رووداو دیجیتاڵ
تاران رەتیکردەوە هیچ پەیوەندییەکی بە هێرشکردنە سەر کەشتییەکی بارهەڵگری کۆریای باشوور لە تەنگەی هورمز هەبێت. هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند گەیشتن بە رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ "زۆر نزیکە"، بەڵام هۆشداریشی دا کە ئەگەر دانوستاندنەکان شکست بهێنن، دەست بە بۆردوومانکردن دەکەنەوە.
رۆژی پێنجشەممە 7ـی ئایاری 2026، باڵیۆزخانەی ئێران لە سیئۆل رایگەیاند، ئەو تۆمەتانە "بە تەواوی رەتدەکەینەوە" کە دەڵێن هێزە چەکدارەکانی ئێران لە پشت تەقینەوەی کەشتیی (HMM Namu) بوون، کە رۆژی دووشەممە لە کاتی تێپەڕبوونی بە تەنگەی هورمزدا ئاگری گرت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، "لە 24 کاژێری رابردوودا گفتوگۆی زۆرباشمان هەبووە، ئەگەر زۆر هەیە بگەینە رێککەوتن." بەڵام ترەمپ راشیگەیاند، ئەگەر ئێران پابەندی رێککەوتنەکان نەبێت، ئەوا بۆردوومانەکان "بە ئاست و چڕییەکی زۆر بەرزتر" دەستپێدەکەنەوە.
هەڵوێستی ئێران و ناوبژیوانیی پاکستان
ئیسماعیل باقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، پێشنیازەکەی ئەمریکا "لەژێر پێداچوونەوەدایە". لە بەرامبەردا، محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، "واشنتن دەیەوێت لە رێگەی گەمارۆی دەریایی و گوشاری ئابوورییەوە، ئێران ناچار بە خۆبەدەستەوەدان بکات."
هاوکات، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان کە وەک نێوەندگیرێکی سەرەکی دەردەکەوێت، گەشبینی خۆی نیشان دا کە ئەم هەوڵانە ببنە هۆی "ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا".
فەرەنسا دێتە ناو هێڵەکەوە
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێرانی راگەیاند، هێرشەکان بۆ سەر کەشتییەکان "بێ پاساون" و داوای کرد گەمارۆی سەر تەنگەی هورمز "بەبێ مەرج" لابرێت.
لە لایەکی دیکەوە، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری (شارل دیگۆل)ی فەرەنسی بەرەو دەریای سوور بەڕێکەوتووە، وەک ئاماژەیەک بۆ ئامادەیی هێزە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی دەریاوانی لە تەنگەی هورمزدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ