سێ گەنج لە سوێد دەکوژرێن

09-03-2015
کاوە ئەمین گوڵچین
نیشانەکردن سوێد کورد کوشتن
A+ A-

رووداو - سوێد

هێشتا بەتەواوەتی رووننەبووەتەوە کێ لە پشت کوشتنی سێ گەنجی دانیشتووی شارۆچکەی ئودڤاڵاوەیە.


دوو کوڕ و کچێکی گەنج شەوی شەممە لە کردەوەیەکی تەمومژاویدا کوژران. کوڕەکان (ئالا فەرەج) ٢١ ساڵ و (رەوەند عەزیز) ٢٢ ساڵن. کچەکەش ١٨ ساڵە کە دۆستی رەوەند بووە.

دانیشتووانی ئەو شارۆچکەیە لە دڵەڕاوکێدان و ئەوانەی تەلەفزیۆنی سوێدی قسەی لەگەڵ کردوون، بیر لەوە دەکەنەوە کە ئەگەر بۆیان بگونجێت دەچنە شارێکی دیکە دەژین.

رەندی عەزیز، برای رەوەند بۆ ماڵپەری ئافتونبلادتی قسەی کردووە و دەڵێت "خزمان و دۆستەکانمان پۆل پۆل دێن و سەردانمان دەکەن و دڵمان دەدەنەوە، ناتوانم چۆنتان پێ بڵێم لە چ حاڵێکدام، هەموو شتێک لای من سەر و بن بووە".

دوانیوەڕۆی یەکشەممە، پۆلیس دوو کەسی دەستگیرکردووە کە برای یەکن و بە تۆمەتی کوشتنی ئەو سێ گەنجە دەستگیرکراون.

پێشتر رەوەند عەزیز لەسەر شەڕ و لێدان لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە. براکەی رەوەند دەڵێت "کەس دووژمنی براکەمان نەبووە".

رەندی عەزیز بۆ رۆژنامەی ئێکسپرێن-یش قسەی کردووە، وەکو زۆر کەسی دیکە نازانێت ئەو شەوەی براکەی و هاوڕێکانی کوژران، چی روویداوە. هەردوو کوڕە کوژراوەکە پێشتر لەسەر تاوانی لێدان، لە ساڵی ٢٠١٢ حوکمدرابوون. لە مزگەتی ئودڤاڵا پرسە بۆ کوژراوەکان دانراوە و خەڵکێکی زۆر بەشدارییان لە پرسەکەدا کردووە.

"ئێستا ئێمە لە خەمێکی قووڵداین. بەتایبەتی دایک و باوکم بە تەواوەتی قەڵەمی ئەژنۆیان شکاوە ، پێموانییە بەتایبەتی دایکم بتوانێت بەرگەی ئەو خەمە بگرێت" رەندی عەزیز وا دەڵێت.

بو هاڵبێری، پارێزەری یەکێک لە دووبرا گیراوەکە بە ئاژانسی هەواڵی TT راگەیاندووە، کە "ئەو بە تەواوەتی رەتیدەکاتەوە دەستی لەو رووداوەدا هەبێت. ئەو هاوڕێی نزیکی کوژاراوەکانە و زۆر نارەحەتە بە کوژرانی هاورێکانی". دادوەر و پۆلیسی ئودڤالا نایانەوێت هیچ لێدوانێک لەسەر دەستگیراوەکان بدەن و تەنیا ئەوەندەیان ئاشکراکردووە کە ئەوانە بە گومانی کوژرانی ئەو سێ کەسە، دەستگیرکراون. بەڵام ئەو دووبرایەش پێشتر لەسەر ئەنجامدانی تاوان حوکمدراون.

پۆلیسی ئودڤاڵا بۆ رۆژنامەی داگینس نیهێتەر دەڵێت "لە ئێستادا گومانمان لەسەر کەسی دیکە نییە، جگە لەو دووبرایەی کە گیراون".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە