رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ دەڵێ، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای وڵاتەکەی و ئیسرائیل وایکردووە ئێران "داوای لێبووردن لە دراوسێکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی بکات و خۆی بەدەستەوە بدات"؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئێستا "ئێران دۆڕاوەکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە".
ئەمڕۆ شەممە 7-3-2026 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیەڵ گوتی: "ئێران، کە زۆر بە تووندی لێی دەدرێ، داوای لێبووردنی لە دراوسێکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی کرد و خۆی بەدەستەوە دا و بەڵێنی دا کە چی دیکە هێرش نەکاتە سەریان".
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ، ئێران ئەو بەڵێنەی دا "تەنیا لەبەر هێرشە چڕەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل. ئەوان (بەرپرسانی ئێران) چاویان لەوە بوو دەست بەسەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بگرن و بەڕێوەی ببەن. یەکەمین جارە ئێران لە ماوەی هەزاران ساڵدا بە وڵاتانی دەوروبەری لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەدۆڕێ".
ترەمپ ئاماژە بەوە دەکات کە بەهۆی ئەم ئۆپەراسیۆنەی سوپای ئەمریکاوە، وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەڵێن "سوپاس سەرۆک ترەمپ" و منیش دەڵێم: "شایانی نییە!".
سەرۆکی ئەمریکا دەنووسێت :"ئێران چی دیکە شەقاوەکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نییە، بەڵکو دۆڕاوەکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە و چەندین دەیەی دیکەی دەوێ تاوەکو خۆیان رادەست دەکەن یان، بە ئەگەری زیاتر، بە یەکجاری دەڕووخێن".
ترەمپ هۆشداری دایە "هەندێک ناوچە و گرووپ" کە "بەهۆی رەفتاری خراپ"ی ئێرانەوە تێوەگلاون و دەڵێت: "هەندێ ناوچە و گرووپ لە خەڵک هەن کە تاوەکو ئەمڕۆ بیر لە لێدانیان نەدەکرایەوە"، بەڵام ئێستا زۆر بە وردی هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێ بۆ ئەوەی "بە تەواوی وێران بکرێن و رووبەڕووی مەرگ بکرێنەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ