رووسیا رۆبلۆکس لە منداڵان قەدەخە دەکات

05-12-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
وێنەی پۆستەرێکی یاریی رۆبلۆکس
وێنەی پۆستەرێکی یاریی رۆبلۆکس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دەسەڵاتدارانی رووسیا بڕیاریانداوە سنوورێک بۆ پلاتفۆرمی "رۆبلۆکس"ـی ئەمریکی دابنێن. بە گوێرەی لێدوانی بەرپرسانی ئەو وڵاتە، ئەم سەکۆیە بووەتە شوێنێک بۆ بڵاوکردنەوەی "پڕوپاگەندەی هاوڕەگەزخوازی" و هاندانی منداڵان بۆ "تاوان و تووندووتیژی"، ئەوەش وایکردووە وەک مەترسییەک بۆ سەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی سەیر بکرێت.
 
نیگەرانییەکان لە مۆسکۆ تەنیا لەسەر ناوەڕۆکەکە نییە، بەڵکو پەیوەستە بە پابەندنەبوونی کۆمپانیاکە بە یاسا نێوخۆییەکانی رووسیا.
 
کسێنیا میشۆنۆڤا، کۆمیسیاری مافی منداڵان لە هەرێمی مۆسکۆ دەڵێت: "پلاتفۆرمەکە بیانییە، پابەندی رێسا و یاساکانی رووسیا نییە. لێرەدا دەبێت لەوە تێبگەین کە خەمی سەرەکیی ئێمە بۆ نەوەکانی داهاتوومانە، کە منداڵەکانمانن."
 
رۆبلۆکس تەنیا یارییەک نییە، بەڵکو جیهانێکی کراوەی دیجیتاڵییە کە تێیدا بەکارهێنەران، بەتایبەتی منداڵان و هەرزەکاران، دەتوانن یاریی تایبەت بە خۆیان دروست بکەن و لە رێگەی ژوورەکانی چاتەوە گفتوگۆ لەگەڵ یەکدی بکەن.
 
ئەم بڕیارەی رووسیا لە کاتێکدایە کە پلاتفۆرمەکە بەکارهێنەری ئێجگار گەورەی لەو وڵاتە هەیە. بەپێی ئامارەکان، لە تشرینی یەکەمی ئەم ساڵدا، رۆبلۆکس دووەم بەکارهێنراوترین پلاتفۆرمی یاری بووە لە رووسیا و تەنیا لەو مانگەدا هەشت ملیۆن کەس بەکاریانهێناوە.
 
شارەزایانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی دان بەوەدا دەنێن کە مەترسی هەیە، بەڵام پێیان وایە ئەمە سرووشتی هەموو تۆڕێکی کۆمەڵایەتییە.
 
ستانیسلاڤ سێلێزنێڤ، شارەزای ئاسایشی ئەلیکترۆنی لە رووسیا باس لەوە دەکات: "راستە منداڵان پەیوەندی لەگەڵ یەکدی دەکەن. بەڵام هەندێکجار هەندێک کەسی بەڕاستی خراپەکار خۆیان دەخزێننە نێو منداڵان. لە وڵاتانی جیاجیاشدا باس لەمە دەکرێت. بەڵام ئەمانە لایەنە خراپەکانی هەر تۆڕێکی کۆمەڵایەتین."

 

 
لە ئاستی جیهاندا، رۆبلۆکس رۆژانە نزیکەی 100 ملیۆن بەکارهێنەری چالاکی هەیە. ئامارەکانی ساڵی 2024 دەریدەخەن کە نزیکەی 40%ـی بەکارهێنەرانی ئەو پلاتفۆرمە تەمەنیان لە خوار 13 ساڵەوەیە، کە ئەمەش هەستیاریی بابەتەکەی زیاتر کردووە.
 
رووسیا یەکەم وڵات نییە کە دەرگا لەسەر رۆبلۆکس دادەخات؛ پێشتر وڵاتانی وەکو قەتەر، تورکیا و عێراق بەهۆی هەمان نیگەرانیی پەیوەست بە سەلامەتیی منداڵان و پاراستنی بەها کۆمەڵایەتییەکان، بڕیاری قەدەخەکردنی یارییەکەیان دابوو.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ساتی هێرشکردنە سەر تارانی پایتەختی ئێران لە پەنجەرەی ماڵێکەوە. وێنە: AFP

جەنگی ئەمریکا لەگەڵ ئێران چۆن دەستی پێکرد؟

هەفتەیەک بەسەر جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران تێدەپەڕێت، پرسیارێکی سەرەکی بەسەر گفتوگۆی سیاسی لە واشنتن و دەرەوەی واشنتنیش دا زاڵە، ترەمپ چۆن ئەو بڕیارەیدا؟ تاوەکو چ رادەیەک ئیسرائیل کاریگەریی هەبوو لەسەر بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ چوونە نێو شەڕەکەوە؟ زنجیرەی ئەو رووداوانەی بوونە هۆی هەڵگیرسانی جەنگەکە دەگەڕێنەوە بۆ زیاتر لە ساڵێک لەمەوبەر، کە بریتین لە گوشارە بەردەوامەکانی بنیامین نەتەنیاهوو، گۆڕانی بەردەوام لە راپۆرتە هەواڵگرییەکان لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و، زنجیرەیەک لێکدانەوەی ستراتیژی و سیاسی لەنێو کۆشکی سپی دا. دەرئەنجامەکەش یەکەم هەڵمەتی سەربازیی هاوبەشی راستەوخۆی ئەمریکا و ئیسرائیل بوو دژی ئێران، کە هەنگاوێکە دەرئەنجامی قووڵی بۆ سەقامگیریی ناوچەکە و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا هەیە.