راپۆرتێک: ترەمپ بە نهێنی تاوتوێی ناردنی هێزی وشکانی بۆ ناو ئێران دەکات

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەگوێرەی راپۆرتێک دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پشت پەردە و لە کۆبوونەوە تایبەتەکانیدا ئارەزوویەکی جیدیی نیشانداوە بۆ رەوانەکردنی هێزی وشکانیی سوپای وڵاتەکەی بۆ ناو خاکی ئێران. ئەمە لە کاتێکدایە تاوەکو ئێستا جەنگەکە تەنیا لە چوارچێوەی هێرشی ئاسمانی و دەریاییدا ماوەتەوە.
 
ئاژانسی هەواڵیی ئێن بی سی نیوزی ئەمریکی، لەسەر زاری دوو بەرپرسی ئەمریکی و سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گفتوگۆکان نووسیویەتی، "ترەمپ باسی لە داگیرکردنی سەربازیی بەرفراوان (وەک ئەوەی لە ساڵی 2003 لە عێراق روویدا) نەکردووە. بەڵکو سەرنجی سەرۆک لەسەر ناردنی ژمارەیەکی دیاریکراو و سنووردار لە هێزەکانە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکی ستراتیژیی وەک پاراستنی بنکە ئەتۆمییەکان، دڵنیابوونەوە لە پاشەکەوتی یۆرانیۆمی ئێران و کۆنتڕۆڵکردنی کێڵگە نەوتییەکان."
 
ئێن بی سی نیوز ئاماژە بەوە دەکات، ترەمپ لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ یاریدەدەرەکانی، وێنای "ئێرانی دوای جەنگ"ـی کردووە. سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت "هەمان مۆدێلی ڤەنزوێلا لە تاران دووبارە بکاتەوە؛" واتە پشتگیریکردن لە سەرکردایەتییەکی نوێ کە ئامادەی هاوئاهەنگی بێت لەگەڵ واشنتن لەسەر بەرهەمهێنانی نەوت و دۆسیە ئەتۆمییەکە، هاوشێوەی مامەڵەکردن لەگەڵ دێلسی رۆدریگێز، سەرۆکی ئێستای ڤەنزوێلا کە دوای لادانی نیکۆلاس مادورۆ لە سەرەتای ئەم ساڵدا، بووە هاوپەیمانی ئەمریکا.
 
کارۆلین لێڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی راپۆرتەکەی بە "پشتبەستوو بە سەرچاوەی نەناسراو" وەسف کرد کە بەشێک نین لە تیمی ئاسایشی نیشتمانی. لێڤیت گوتی: "سەرۆک ترەمپ هەمیشە بە ژیری هەموو بژاردەکان بە کراوەیی دەهێڵێتەوە، بەڵام هەرکەسێک بیەوێت وا نیشان بدات کە بڕیارێکی دیاریکراو دراوە، جێگەی لەسەر مێزی گفتوگۆکان نییە."
 
هەرچەندە ترەمپ لە هەڤپەیڤینێکی ئەم هەفتەیەدا لەگەڵ (New York Post) گوتبووی، "رەنگە پێویستمان بە هێزی وشکانی نەبێت،" بەڵام راشیگەیاندبوو کە "ئەگەر پێویست بێت، من وەک سەرۆکەکانی دیکە نیم و ئەو بژاردەیە رەتناکەمەوە." 
 
لەوکاتەوەی جەنگ دەستیپێکردووە، 6 سەربازی ئەمریکی کوژراون و 18ـی دیکەش بریندار بوون. 
 
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە وەڵامی ئەم راپۆرتەی ئێن بی سی نیوزدا بە تۆم لاماس، پەیامنێری کەناڵەکەی گوت: "ئێمە چاوەڕێی هێزە وشکانییەکانی ئەمریکا دەکەین. دڵنیاین کە دەتوانین رووبەڕوویان ببینەوە و ئەوە دەبێتە کارەساتێکی گەورە بۆ ئەوان. ئێمە خۆمان بۆ هەموو سیناریۆیەکی خراپ ئامادە کردووە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا

ترەمپ: خۆبەدەستەوەدانى بێ مەرج واتە لەنێوبردنى تەواوەتیی تواناى سەربازیی ئێران

سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، مەبەستی لە "خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرج" بۆ ئێران، تەنیا راگەیاندنێکی فەرمی نییە، بەڵکو دەکرێت بە واتای لەنێوبردنی تەواوەتیی توانای سەربازیی ئەو وڵاتە بێت تاوەکو ئەو ئاستەی چیدیکە نەتوانێت شەڕ بکات