەرداگرتنی راستەوخۆی هەناردەکانی دەکرێت ئابوورییە شەکەتەکەی ئەو وڵاتە بە تەواوی ئیفلیج بکات، چونکە داهاتی سەرەکیی ڤێنزوێلا پشتی بە فرۆشتنی نەوت بەستووە.
سوپای ڤەنزوێلاش کە پاڵپشتی لە نیکۆلاس مادورۆی سەرۆکی وڵاتەکە دەکات، رایگەیاندووە بەو جووڵانە "نەترسێندراون."
کۆمپانیا نەوتییەکە لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەیدا دەڵێ: "هیچکام لەم دەستدرێژییانە سەرکەوتوو نەبوون لەوەی توانای کارکردنمان یان ورەی کرێکارەکانمان کەمبکەنەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ