80 ساڵ بەسەر کارەساتی هێرۆشیما تێدەپەڕێت؛ "10 - 20 ساڵی دیکە هیچ شایەتێکی رووداوەکە نامێنێت"

06-08-2025
سیروان عەباس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

80 ساڵ بەسەر کارەساتی هێرۆشیمادا تێدەپەڕێت، کارەساتێک کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا وێنەی نەبووە. هێرشەکە بە چەکی ئەتۆم بوو و لەلایەن ئەمریکاوە کرایە سەر شارەکانی هێرۆشیما و ناکازاکی لە ژاپۆن.
 
لەگەڵ کەمبوونەوەی ژمارەی رزگاربووان و تێکڕای تەمەنیان کە ئێستا لە 86 ساڵ تێپەڕیوە، ئەوان رووداوەکە بە دیارترین و کارەساتبارترین رووداوەکانی ژیانیان دەزانن.
 
"10 بۆ 20 ساڵی دیکە هیچ کەسێک لە رزگاربووانی هێرۆشیما لە ژیاندا نامێنێت"
 
مینۆرو سوزوتۆ، رزگاربوویەکی تەمەن 94 ساڵە، دوای ئەوەی لەسەر ئەژنۆ دانیشت بۆ نزاکردن لە مۆنۆمێنتی یادەوەرییەکەدا، گوتی، "لە 10 یان 20 ساڵی دیکەدا، هیچ کەسێک نامێنێتەوە بۆ گواستنەوەی ئەم ئەزموونە خەمناک و ئازاربەخشە. هەربۆیە دەمەوێت ئەوەندەی دەتوانم چیرۆکەکەم بگێڕمەوە."
 
بۆردوومانی هێرۆشیما لە 6ی ئابی 1945 شارەکەی وێران کرد و بووە هۆی کوژرانی 140 هەزار کەس. بۆمبی دووەم کە سێ رۆژ دواتر خرایە خوارەوە بۆ سەر ناگازاکی، 70 هەزار کەسی دیکەی کوشت. ژاپۆن لە 15ی ئابدا خۆی بەدەستەوەدا، کە بووە هۆی کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی دووەم و نزیکەی نیو سەدە لە لەشکرکێشییەکان ژاپۆن لە ئاسیا.
 
کازومی ماتسوی، سەرۆکی شارەوانیی هێرۆشیما مەترسیی بەکارهێنانەوەی چەکی ئەتۆم لە جیهان ناشارێتەوە و، هۆشداری دەدات لەبارەی قبووڵکردنی رۆژ لەدوای رۆژی پەرەپێدانی سەربازی و بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە جیهان، بەتایبەت لە جەنگی رووسیا لە ئۆکرانیا و ململانێکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە کاتێکدا ئەمریکا و رووسیا خاوەنی زۆربەی کڵاوە ئەتۆمییەکانی جیهانن.
 
کازومی گوتی، "ئەم پێشهاتانە بە ئاشکرا ئەو وانانە پشتگوێ دەخەن کە دەبوو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە کارەساتەکانی مێژووەوە فێری ببوایە. ئەوان هەڕەشە لەو چوارچێوە ئاشتییانە دەکەن کە زۆر کەس کاری زۆریان بۆ بۆ بنیاتنانی کردووە."
 
ئەو داوای لە نەوەکانی داهاتوو کرد کە دان بەوەدا بنێن، "سیاسەتە چەواشەکارانەکان"ی لەو جۆرە دەتوانن ببنە هۆی دەرەنجامی "تەواو نامرۆڤانە" بۆ داهاتوویان.
 
"کاتێکی زۆرمان لەبەردەمدا نەماوە"
 
رێکخراوی نیهۆن هیدانکیۆ، کە ڕێکخراوێکی ژاپۆنییە و لە رزگاربووان پێکدێت و پار خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی وەرگرت بۆ هەوڵەکانی لەپێناو نەهێشتنی چەکی ئەتۆمی، رایگەیاند: "کاتێکی زۆرمان لەبەردەمدا نەماوە، لە کاتێکدا رووبەڕووی هەڕەشەیەکی ئەتۆمیی گەورەتر لە هەموو کاتێک بووینەتەوە."
 
رێکخراوەکە لە بەیاننامەکەیدا گوتی: "گەورەترین ئاڵنگاریی ئێمە ئەوەیە کە گۆڕانکارییەک، تەنانەت کەمێکیش بێت، لەو وڵاتانەدا دروست بکەین کە خاوەنی چەکی ئەتۆمین، بەڵام گوێمان لێ ناگرن."
 
نزیکەی 55 هەزار کەس کە نوێنەری 120 وڵاتی جیهانی تێدابوو، بەشدارییان لە یادکردنەوەی هێرشەکانی هێرۆشیما و ناکازاکی کرد. کاژێر 08:15ی بەیانی، زەنگی ئاشتی لێدرا کە هەمان ئەو کاتە بوو بۆمبەکە بە فڕۆکەیەکی B-29ی ئەمریکی بەسەر هێرۆشیمادا بەردرایەوە.
 
شیگەریرۆ ئیشیبا، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن، سەرۆکی شارەوانیی شارەکە و بەرپرسانی دیکە تاجەگوڵینەیان لەسەر مۆنۆمێنتی یادەوەرییەکە دانا. دەیان کۆتری سپی (هێمای ئاشتی)، دوای وتارەکەی سەرۆکی شارەوانی ئازاد کران.
 
کازوو میۆشی، خانەنشینێکی تەمەن 74 ساڵ، چووبوو بۆ رێزگرتن لە باپیرەی و دوو ئامۆزای کە لە بۆردوومانەکەدا گیانیان لەدەستدابوو، ئەو نزای کرد کە ئەو "هەڵەیە" هەرگیز دووبارە نەبێتەوە. میۆشی گوتی، "پێویستمان بە چەکی ئەتۆمی نییە."
 
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز: هیوایەک هەیە لە پابەندبوونی وڵاتان بە جیهانێکی بێ ئەتۆم
 
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە پەیامێکدا کە لەلایەن ئیزومی ناکامیتسو، جێگری سکرتێری گشتی و نوێنەری باڵای کاروباری چەکداماڵین خوێندرایەوە، گوتی، "هیوایەک هەیە، لە پابەندیی وڵاتان بە جیهانێکی بێ چەکی ئەتۆمی لە 'پەیمانی داهاتوو'دا کە پار پەسەند کرا."
 
گۆتێرێز جەختی لە گرنگیی گواستنەوەی شایەتیی رزگاربووان و پەیامی ئاشتی کردەوە و گوتی: "یادکردنەوەی رابردوو بریتییە لە پاراستن و بنیاتنانی ئاشتی بۆ ئەمڕۆ و داهاتوو."
 
هەندێک لە رزگاربووان گوتیان، نائومێد بوون بەو لێدوانەی ئەم دواییەی دۆناڵد ترەمپ کە پاساوی بۆ هێرشی واشنتن بۆ سەر ئێران لە مانگی حوزەیراندا هێنایەوە بە بەراوردکردنی لەگەڵ بۆردوومانی ئەتۆمیی هێرۆشیما و ناگازاکی، هەروەها نائومێد بوون لە وەڵامی شەرمنانەی حکومەتی ژاپۆن.
 
"پێموانییە لە چەکی ئەتۆمی رزگارمان بێت"
 
کۆسێی میتۆ، مامۆستای پێشووی ئامادەیی تەمەن 79 ساڵ کە کاتێک لە سکی دایکیدا بووە بەر تیشک کەوتووە، گوتی: "شتێکی بێمانایە. پێموانییە بتوانین لە چەکی ئەتۆمی رزگارمان ببێت تاوەکو کاتێک لەلایەن دەستدرێژیکەرەوە پاساوی بۆ بهێنرێتەوە."
 
لە ڤاتیکان، پاپا لیۆی چواردەهەم رۆژی سێشەممە گوتی، نزای ئەوە دەکات 80یەمین ساڵیادی بۆمبی ئەتۆمیی هێرۆشیما "وەک بانگەوازێک بێت بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ نوێکردنەوەی پابەندییەکانیان بۆ بەدیهێنانی ئاشتی بۆ مرۆڤایەتی."
 
شیگەریرۆ ئیشیبا، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن و سەرۆکی شارەوانی هێرۆشیما، لە گوتارەکەیدا داوای لە حکومەتی ژاپۆن کرد کە پەیماننامەی قەدەخەکردنی چەکی ئەتۆمی واژۆ و پەسەند بکات. داوایەک کە لەلایەن چەندین گرووپی رزگاربووانیشەوە دووپاتکرایەوە.
 
ئیشیبا، لە گوتارێکدا، پابەندیی حکومەتەکەی بۆ کارکردن بەرەو جیهانێکی بێ چەکی ئەتۆمی دووپاتکردەوە، بەڵام ئاماژەی بە پەیماننامەکە نەکرد و دیسانەوە ئاماژەی بە پشتیوانیی حکومەتەکەی بۆ خاوەندارێتیی چەکی ئەتۆمی بۆ رێگریکردن کرد.
 
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئیشیبا گوتی: ژاپۆن، کە پەیڕەوی لە پرەنسیپی نائەتۆمی دەکات، لەلایەن دراوسێیەکانییەوە دەورە دراوە کە خاوەنی چەکی ئەتۆمین. گوتیشی "ئەم هەڵوێستە لەگەڵ هەوڵەکانی ژاپۆن بۆ جیهانێکی بێ چەکی ئەتۆمی ناکۆک نییە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە