رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای زیادبوونی گرژییە سەربازییەکان لە ناوچەکە، بەرنامەی جیهانیی خۆراک (WFP) پابەندبوونی خۆی بە پشتیوانیکردنی پەنابەران لە ناو خاکی ئێران دووپات دەکاتەوە. بەپێی دوایین راپۆرتی ئەم رێکخراوە کە تایبەتە بە چالاکییەکانی مانگی نیسانی 2026، تیمەکانی فریاگوزاری بەبێ پچڕان خەریکی گەیاندنی خۆراک و هاوکاریی دارایی بوون بۆ بێدەرەتانترین ئەو پەنابەرانەی لە نێو کەمپەکاندان.
رەوشی پەنابەران؛ ئێران لە نێوان داتا نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکاندا
کۆماری ئیسلامیی ئێران کە وڵاتێکی خاوەن داهاتی مامناوەندی بۆ بەرزە و دانیشتووانەکەی 91 ملیۆن کەس تێدەپەڕێنێت، بە یەکێک لە گەورەترین میواندارەکانی پەنابەر لە جیهاندا دادەندرێت.
بەپێی ئامارەکانی ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR)، نزیکەی 2.5 ملیۆن کەس لە ئێراندا ئاوارە بوون. بەڵام ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی ئێران ژمارەیەکی زۆر گەورەتر نیشان دەدەن و باس لە بوونی 6.1 ملیۆن پەنابەر دەکەن (بەوانەشەوە کە تۆمار نەکراون)، کە زۆربەیان خەڵکی ئەفغانستان و عێراقن و لە ناوچە شارستانییەکاندا دەژین.
بەرنامەی جیهانیی خۆراک جەخت دەکاتەوە، بەهۆی نەبوونی هیچ بژاردەیەکی گەڕانەوە بۆ وڵاتەکانیان، بەردەوامیی هاوکارییەکان بۆ زیاتر لە 34 هەزار پەنابەری هەژار کە لە 20 کەمپی جیاوازدا لە سەرتاسەری ئێران دەژین، بووەتە کارێکی گرنگ و ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت.
نوێترین گۆڕانکارییە مەیدانییەکان و ئاستەنگە کارگێڕییەکان
لە کاتی هەڵکشانی گرژییەکان لە ناوچەکەدا، ناوەندی کاروباری بیانییەکان و کۆچبەرانی بیانی (CAFIA) بۆ ماوەیەکی کاتی پڕۆسەی راییکردنی بەڵگەنامەکانی راگرت، بەڵام راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئێستا پڕۆسە کارگێڕییەکان دەستیان پێکردووەتەوە.
وەک بەشێک لە پلانی نوێ، بڕیارە حەوت هەزار پەنابەری نوێ بخرێنە ناو لیستی هاوکارییەکان. تەنیا لە مانگی نیساندا، 829 کەسی دیکە بۆ لیستی وەرگرتنی ئاردی گەنم زیاد کراون، بەمەش کۆی گشتیی سوودمەندان لەم بەشەدا لە دوای ئاداری 2026ـەوە گەیشتووەتە هەزار و 600 کەس.
هاوکارییە داراییەکان و دابەشکردنی خۆراک
بەرنامەی جیهانیی خۆراک لە مانگی نیساندا لەرێگەی تێکەڵەیەک لە خۆراکی وشک و گواستنەوەی پارەی نەختینە (کاش)، هاوکاریی گەیاندووەتە 34 هەزار و 210 پەنابەری ئەفغانستانی و عێراقی کە لە حەوت هەزار و 562 ماڵبات پێکهاتوون.
وردەکاریی هاوکارییەکان بەم شێوەیە بووە:
1-ئاردی گەنم: زیاتر لە 315 تۆن ئاردی گەنم دابەشکراوە. بەهۆی کەمیی بودجەوە، پشکی هەر کەسێک لە 12 کیلۆگرامەوە بۆ 9 کیلۆگرام کەمکراوەتەوە.
2-پشتیوانی دارایی: بۆ هەر ماڵباتێکی پەنابەر کە پیاو سەرپەرشتی دەکات، مانگانە 8 ملیۆن تمەن (5.7 دۆلار) و بۆ ئەو ماڵباتانەی ژن سەرپەرشتییان دەکات، 9 ملیۆن تمەن (6.4 دۆلار) تەرخان کراوە. جگە لەوەش، نیوەی بڕی ئەو پارەیەی مانگانە دیاریکراوە، وەک هاوکاریی زیادە خراوەتە سەر کارتەکانیان.
3-خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان: 409 پەنابەری خاوەن پێداویستیی تایبەت لە 11 کەمپی جیاوازدا (وەک ساوه، سمنان، رەفسەنجان، جەهروم و بەنی نەجار) مانگانە سێ ملیۆن تمەنی زیادەیان پێدراوە.
4-نەخۆشانی سیلیاک: 57 پەنابەری تووشبوو بە نەخۆشیی سیلیاک، مانگانە نزیکەی 10 ملیۆن تمەنی زیادەیان بۆ دابینکراوە بۆ دابینکردنی جۆری تایبەتی خۆراکەکانیان.
سیلیاک نەخۆشییەکە تێیدا کەسی تووشبوو ئەگەر گلووتین بخوات، کە جۆرێکی پڕۆتینە و لە گەنم و جۆ هەیە؛ سیستمی بەرگریی جەستەی هێرش دەکاتە سەر ریخۆڵەی بچووکی و زیانی پێدەگەیەنن.
پەروەردە و قوتابخانەکان؛ گۆڕانکاری بەهۆی جەنگەوە
بەهۆی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە و گۆڕانی شێوازی خوێندن بۆ سیستمی "لەدوورەوە [بۆ نموونە ئۆنڵاین]،" بەرنامەی جیهانیی خۆراک شێوازی دابەشکردنی ژەمە خۆراکەکانی گۆڕیوە. لەبری ژەمی ناو قوتابخانە، بسکیت و خورما وەک "رێژەی وشک" دراوەتە 8 هەزار و 303 قوتابی و مامۆستا بۆ ئەوەی بیبەنەوە بۆ ماڵەوە. راپۆرتەکە ئاشکرای دەکات، بەهۆی کورتهێنانی بودجە و گرانیی نرخەکانەوە، نەیانتوانیوە "شیر" بۆ قوتابیان دابین بکەن.
هەروەها بۆ هاندانی کچانی پەنابەر بۆ ئەوەی لە خوێندن بەردەوام بن و وازنەهێنن، مانگانە دوو ملیۆن تمەن (1.4 دۆلار) وەک پاداشتی خوێندن دراوەتە دوو هەزار و 615 کچە قوتابی.
پەرەپێدانی بژێوی و داهات
رێکخراوەکە تەنیا هاوکاریی خۆراکی پێشکەش نەکردووە، بەڵکو کاری بۆ خۆبژێویی پەنابەران کردووە. لە 18 کەمپی جیاوازدا، پشتگیری لە 26 پڕۆژەی داهاتساز کراوە کە 315 پەنابەر تێیدا بەشدار بوون و 50٪ـیان ژن بوون. ئەم پڕۆژانە بوارەکانی وەک (لەحیمکردن، بەرگدروونی، نانەوایی و کشتوکاڵ)ـیان گرتووەتەوە.
تەنگژەی بودجە و وڵاتانی بەخشەر
لە رووی داراییەوە، بەرنامەی جیهانیی خۆراک بۆ شەش مانگی داهاتوو (ئایار تاوەکو تشرینی یەکەمی 2026) پێویستی بە 20.7 ملیۆن دۆلار هەیە بۆ بەردەوامبوونی کارەکانی. تاوەکو ئێستا یەکێتیی ئەورووپا، ئەڵمانیا، ژاپۆن و نیوزیلاند لە بەخشەرە سەرەکییەکان بوون، بەڵام هێشتا کەلێنێکی گەورە لە نێوان بودجەی پێویست و بودجەی بەردەستدا هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ